سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا دەکات کوردستانی
سەرۆك بارزانى لە سەلاحەدين پێشوازى لە سێناتۆر کریستیان کامبۆن، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەكدارەكانی لە ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا کرد، کە ئيمانوێل ماکرۆن، سەرۆكى فەڕەنسا ڕایسپاردووە کە سەردانی سەرۆک بارزانی بکات بۆ وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق.

ئەمڕۆ شەممە (يەكى/تشرينى يەكەم/ 2022) سەرۆك بارزانى پێشوازى لە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە كرد، لەو ديدارەدا سەرۆكى ليژنەى پەيوەندييەكانى دەرەوەى ئەنجومەنی پیران پێزانینی بۆ ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لە بارودۆخی عێراق و کوردستان هەبوو.

لە بەشێكى ترى ديدارەكە باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق كرا و بيرورايان لەسەر ئەو رێككەوتنەى نێوان كورد و سوننە ئاڵوگۆڕ كرد، كە  لەسەر بنەمای دەستوور ئەنجامدراوە، جەختیش لەوە کرایەوە کە کێشەکانی عێراق لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بە هێرشە مووشەكييەكانى كۆمارى ئيسلامى ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، هەردوولا لێدانی خەڵکی سڤیل و بۆردومانی قوتابخانە و شوێنی مەدەنیان بە تاوانێکی گەورە لە قەڵەم دا.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە بە تایبەتیش هاتنی سەرۆک ئۆڵاند لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر کوردستان، ئاماژەیەکی گەورەی دۆستایەتیی گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان بوو.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانیش ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتی و دۆستایەتیی گەلی کوردستان. لە کۆتایی دیدارەکەشدا میدالیای ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسای وەک دیاری پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین