مه‌رگى ژینا ئه‌مينى كاردانه‌وه‌ى توند به‌دواى خۆى ده‌هێنێ دیمانە و راپۆرت

نوچه‌نێت

مه‌رگى ژینا ئه‌مينى كه‌ به‌ هۆى توندوتیژى پۆلیسى ئاكار له‌ ئێران گیانى له‌ده‌ست داوه‌، ناڕه‌زاییه‌كى توندى جه‌ماوه‌رى به‌دواى خۆى هێناوه‌ و ماڵپه‌ڕێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانیش ده‌ڵێ، “حكومه‌تى ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ناڕه‌زاییه‌كان په‌ناى بردووه‌ته‌ به‌ر پچڕاندنى تۆڕى ئینته‌رنێت”.

دوێنێ هه‌ینى 16/ ئه‌یلوول ژینا ئه‌مینى "مه‌هسا ئه‌مینى" كه‌ كچێكى دانیشتووى سه‌قزه‌ و ته‌مه‌نى 22 ساڵه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى تاران گیانى له‌ده‌ست دا. ژینا رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردوو 13/ ئه‌یلوول له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى ده‌چێته‌ تاران و له‌وێ له‌لایه‌ن پۆلیسى ئاكار "ئه‌خلاق" به‌ بیانووى پابه‌ندنه‌بوون به‌ حیجاب، توندوتیژى ده‌رهه‌ق ده‌كرێت و بۆیه‌ تووشى بێهۆشى ده‌بێت و دواى سێ رۆژ گیان له‌ده‌ست ده‌دات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17/ ئه‌یلوول، ماڵپه‌ڕى ئیران ئینته‌رناشناڵ كه‌ ماڵپه‌ڕێكى ئۆپۆزسیۆنه‌، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتى ناشتنى ژینا ئه‌مینى ناڕه‌زاییه‌كى توند دروست بووه‌، چه‌ند دروشمى دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران به‌رزكراوه‌ته‌وه‌. ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ئێرانییه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ چه‌ند ڤیدیۆیه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ساتى به‌ڕێوه‌چوونى ناڕه‌زاییه‌كان نیشان ده‌دەن.

به‌گوێره‌ى تویتێكى روانگه‌ى نێتبلۆكس كه‌ تایبه‌ت به‌ چاودێرى تۆڕى ئینته‌رنێت، له‌ شه‌وى رابردووه‌وه‌ ئێران تۆڕى ئینته‌رنێتى پچڕاندووه‌. ئاژانسى رۆیته‌رز و ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى عه‌ره‌بییه‌ و حوڕه‌ى ئه‌مریكى، چه‌ندان بابه‌تیان له‌سه‌ر مه‌رگى ژینا ئه‌مینى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ریانخستووه‌ كه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر مه‌رگى ژینا دروست بووه‌.

جه‌یك سوڵیڤان راوێژكارى ئاسایشى ئه‌مریكا له‌ تویتێكدا ده‌ڵێ، "له‌به‌رانبه‌ر مردنى مه‌هسا ئه‌مینى ته‌مه‌ن 22 ساڵ هه‌ست به‌ نیگه‌رانییه‌كى قووڵ ده‌كه‌ین، به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى پێمانگه‌یشتووە ئه‌و له‌ لایه‌ن پۆلیسى ئاكارى ئێرانه‌وه‌ له‌ گرتووخانه‌ لێى دراوه‌، مردنى ئه‌و مایه‌ى لێخۆشبوون نییه‌، ئێمه‌ به‌رپرسیارێتى ئه‌و جۆره‌ پێشێكارییه‌ى مافى مرۆڤ ده‌خینه‌ ئه‌ستۆى به‌رپرسانى ئێران". 

هه‌روه‌ها رۆبێرت مالى نێرده‌ى تایبه‌تى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا بۆ كاروبارى ئێران، له‌ تویتێكدا ده‌ڵێ، "مردنى مه‌هسا ئه‌مینى دواى ئه‌وه‌ى به‌هۆى حیجابه‌وه‌ گیراوه‌ و لێى دراوه‌، بابه‌تێكى شیاو نییه‌ و كوشنده‌یه‌، ده‌بێت له‌سه‌ر مه‌رگى ئه‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسان بكرێت".

رێكخراوى  لێبرودنى نێوده‌وڵه‌تی "ئه‌منستى" په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا داواى لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ بوونى ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ كاتى گرتن تاوانه‌ و ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى بكرێت. هه‌روه‌ها مه‌ریه‌م ره‌جه‌وى كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانه‌ باسه‌ى له‌وه‌ كردووه‌، كوشتنى كچه‌ كوردێكى ته‌مه‌ن 22 ساڵه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسى ئاكاره‌وه‌، به‌ لاى هه‌موو كه‌سێكه‌وه‌ تاوانێكى تۆقینه‌ره‌ و رۆژانه‌یش ئه‌م رووداوانه‌ له‌ ئێران رووه‌ده‌ن.

دواى هاتنه‌كایه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى كۆمارى ئیسلامى له‌ ئێران له‌ ساڵى 1979 ئه‌وا به‌سه‌ر ئافره‌تان سه‌پێندراوه‌ كه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان پابه‌ند بن به‌ حیجابه‌وه‌ و ئه‌ركى جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره‌یش دراوه‌ته‌ هێزێكى ئه‌منى كه‌ به‌ "ُپۆلیسى ئه‌خلاق" ده‌ناسرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین