مەکتەبى سیاسیى پارتى: ئەندامانی سەركردایەتیی پارتی لەوە گەورەترن لای كەسی دیكە گلەیی بكەن کوردستانی

نوچەنێت:

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا، وەڵامى شێخ جەعفەر مستەفا، جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، "ئێمە لە كاك جەعفەر و هەڤاڵەكانی تێدەگەین كە دەیانەوێت سەرنجی ئەندام و كادیرانی حزبەكەیان لەسەر كێشە ناوخۆییەكان لابدەن، بە دروستكردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا."

ئەمڕۆ چوارشەممە (دووى/تشرینى دووەم/2022) مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامى جەعفەر شێخ مستەفا دەداتەوە، کە دوێنێ ڕایگەیاندبوو، "نێوان ئێمەو پارتی لە نیگەرانی دەرچووە، ئێستا دۆخەکە ئاڵۆزترە."

لە بەشێکى ڕوونکردنەوەکەى مەکتەبى سیاسى پارتى هاتووە، "خەڵك بێئومێد بووە، چونكە حزبەكەی كاك جەعفەر لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكان كێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروست كردووە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردن دواكەوت."

 

دەقی روونكردنەوەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان..

كاك جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی حزبەكەی، بۆ خۆشیرینكردنەوە و خۆدەرهێنانی لەو پەراوێزخستنەی كە تووشی بووە، كۆمەڵێك قسە و ڕای كە تەبا نین لەگەڵ رەئی و بۆچوونەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆی، دەربڕیوە. بێئومێدی لە ئاكامی سیاسەتی ناڕوون و دوور لە پرەنسیپەكانی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانی حزبەكەی كاك جەعفەر شێخ مستەفا، پشتگوێخستنی رێككەوتنەكان و قبووڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكانە، خەڵك بێئومێد بووە، چونكە یەكێتی باكی بە ئاییندەی ئەم هەرێمە نییە، چونكە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكانی ناوخۆی حزبەكەیان پێ چارەسەر ناكرێت، دەپرسین ئەی چۆن دەتوانن كێشەكانی كوردستان چارە بكەن؟.

ئێمە لە كاك جەعفەر و هەڤاڵەكانی تێدەگەین كە دەیانەوێت سەرنجی ئەندام و كادیرانی حزبەكەیان لەسەر كێشە ناوخۆییەكان لابدەن، بە دروستكردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا. 

خەڵك بێئومێد بووە، چونكە حزبەكەی كاك جەعفەر لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكان كێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروست كردووە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردن دواكەوت. ئەگەر باسی خراپیی دۆخی هەرێم و ململانێ دەكەی و ترسی لێكترازانت هەیە، چونكە هێشتا حزبەكەت چەمكی منافەسە و دوژمنایەتی لێك جیانەكردۆتەوە، بەرژەوەندیی حزبەكەی خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان و دەستكەوتەكانی ئەم هەرێمە، كە بە خەبات و خوێن بەدەست هاتوون، بۆ زانیاری كاكە شێخ، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی زۆر لەوە گەورەتر و بەئیلتیزامیترن كە بچنە لای كەسی دیكە گلەیی بكەن، یان باسی پارتەكەیان بكەن، بەڵكو ئیلتیزامی هەڤاڵان بە مەرجەعیەتی حزب و پارتایەتی ئەوەندە بەهێزە كە هێرش و قسە جنێوئامێزەكانی ئێوە و مەمانانیش بەرامبەر بە حزبەكەتان و كەسایەتییەكانی باس ناكات.

وەزع و شەرحی حاڵی خۆتان بۆ خۆتان لە راگەیاندنەكانیش نەشاردۆتەوە، ئێمە دەزانین ئەو هەڵوێستەی تۆ و حزبەكەت لەبەر چییە؟. ئایا خەڵكی كوردستان ئەمە قبووڵ دەكەن، بە رۆژی رووناك و لەبەرچاوی هەمووان هاووڵاتیی ئەم هەرێمە تیرۆر بكرێ و حكوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان و دادگا چاوپۆشی بكەن؟ ئایا جەماوەری خۆڕاگری سلێمانی ئەو خۆسەپاندن و بێسەروبەریەی لە حكومڕانیی ئەو دەڤەرەدا هەیە،‌ قبووڵ دەكەن؟

دەپرسین تۆ و هەندێك لە هەڤاڵەكانت بۆ ئەوەندە لە داواكردنی دادگا بۆ تەسلیمكردنی چەند كەسێك كە داواكراون بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتی تیرۆری هاووڵاتییەكی ئەم هەرێمە تەنگاو بوون و لە هەموو ئاستەكاندا دەستتان كردووە بە هێرش و تێكدانی بارودۆخەكە؟

ئێمە لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی پشوودرێژ بووین لە وەڵامنەدانەوەی كۆمەڵێك چەواشەكاری و قسەی هەڵبەستراو، بەڵام پشوودرێژیش سنووری خۆی هەیە.

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

2/11/2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین