سوودانى ده‌ستى به‌ سزادانى به‌رپرسان كرد عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سێ به‌رپرسى باڵاى عێراقى له‌ پۆسته‌كانیان دوورخسته‌وه‌، كه‌ ئه‌وانیش به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا و به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى مه‌ده‌نى و به‌ڕێوه‌به‌رى خانووبه‌ره‌ى ده‌وڵه‌ت بوون.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17/تشرینى دووه‌م/ 2022 محه‌مه‌د شیاع سوودانى به‌ دوو بڕیارى جیاواز سێ به‌رپرسى عێراقى دوورخسته‌وه‌. ماڵپه‌ڕى ئاژانسى هه‌واڵى عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، دواى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هۆڵێكى فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا سوودانى بڕیارى داوه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا و به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى مه‌ده‌نى له‌ پۆسته‌كانیان دوور بخاته‌وه‌.

له‌ هه‌واڵێكى تر ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى خانووبه‌رى "عه‌قارى" ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن سوودانى له‌ پۆسته‌كه‌ى دوورخراوه‌ته‌وه‌. هه‌ر سێ به‌رپرسیش به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى و گه‌نده‌ڵى دوورخراونه‌ته‌وه‌.

به‌یانى ئه‌مڕۆ ئاگر له‌ هۆڵێكى فڕۆكه‌خانه‌ى به‌غدا به‌ربوو، به‌رگرى شارستانى عێراق رایگه‌یاند، هیچ زیانێكى گیانى له‌ رووداوه‌كه‌ نه‌بووه‌. زه‌هره‌ بوجارى سه‌رۆكى لیژنه‌ى گواستنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاندووه‌، به‌ ده‌ستى ئه‌نقه‌ست ئاگر له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان به‌رده‌درێت، بۆیە ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م دیارده‌یه‌ بكرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین