به ‌سێ  بڕیار ناوخۆى توركیا ده‌شڵه‌ژێت تورکیە

نوچه‌نێت

له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ك حكومه‌تى توركیا سێ بڕیارى ده‌ركردووه‌، كه‌ بارودۆخى ناوخۆى ته‌واو شڵه‌ژاندووه‌ و ئه‌و بڕیارانه‌یش بریتین له‌ داخستنى هه‌ده‌په‌ و دوورخستنه‌وه‌ى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى توركیا و كشانه‌وه‌یه‌ له‌ رێككه‌وتنى ئیسته‌نبۆڵ.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ى ئادار ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، ده‌سه‌ڵاته‌كانى توركیا له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ك سێ بڕیاریان ده‌ركردووه‌، كه‌ به‌م بڕیارانه‌ دیمه‌نى ناوخۆیان سه‌راوژێر كردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى حوڕه‌ هاتووه‌، "له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتى توركیا به‌ سێ بڕیار دیمه‌نى ناوخۆى سه‌راوژێر كردووه‌، به‌ تایبه‌تى ئه‌و بڕیارانه‌ به‌ شێوه‌ى یه‌ك له‌ دواى یه‌كتر هاتوون و به‌ دۆسیه‌ و بابه‌تى هه‌ستیاره‌وه‌ به‌ندن و توێژێكى زۆر له‌ هاووڵاتیان ده‌گرێته‌وه‌".

حوڕه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ پێشتر بڕیارى تر هه‌بوون كه‌ شه‌قامیان جوڵاندبوو، به‌ڵام هاوكاتى ئه‌و بڕیارانه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا جێى سه‌رنجه‌. ده‌شڵێ، "بڕیاره‌كان تایبه‌ت به‌ بوارێك نیین به‌ڵكو بابه‌تى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌گرنه‌وه"‌.

یه‌كه‌م بڕیار رۆژى چوارشه‌مى رابردوو بوو كاتێك داواكاریى گشتى توركیا داواى داخستنى هه‌ده‌په‌ى كرد. دووه‌م بڕیاره‌ به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ ده‌رچوو ئه‌ویش له‌كارلادانى ناجى ئه‌غبال " Naci Ağbal"ى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى بووه‌، جێى سه‌رنجه‌ ئه‌مه‌ له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ دوو ساڵ سێیه‌م جاره‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى توركیا ده‌گۆڕێت.

سێیه‌م بڕیاریش په‌یوه‌ندى به‌ كشانه‌وه‌ى توركیا هه‌بوو له‌ "رێككه‌وتننامه‌ى ئیسته‌نبۆڵ"  ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى ئه‌وروپى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان و خێزان له‌ ساڵى 2011 كراوه‌ و به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ توركیا به‌ڵێنى داوه‌ به‌ره‌نگارى توندوتیژى دژ به‌ ژنان بێته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین