سەعید هەرکی: لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە لەسەر پلەبەرزکردنەوەى ئەفسەران کۆدەبینەوە کوردستانی

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

ئەندامێکى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان، هۆکارى دواکەوتنى هاتنەوەى بەرزکردنەوەى پلەى ئەفسەرانى هێزەکانى پێشمەرگە دەخاتەڕوو و دەڵێت، "کێشەکە بە هۆى یەکەى (70) و (80) یە."

ئەمڕۆ چوارشەممە (18/کانوونى دووەم/2023) سەعید هەرکی، ئەندامی لیژنەی کاروبارى پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "لە وەزارەتی پێشمەرگە  کۆمەڵێک چاکسازی کراون، بەڵام هێشتا هەنگاوی ترماوە بنرێن، ئەو چاکسازییانە لەژێر چاودێری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانى هاوپەیمانانە، چونکە هاوپەیمانان بەردەوام جەخت جێبەجێکردنى چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە دەکەنەوە."

سەبارەت بە بەرزکردنەوەى پلەى هەندێ ئەفسەر، کە لەگەڵ ئەوەى ناویان لە خشتەى خانشنینیدایە، سەعید هەرکى گوتى، " هەندێ ئەفسەر خانەنیشینکراون، بەڵام پلەی بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمە لەرووی یاساییەوە دروستە، لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆر پلە بەرزکردنەوە راگیرابوو، بۆ نموونە لە ساڵانى (2016 و 2017 و 2018 و 2019 و 2020 ) لیستەکان بەرزکرابوونەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان، بەڵام دواکەوتبوون لە گەڕانەوەی پلەکانیان، بۆ نموونە لە (2022) خانەنشینکراوە، بەڵام پلەکەی (2019)  بۆ گەڕایتەوە ئەمە مافی خۆیەتی."

ئەو ئەندامەى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە، لە بارەى دواکەوتنى هاتنەوەى پلە بەرزکردنەوەى ئەفسەرانى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت، "ئێستا ستافێک دانراوە هەڵسەنگاندن بۆ لیستەکانى پلەبەرزکردنەوە دەکەن و کۆمەڵێک پێوەر دانراون، دەبێت پایە و بڕوانامەی هەبێت، بەپێی ئەو پڕەنسیپانەی دانراون پلەى ئەفسەران دەگەڕێتەوە، بۆیە لەوانەیە دوابکەوێت، هۆکاری سەرەکی ئەم دواکەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ کێشە لە یەکەکانى (70) و (80) یەکەی 70 و 80، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانانیش وەکو چاودێرێک لە هەوڵداین ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین