عێراق لەگەڵ ئەمەریكا گفتوگۆ لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی دۆلار دەكات کوردستان- عێراق
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی شاندی حکومەتی عێراق بۆ ئەمریکا، ئەنجامدانی رێککەوتنێکە لەگەڵ واشنتن بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بگەڕێتەوە بۆ پێش ئەم هەڵبەزین و دابەزینەی ئەم دواییە.

ئەمڕۆ هەینی (سێی/ شوبات/ 2023) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، حەوتی ئەم مانگە شاندێکی باڵای حكومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بە بەشداریی نوێنەرانی باڵای کەرتی دارایی و بانکیی عێراق سەردانی واشنتن دەکەن و لەگەڵ "بەرپرسانی باڵای ئەمریکا" و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبنەوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەكرد، كۆبوونەوەكان لەسەر بنەمای چوارچێوەی ستراتیجیی نێوانیان دەبێت، بۆ پێکەوەکارکردن لە کەرتەکانی دارایی و بانکییدا،  دانوستاندن لەسەر چەند میکانزمێک دەکەن. 

گوتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، ئامانجی حکومەتی عێراق لەم سەردانە دانانی سنوورێکە بۆ کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی کۆنترۆڵنەکراوی ئاڵۆگۆڕی بەهای دۆلار لە بازاڕی گشتیدا لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان."

دەربارەی رێكارەكانی حكومەتی عێراقیش سەحاف جەختیکردەوە، كە حکومەت رێکاری ناوخۆیی جیاوازی گرتووەتەبەر، بۆ رێکاری دەرەکیش، وەزیری دەرەوە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گفتوگۆ دەکات بۆ دۆزینەوەی روانگەی هاوبەش لەم بوارەدا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین