ماڵپەڕێكی بەناوبانگی جیهانی: چەقبەستوویی نێوان پارتی و یەكێتی كۆتایی دێت راپۆرت و شیکاری

نوچه‌نێت

ماڵپەڕی كەناڵی سكای نیوزی عەرەبی پێشبینی دەكات، بە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەقبەستوویی نێوان ئەم دوو حزبە كۆتایی بێت و جارێكی تریش سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، جگەلە رێككەوتن هیچ بژاردەیەكی تر لە بەردەم ئەو دوو حزبە نییە.

ئەمڕۆ هەینی سێی ئاداری 2023 ماڵپەڕی سكای نیوزی عەرەبی لە راپۆرتێكدا، باس لە نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی دەكات و پێشبینی دەكات، چەقبەستوویی نێوان ئەم دوو حزبە كۆتایی بێت. لەسەرەتای راپۆرتەكە هاتووە، "چاودێران پێیانوایە گەیشتنی ئەم دوو حزبە بە رێككەوتن لەسەر هەمواركردنەوەی یاسی هەڵبژاردنەكان و پەیڕەوكردنی چوار بازنەیی بۆ پارێزگاكانی هەرێم (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە) تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستوویی و گرژییەیە كە لەنێوان ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارەی كوردستانی عێراق هەیە".

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: جگە لە رێككەوتن حەلی تریان نییە

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وەك هەمیشە دووپات لەسەر رێككەوتن دەكاتەوە

دوێنێ‌ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە كۆڕبەندی دووەمی هەولێر بەشدار بوو، بۆچوونی خۆی لەسەر چەندان پرسی گرنگ خستەڕوو، میدیا عێراقی و عەرەبییەكان بەبایەخەوە بۆچوونەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانیان بڵاوكردووەتەوە، بە تایبەتی ئەو بۆچوونەی كە دووپات لەسەر رێككەوتن و ئاشتەوایی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە كۆڕبەندەكە گوتی، "پارتی و یەكێتی دەیانەوێ‌ رێكبەكەون، چونكە حەلی تریان نییە بۆ كوێ دەڕۆن، ئەگەر رێكنەكەون بەدیلەكەی چییە، من لە كۆنفڕاسێكی تر باسم كردووە، كە گوتیان هەرێمی كوردستان دەبێتە دوو ئیدارەیی، منیش گوتم وەڵا نابێتە دوو ئیدارەیی دەبێتە سفر ئیدارەیی، من دەمەوێ‌ لەوە تێبگەم ئەگەر رێكنەكەون بەدیلی تر چییە؟"

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە میانەی قسەكانی لەسەر پەیوەندی پارتی و یەكێتی ئاماژەی بۆ هەر یەكە لە مەلا بەختیار و سەعدی پیرە كرد كە ئەوانیش لە كۆڕبەندەكە ئامادەبوون و گوتی، "مەلا بەختیار و سەعدی پیرە لێرەن ئەوان دەزانن قۆناغی زۆر زەحمەتترمان لە ئێستا تێپەڕاندووە و گفتوگۆشمان كردووە". سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە ئەو بە دووری دەزانێت توندوتیژی لەنێوان پارتی و یەكێتی لە هەرێمی كوردستان دروست بێت.

خاڵەكانی رێككەوتن چییە؟

وەك لە راگەیێندراوەكان پارتی و یەكێتی لەبارەی هەڵبژاردن رێككەوتن لەسەر چوار خاڵ دەكەن. كە ئەمانان: هەڵبژاردن لە چوار بازنە بكرێت، لیستەكان نیوە كراوە بێت، ژمارەی دەنگدەران بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانی عێراق بێت، هاوئاهەنگی لەگەڵ كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێت. ماڵپەڕی سكای نیوز لە راپۆرتەكەیدا باس لەوە دەكات ئەم رێككەوتنەی پارتی و یەكێتی دەبێتە سەرەتاییەك بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان كە ئەمەیش نەوەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان بۆ عێراق و ناوچەكەیش گرنگە.

عێراقیش خوازیاری رێككەوتنی پارتی و یەكێتیی

غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەكان لە لێدوانێكی بۆ سكای نیوز دەڵێ‌، "گومانی تێدا نییە سەقامگیری پەیوەندی نێوان پارتی و یەكێتی بنەمایەكی سەرەكییە بۆ زامنبوونی ئاسایش و سەقامگیری و هاوبەشی و مافەكانی مرۆڤ و دابەشكردنەوەی دادپەروەرانەی سامان، هەموو ئەمانەیش بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمە".

ئەو توێژەرە عێراقییە لەسەر خستەڕووی گرنگی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی بەردەوام دەبێت و دەڵێ‌، "رێككەوتنی ئەم دوو حزبە واتە هاوپەیمانی بەهێز و جدی لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرەكردنی كێشەكان بە دانانی یاسای نەوت و گاز، چارەسەركردنی مادەی 140، بابەتی پێشمەرگە، درەكردنی یاساییەك بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان".

لەكۆتایی قسەكانیشی غازی فەیسەڵ دەڵێ‌، "بۆ هەموو ئەمانە دەبێت دوای رێككەوتنیان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان ئەوان بۆ رێككەوتنێكی فراوانتر بچن، بۆ زامنكردنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، زامنكردنی هاوسەنگی و هاوپشكی و تەنایی لەنێوان هەرێم و دەسەڵاتی فیدڕالی لە بەغدا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییانەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین