جووڵانه‌وه‌ى هاووڵاتیانى رایخ چییه‌؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ پۆلیسى ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، 25 كه‌سى له‌ جووڵانه‌وه‌ى راستڕه‌وانى توند گرتووه‌، كه‌ ویستوویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا بگرن و سه‌ربه‌ جوڵانه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌كراوى "هاووڵاتیانى رایخ"ن ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ ساڵانێكه‌ هه‌یه‌ و دان به‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ڵمانیا نانێن و پێیانوایه‌ ئه‌ڵمانیا داگیركراوه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌وتى كانوونى دووه‌مى 2022 پۆلیسى ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، 25 كه‌سى ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوى "هاووڵاتیانى رایخ"ن، پۆلیسى ئه‌ڵمانیا گوتیشى، ئه‌وان پلانیان هه‌بووه‌ ده‌ست به‌سه‌ر په‌رله‌مانى ئه‌م وڵاته‌ بگرن.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ناوى رێكخراوه‌كه‌یه‌ كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا قه‌ده‌غه‌ و ساڵانێكه‌ چه‌ند جارێكه‌ به‌ كارى توندوتیژى ده‌رده‌كه‌ون. رۆژنامه‌ و میدیاكانى جیهان جارێكى تر كه‌وتنه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ كه‌ زۆر كاره‌كانى رۆشن نییه‌.

رقیان له‌ ماسۆنیه‌ته‌ و پێیانوایه‌ ئه‌ڵمانیا داگیركراوه‌

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید نووسیویه‌تى، یه‌كه‌م جار چالاكى ئه‌و رێكخراوه‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو ده‌ركه‌وت، ئه‌وان دان به‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ڵمانیا نانێن و پێیانوایه‌ وڵاته‌كه‌یان داگیر كراوه‌. ناوى هاووڵاتیانى رایخ كه‌ به‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ى به‌م شێوه‌یه‌یه‌" Reichsbürger" "رایخسبۆرگر".

ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه‌ یان رێكخراوه‌ پێیوایه‌ "ئه‌ڵمانیاى رایخ" ناوى ئه‌ڵمانیا له‌نێوان ساڵانى 1871 تا 1945 ده‌سه‌ڵاتى ره‌واى بووه‌ و دواى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهان ده‌سه‌ڵاتى ئه‌ڵمانیا ده‌سه‌ڵاتێكى ناڕه‌وایه‌ و ئه‌ڵمانیا داگیركراوه‌.

بۆیه‌ دان به‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانیا نانێن و گوێ به‌ فرمانه‌كانى پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان نانێن، ته‌نانه‌ت باج و رسومى فه‌رمیش ناده‌ن. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌و رێكخراوه‌ تا ئێستا سه‌رۆكێكى نییه‌ و به‌ڵام باس له‌ ئه‌نجومه‌نێكى به‌ڕێوه‌بردن ده‌كرێت كه‌ كاره‌كانى ئه‌ندامانى به‌ڕێده‌كات.

ئاژانسى دۆچیه‌ ڤیله‌ى ئه‌ڵمانى كه‌ پێشتر راپۆرتى له‌سه‌ر ئه‌م رێكخراوه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌ندامن له‌ رێكخراوه‌كه‌ ناسنامه‌ و كارتى فه‌رمى ده‌وڵه‌ت هه‌ڵناگرن، به‌ڵكو خۆیان ناسنامه‌یه‌كيان هه‌یه‌ به‌ ناوى "ناسنامه‌ى هاووڵاتى ده‌وڵه‌تى رایخ".  

ئه‌وان به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كى چه‌كداریش داده‌نرێن، ته‌نانه‌ت راپۆرته‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2018 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌زار ئه‌ندامى ئه‌و رێكخراوه‌ پێشتر مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتنى چه‌كیان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ ئه‌مڕۆ نووسیویه‌تى رێكخراوى هاووڵاتیانى رایخ، سوپا و ده‌زگایه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك حكومه‌ت له‌لاى خۆیان ناسێنراوه‌. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌و رێكخراوه‌ دژه‌ سامییه‌ و باوه‌ڕى وایه‌ له‌ ئه‌نجامى پلانى ماسۆنیه‌ت ئه‌ڵمانیا داگیر كراوه‌ و ژماره‌ى ئه‌ندامانیشى نزیكه‌ى 19 هه‌زار كه‌س ده‌بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین