سێیه‌م هه‌نگاو بۆ گێڕانه‌وه‌ى مافى ئێزدییه‌كان وەرگێڕان

نوچه‌نێت

حكومه‌تى عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌یاننامه‌یه‌كى هاوبه‌شیان له‌سه‌ر بڕیارى گێڕانه‌وه‌ى خاوه‌ندارێتى خانوو و زه‌وى بۆ ئێزدییه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا جینین پلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق ده‌ستخۆشى له‌ حكومه‌تى سوودانى ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌م بڕیاره‌ كۆتایى به‌ ده‌یان ساڵه‌ى جیاكارى ده‌هێنێت".

له‌ ساڵى 1975 حكومه‌تى عێراق له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بڕیارێكى ده‌ركرد، كه‌ تێیدا قه‌ده‌غه‌ى كرد زه‌وى و خانوو به‌ ناوى ئێزدییه‌كانى شنگال و ده‌وروبه‌رى بكرێت، كه‌چى له‌ 12ى مانگى رابردوو حكومه‌تى عێراق بڕیارى دا مافى ئه‌م خاوه‌ندارێتییه‌ بگێڕێته‌وه‌ و دوێنێ چوارشه‌ممه‌ چوارى كانوونى دووه‌مى 2023 نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تى عێراق به‌یاننامه‌یه‌كى هاوبه‌شیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ هاتووه‌، "خاتوو جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و بەرپرسی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق، دەستخۆشی لەم هەنگاوە گرنگە کرد کە ئەنجوومەنی وەزیران ناوێتی، کە دواجار ئاسایشی گشتی دەگەیەنێتە هەزاران کەس لە ئێزیدییەکان سەبارەت بە مافی نیشتەجێبوون و زەوی و خاوەندارێتییان. ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو فەرمانە دانپێدانانێکی فەرمییە بە خاوەندارێتی زەوی و خانووەکانیان و کۆتایی بە دەیان ساڵەی جیاکاری دەهێنێت، هەروەها بە هیوای ئەوەین کە کارئاسانی بکات و هانی گەڕانەوەی ئێزیدییەکان بۆ نەینەوا بدات."

پلاسخارت:
ئەو فەرمانە دانپێدانانێکی فەرمییە بە خاوەندارێتی زەوی و خانووەکانیان بۆ ئێزدییه‌كان

به‌ بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراق دانیشتووانى 11 شار و شارۆچكه‌ى شنگال سوودمه‌ند ده‌بن كه‌ ئه‌مانانه‌: خانەسور (التمیم)، دۆغری (حەتین)، بورێك (یەرموك)، کۆهبێل (ئەندەلوس) لە ناحیەی شیمال/قەزای شنگال، تەل-قەساب (البعث) لە ناحیەی قەیروان/قەزای شنگال، و تەلعوزەیر (القحتانیە)، سیبا شێخدر (کۆمەڵگەی ئەلجەزیرە) و کەرزاراك (ئەلعەدنانیە) ناحیەی قەحتانیە/قەزای بەعاج، (زۆراڤا) العروبە و دەهۆڵا (القادیسیە) لە ناحیەی شیمال/قەزای شنگال، و تەلبەنات (الولید) لە ناحیەی قەیروان/قەزای شنگال.

جیا له‌ نوێنه‌رى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌رپرسێكى ترى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ستایشى بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراق ده‌كات و له‌ به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ هاتووه‌، " مەیمونا محەمەد شەریف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی هابیتاتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستخۆشی لە پەسەندکردنی ئەو فەرمانە کرد لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوان دەکرا. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم هەنگاوەی حکومەت ئومێدبەخش و هاندەرانەیە چونکە بەرەوپێشبردنی دەستڕاگەیشتن بە مافی زەوی بۆ دانیشتوانی بێ دەسەڵات لە عێراق و پاڵپشتییەکی باشە بۆ دانیشتوانی شارۆچکەکانی شنگال بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار مافی زەوییان هەبێت. ڕێکخراوی هابیتاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق و دامەزراوە جیاوازەکان بۆ ئاسانکاری تۆمارکردنی مافی زەوی و بە فەرمیکردنی ئەو بڕوانامەی نیشتەجێبوونەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دەرچووە تاکو ببێتە هۆی بەدەستهێنانی تاپۆی خاوەندارێتی زەوی."

سامان داود كه‌ رۆژنامه‌نووسێكى ئێزدییه‌  به‌ بۆچوونه‌كانى له‌ راپۆرتێكى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى به‌شداربووه‌ و ستایشى بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراق ده‌كات و پێیوایه‌ ده‌رچوونى بڕیاره‌كه‌ سێیه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى مافى ئێزدییه‌كان و ده‌ڵێ، "بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى موڵكایه‌تى له‌ ئێزدییه‌كان رۆشنایى ده‌خاته‌ سه‌رئه‌وه‌ى ئێزدییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كى ئاڵۆزیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانى عێراق هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تى دواى ساڵى 1975، رۆشنایى ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ى كه‌ به‌عس بۆ كۆنتڕۆكردنى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى كورد په‌یڕه‌وى ده‌كرد".

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و كات بڕیار درا ئێزدییه‌كان له‌ گونده‌كانى خۆیان له‌ چیاى شنگال ده‌ربكرێن و گوند و بیر و كانیاوه‌كانیان تێكبدرێت و ره‌وانه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى زۆرملى بكرێن. سامان داود ده‌ڵێ، "بڕیارى گێڕانه‌وه‌ى خاوه‌ندارێتى بۆ ئێزدییه‌كان، دواى رێككه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر شنگال و یاساى رزگاربووانى كچانى ئێزدى، به‌ سێیه‌م هه‌نگاو داده‌نرێت".

له‌ به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ ئه‌وه‌یش هاتووه‌، "لە ساڵی 2018ەوە ڕێکخراوی هابیتاتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریکردووە لەسەر مافی زەوی و خانووی ئێزیدییەکان لە شنگال بە تۆمارکردنی زیاتر لە 14500 چواردە هەزار و پێنج سەد داواکاری و دەرکردنی بڕوانامەی خاوەندارێتی زەوی بۆ سەلماندنی مافی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە سەر موڵکەکانیان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین