هاتووچۆى سلێمانى لەسەر کامێراى پۆینت تو پۆینت ڕوونکردنەوە دەدات کوردستانی

نوچەنێت:

بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆى سلێمانى، لە بارەى کامێراى پۆینت تو پۆینت لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "ئەو سستەمە لە کارکردنی کامێرای خێرایی لەناو شاری سلێمانی پەیڕەو ناکرێت."

ئەمڕۆ شەممە (28/کانوونى دووەم/2023) بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا چەند دەنگۆیەک ڕەتدەکاتەوە  و دەڵێت، "دەربارەی کامێراکانی چاودێری خێرایی ئەو سستەمەی ناسراوە بە خاڵ بۆ خاڵ یاخود پۆینت تو پۆینت، راستی بابەتەکە تەنھا لە رێگاوبانەکانی دەرەوەی شار کاری پێدەکرێت و ئەو سستەمە لە کارکردنی کامێرای خێرایی لەناو شاری سلێمانی پەیڕەو ناکرێت، ھەندێک پەیج بە مەبەست و بە ئەجێندایەکی مەبەستدار و ئاراستە کراو راستییەکانیان بەلاڕێ برد و ھەستان بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵێک کە وێنەی بەرێوەبەری راگەیاندنی ھاتووچۆی سلێمانی عەقید بەختیار محەممەد و ئەو کامێرانەی ئێستا لە قۆناغی دانانە لە زۆرینەی شەقامە سەرەکی و گۆڕەپان و گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی کە بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بە ھاتووچۆ و بواری خێرایی و شۆفێری نییە".

هاتووچۆى سلێمانى لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەوەی کە باسکراوە کار و گرێبەستێکی جیاوازە و دوور و نزیک پەیوەندی بە ھاتووچۆ و پرسی خێرایی و تیژڕەوی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشی شاری سلێمانییە و ھەرکەس و لایەنێک و پەیج و میدیایێک و رۆژنانەوانێک دەتوانێت بەدواداچونی بۆ بکات".

هاتووچۆی سلێمانی دووپاتى دەکاتەوە، "کارکردنی کامێراکانی خێرایی بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر دانانی 225 کامێرای چاودێری خێراییە لەو جێگایانە کە پێویست بێت بە سستەمی پۆینت تو پۆینتە کە لە سنووری رێگاوبانەکانی دەرەوەی شارە کە بەپێی ئامارەکانی گیان لەدەستانی ھاووڵاتییان بە رووداوەکانی ھاتووچۆ پشک و رێژە و ژمارەی ھەرە گەورە لەو سنوور و جێگایانەیە، ئەو کامێرانەی کە لە ئێستا و ئایندە لە ناوشار کاردەکەن بە سستەمی وەن پۆینتە. خوازیارین ( ئەگەر) ئەو کەس پەیچ و کەناڵانەی راگەیاندن و سۆشیال میدیادا پەرۆش و دڵسۆزی سەلامەتی خەڵکن ئەوا پێویستە خەڵکی لە ئەنجامی خێرایی و رووداوکانی ھاتووچۆ ووریا بکەنەوە نەوەکو کۆمەڵگا فێری یاساشکێنی وجنێودان بکەن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین