ماڵپه‌ڕێكى فه‌ڕه‌نسى : سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى میتى توركی بۆ عێراق سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕێكى فه‌ڕه‌نسى ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى هاكان فیدان سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى توركیا بۆ عێراق ئاشكرا ده‌كات و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ فیدان له‌م سه‌ردانه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

ماڵپه‌ڕى ئه‌نتلیجنس ئۆنلاین intelligenceonline ى فه‌ڕه‌نسى دوێنێ شه‌ممه‌ 24/ئه‌یلوول/2022 له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى هاكان فیدانى به‌رپرسى هه‌واڵگرى توركیا "میت" بۆ عێراق كردووه‌ و هه‌ندێك زانیارى نوێى ئاشكرا كردووه‌.

سه‌ردانه‌كه‌ى هاكان فیدان له‌ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌ 13/ ئه‌یلوول به‌ڕێوه‌چوو، ماڵپه‌ڕه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ ده‌ڵێ، ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌سه‌ر داواى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا بووه‌. له‌و سه‌ردانه‌دا فیدان له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار و مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران و خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ سه‌رنجى ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ى هاكان فیدان یه‌كه‌مى سه‌ردانى به‌رپرسانى باڵاى توركیا بۆ عێراق، كه‌ دواى هێرشه‌كه‌ى توركیا بۆ ناوچه‌ى گه‌شتیارى په‌ره‌خ له‌ زاخۆ ئه‌نجام دراوه‌، به‌ڵام ئه‌و سه‌ردانه‌ وه‌ك پێویست سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، چونكه‌ په‌رله‌مانتاران داواى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و سه‌ردانه‌ ده‌كه‌ن و به‌ ده‌ستوه‌ردانى ده‌زانن بۆ كاروبارى سیاسى عێراق. به‌ تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ خه‌میس خه‌نجه‌ر كۆبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ وه‌ها لێكدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ توركیا لایه‌نگرى لایه‌نێكى شیعه‌ ده‌كات له‌ دژى ئه‌ویتریان. 

جیا له‌وه‌ى عێراق به‌ بازاڕێكى گرنگى كه‌لوپه‌لى توركى داده‌نرێت، چه‌ندان دۆسیه‌ى تر له‌نێوان توركیا و عێراق هه‌یه‌ كه‌ جێى مشتومڕن، له‌وانه‌ كێشه‌ى گرتنه‌وه‌ى ئاوى دیجله‌ و كێشه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان، كه‌ به‌ بیانووى ئه‌م هێزه‌ توركیا به‌رده‌وام هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین