تاڵیبان بۆ هەمیشە ژنان لە پارک و هۆڵەکانی وەرزشى بێبەش دەکات هەواڵ

نوچەنێت:

بە گوێرەی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، بزوتنەوەی تاڵیبان کە دەسەڵاتی ئەفغانستانی بە دەستەوەیە بڕیارێکی دەرکردووە بە مەبەستی زیاتر کۆت و بەندکردنی ژنان لە کابول پایتەختی ئەو وڵاتە، ئەویش قەدەغەکردنی چوونی ژنانە بۆ پارکە گەشتییەکان و هۆڵەکانی وەرزش، ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ شەممە (12/تشرینی دووەمی/2022) ماڵپەڕی (ئەلحرە) بڵاویکردووەتەوە، بە پێی ڕاپۆرتێکى رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، حکومەتی ئەفغانستان، لە نوێترین بڕیاریدا لەبارەی ژنانەوە دەڵێت، کۆت و بەندی زیاتر دەخرێتە سەر چوونی ژنان بۆ پارک و هۆڵەکانی وەرزش، پێیانوایە لەم شوێنانەدا ژن و پیاو تێکەڵ دەبن و ئەمەش لەگەڵ شەرعیەتی ئیسلام ناگونجێ.

لەو بارەیەوە محەمەد ئاکێف وتەبێژی وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و خۆپاراستن لە خراپەکاری، رایگەیاند، "ئەو ئەفغانیانەی کە پارکەکانی شار و هۆڵەکانی وەرزش و پارکە گەشتیارییەکان بەڕێوەدەبەن، فەرمانیان پێکراوە رێگە نەدەن ژنان بچنە نێو ئەم دامەزراوانە، تەنانەت ئەگەر پیاوی مەحرەمیشیان لەگەڵ بێت". ئاکێف ئاماژە بەوەدەکات، "لە پارکەکاندا ژن و پیاومان بەیەکەوە دەبینی و پابەند نەبوون بە باڵاپۆشییەوە، بۆیە بریاری ئەوەماندا دەرگای ئەو شوێنانە بە رووی ژناندا دابخەین".

هەروەها ئەو ماڵپەڕە لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سودابا نازند، چالاکوانێکی مافەکانی ژنان لە کابول گوتوویەتی، "ئەم بڕیارە لەلایەن زۆرێک لە ژنانەوە جێگای پرسیارە، ئەمە تەنیا سنووردارکردنی مافەکانی ژنان نییە، بەڵکو زیان بە منداڵانەش دەگەیەنێت کە پیشتر لەگەڵ دایکیان دەچوونە پارکەکان و ئێستاش ڕێگریان لێدەکرێت، ئەمە جێگای داخە و نادادپەروەرییە".

جێگای باسە، پێشووتریش حکومەتی تاڵیبان جیاکاری رەگەزی لەو دامەزراوانە سەپاندبوو، رێگەی بە ژنان دەدا سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا (یەکشەممە، دووشەممە، سێ شەممە) بچنە پارکەکان، لە کاتێکدا رۆژەکانی تر بۆ پیاوان بوو، ئەم بڕیارەش بۆ هەموو ژنانە، تەنانەت لەگەڵ هاوسەرشیان لەگەڵدا بێت.

و: هێما جەبار

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین