ئیدریس بارزانی؛ سیمبۆلى ئاشتەوایی و ئەندازیارى ئاشتى راپۆرت و شیکاری

نوچەنێت:

ئەمڕۆ (36) ساڵ بە سەر کۆچى دوایی سەرکردە و سیاسه‌تمه‌دار ئیدریس مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی، ناسراو به‌ ئیدریس بارزانی تێدەپەڕێت، ئەو سەرکردەیەى جگە لە ڕۆڵە سیاسییە کاریگەرەکەى، دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول لە (1975)دا، توانى سەرکردایەتیى شۆڕشى گوڵان بکات و دووبارە ئاسۆییەکى نوێ بەڕووى کوردستان بکاتەوە، هەروەک سەرۆک بارزانى دەڵێت،"کاک ئیدریس لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی (1975)، بەگیانی پێشکەوتن و داهێنان و بە رەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد. ئەم نسکۆیە هەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر رووداوەکاندا کاری دەکرد.

ئیدریس، کوڕی گەورەی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لە دایکبوو. لە (1962) سكرتێری سه‌رۆك مەلا مستەفا بارزانی بووه‌. لە (1996) دەبێتە به‌رپرسی مه‌كته‌بی سه‌ربازی له‌ نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری و ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش‌. فەرماندەیى چەندین داستانى گەورەى کردووە لەوانە داستانى هەندرێن  لە ئایاری ساڵی (1966) دژ به سوپای عێراق. ئیدریس بارزانى چەندین جار هەوڵى تیرۆرکردنى دراوە، له‌ ٦ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٧٠ له‌ شاری به‌غدا ئۆتۆمۆبیلەكەی دەدرێتە به‌ر‌ ڕێژنه‌ی گولله‌ی سیخوڕانی حزبی به‌عس بەڵام خۆی لەناو ئەو ئۆتۆمۆبیلەدا نابێت و دەربازی دەبێت و جارێکیتر له‌ سه‌ره‌تاى حوزه‌یرانى (1972) هەوڵی تیرۆرکردنی خۆی و باوکی و مەسعود بارزانیی برای  لە ڕێگەی تەقاندنەوەی مادی تی ئێن تییەوە دەدرێت. 

 ئیدریس بارزانى، لە ژیانى سیاسى ڕۆڵى باڵاى هەبووە لە دروستکردنى یەکڕێزى و ئاشتەوایى لە نێو هێزە سیاسییەکان لە باشوورى کوردستان، سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی، له‌ به‌رگی چواره‌می کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد – شۆڕشی گوڵان) دەڵێت، "کاک ئیدریس بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی (1986)، بەو هۆیەشەوە نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا."

فەلەکەدین کاکەیی، وەزیرى پێشووى حکومەتى هەرێم و ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى، لەبارەی کەسایەتیی ئیدریس بارزانییەوە دەڵێت، سنگ فراوانی بۆ مەسەلەی پەیوەندیی لەگەڵ هەموو حیزبەکاندا هەبوو.

سەبارەت نازناوى ئەندازیارى ئاشتى، سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت: کاک ئیدریس بارزانی بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، هەروەها بایەخ و گرینگیی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی (1986)، بەو هۆیەشەوە بوو نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا.

 لە (31)ی كانوونی دووه‌می (1987) له‌ باره‌گای تایبه‌تی خۆی له‌ گوندی سلیڤانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌  هۆی وه‌ستانی دڵ كۆچی دوایی كردووه‌ و له‌ گۆڕستانی هه‌له‌ج له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له ‌ته‌نیشت گۆڕی سه‌رۆك مستەفا بارزانی به‌ خاك سپێردرا .

لە (6)ی تشرینی یه‌كه‌می (1993) كه‌ژاوه‌ی ڕوفاتی ئه‌و و سه‌رۆك مسته‌فا بارزانیی باوكی به دوو هه‌لیكۆپته‌ری هێزی ئاسمانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەندرێنە‌ خاڵی سنووری باشماخ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی و نێچیرڤان  بارزانی  و سه‌ركرده‌كانیتری بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد و جه‌ماوه‌رێكی بێهه‌ژماره‌وه‌ پێشوازییان لێده‌كرێت. له‌  (8)ی تشرینی یه‌كه‌مدا و پاش تێپه‌ڕینی دوو ڕۆژ كه‌ژاوه‌ی نه‌مران به ‌ناو گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌كانی كوردستاندا، بۆ دواجار له‌ گوندی بارزان و به‌ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ر و سه‌ركرده‌یه‌كی زۆر به‌ خاك دەسپێردرێنەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین