شه‌ڕى سیاسى له‌سه‌ر ناوى وەرگێڕان

نوچه‌نێت

مشتومڕى نێوان به‌رپرسانى عێراق و ئێران له‌سه‌ر به‌كارهێنانى "كه‌نداوى عه‌ره‌بى" به‌رده‌وامه‌ و سه‌ركرده‌یه‌كى سه‌در ده‌ڵێ “ئه‌مه‌ گڵۆپى سه‌وزى ئێرانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نگرانى له‌ عێراق هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر خولى كه‌نداوى عه‌ره‌بى”، سه‌ركرده‌یه‌كى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیش ده‌ڵێ، "له‌ برى كه‌نداوى فارسى و كه‌نداوى عه‌ره‌بى ئێمه‌ پێشنیارى كه‌نداوى به‌سڕه‌ ده‌كه‌ین".

كاردانه‌وه‌ى سیاسییه‌كانى ئێران له‌سه‌ر به‌كارهێنانى زاراوه‌ى، "كه‌نداوى عه‌ره‌بى" له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى عێراقه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و دواجار ئێران بانگهێشتى باڵیۆزى عێراق له‌ تارانى كرد و په‌یامى ناڕه‌زایى پێدا. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ى كانوونى دووه‌مى 2023 ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى ئێران بووه‌ جێى سه‌رنجى لایه‌نه‌ شیعه‌كانى عێراق.

خولى تۆپى پێى كه‌نداوى عه‌ره‌بى 25 رۆژى هه‌ینى رابردوو له‌ به‌سڕه‌ به‌ ئاماده‌بوونى سه‌ركرده‌كانى عێراق ده‌ستیپێكرد. ئه‌و خوله‌ ساڵانێكى زۆره‌ بوونى هه‌یه‌ و هه‌ر به‌ ناوى "كه‌نداوى عه‌ره‌بى"  ناسراوه‌. به‌ڵام رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو ناسر كه‌نعانى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران رایگه‌یاند، ئێران له‌وه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ برى كه‌نداوى فارسى له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى عێراقه‌وه‌ زاراوه‌ى كه‌نداوى عه‌ره‌بى به‌كارهاتووه‌.

ره‌وتى سه‌در: ئێران له‌ جامى كه‌نداو ده‌ترسێ
 

دواى ئه‌م ناڕه‌زاییه‌یش ئێران بانگهێشتى باڵیۆزى عێراقى له‌ تاران كردووه‌ و په‌یامى ناڕه‌زایى پێداوه‌. دوێنێ شاره‌زایانى له‌ كاروبارى سنووره‌كان و مێژوو بۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌، ناوى كه‌نداوى عه‌ره‌بى په‌یوه‌ندى به‌و تێڕوانینه‌ى ئێرانه‌وه‌ نییه‌ و یه‌كه‌م نه‌خشه‌ى كۆن كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ نه‌خشه‌یه‌كى فه‌ڕه‌نسییه‌ و له‌سه‌رى كه‌نداوى عه‌ره‌بى به‌كارهاتووه‌.

شاره‌زایان پێیانوایه‌ ئێران به‌ دواى بیانوو ده‌گه‌ڕێت، چونكه‌ پێشتر ئه‌و خولى كه‌نداوى عه‌ره‌بییه‌ له‌ وڵاتانى وه‌ك كوێت و ئیمارات به‌ڕێوه‌چووه‌، به‌ڵام ئێران ناڕه‌زایی له‌سه‌ر نه‌بووه‌، كه‌چى ئێستا كه‌ له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئێران له‌ ناوه‌كه‌یشى ناڕه‌زاییه‌. 

به‌گوێره‌ى چاودێرانى سیاسى ئێران له‌وه‌ نیگه‌رانه‌، چونكه‌ عێراق ره‌هه‌ندێكى سیاسى داوه‌ته‌ خولى تۆپی پێ و ده‌یه‌وێ له‌ میانه‌ى میوانداریكردنى بۆ یاره‌كان بۆ قووڵایى عه‌ره‌بى بگه‌ڕێته‌وه‌. هه‌ر رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت دوێنێ نووسیبووى عێراق داواكه‌ى ئێرانى به‌ فه‌رمى فه‌رامۆش كردووه‌ و وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌مڕۆ سه‌ركرده‌یه‌كى شیعه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پێشنیارى كردووه‌، له‌ برى كه‌نداوى عه‌ره‌بى و كه‌نداوى فارسى، عێراق كه‌نداوى به‌سڕه‌ به‌كاربهێنێ. توركى عه‌ره‌بى سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ له‌ لێدوانێكى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، "كارێكى دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر كه‌نداوى به‌سڕه‌ به‌كاربهێنرێت" چونكه‌ به‌ گوته‌ى ئه‌و له‌ هه‌موو نه‌خشه‌ كۆنه‌كان ئه‌و ناوه‌ به‌كارهاتووه‌.

له‌ برى كه‌نداوى عه‌ره‌بى و كه‌نداوى فارس پێشنیارى ناوى كه‌نداوى به‌سڕه‌ ده‌كرێت

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بانگهێشتكردنى باڵیۆزى عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به‌كارێكى ئاسایى ده‌زانێت، كه‌چى سه‌ركرده‌یه‌كى ره‌وتى سه‌در پێیوایه‌ ئه‌مه‌ داگیرساندنى گڵۆپى سه‌وزه‌ بۆ لایه‌نه‌ شیعه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران تا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر خولى تۆپی پێى جامى كه‌نداوى عه‌ره‌بى.

عیسام حوسێن سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتى سه‌در ده‌ڵێ، "ئێران هیچ پاساوێكى نییه‌ بۆ بانگهێشتكردنى باڵیۆزى عێراق له‌ تاران". ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى ره‌وتى سه‌در دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ گڵۆپى سه‌وزى ئێرانه‌ بۆ لایه‌نگرانى له‌ عێراق تا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كه‌نداوى عه‌ره‌بى. دواتریش باس له‌وه‌ ده‌كات ئێران مه‌ترسى هه‌یه‌ له‌وه‌ى گه‌لى عێراق و عه‌ره‌ب زیاتر له‌ یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین