د.ڕازاو گوڵێ: دەیانەوێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد و سوننە یاساکە هەمواربکەنەوە
بەهرە حەمەڕەش
نوچەنێت: بۆچی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (188)ی ساڵی 1959 دەدرێت؟
د.ڕازاو: بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بەوەیە بۆ مێژووی سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عیراقی بگەڕێینەوە، چونکە لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عیراقەوە یاسای باری کەسێتی بە کۆمەڵێک قۆناخدا تێپەڕیوە. پێش دروست بوونی دەوڵەتی عیراقی دەستوری کاتی 1925 بەپێی یاسای خێزانی دەوڵەتی عوسمانی، بۆ کاروباری هاوڵاتی لەم سنوری جوگرافیایەی، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەوڵەتی عیراق بەڕێوەچووە.
لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عیراقییەوە تا ساڵی 1959 چەندین هەوڵ دراوە، چەندین جار لیژنە دروست کراوە لەگەڵ پێکهاتنی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، بەڵام بێ ئەنجام دەرچوو، چونکە دەوڵەتی عێراقی خۆی لە چەندین نەتەوە، پێکهاتە، ئاین و ئاینزای جیاواز دروست بووە. بۆیە کۆکردنەوەی هەموو ئەوانە کارێکی قورسە بە تایبەتیش لە سەرەتای جێ بەجێ کردنی یاسای مافی خێزان، دوو دادگایان هەبووە دادگای سوننی و دادگای شیعە، سوننەکان ئەم یاسایانەیان بەسەردا جێ بەجێ کراوەو شیعەکانیش بە پێی مەزهەبەکانی خۆیان، کاروباری خێزانی خۆیان بەڕێوەبردووە.
هەمواری یاساکە تەواوی سیستەمی یاسایی دەخاتە ژێر پرسیارەوە
تا ساڵی 1958 واتە لە دوای شۆڕشی 14ی تەموز هەندێک بە کودەتا ناوی دەبەن، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ باسی بکەین یاسای باری کەسێتی لەم سەردەمەدا چۆن هاتە ئاراوەو چۆن ئەم یاسایەی ئێستای لێ دەرچووە، کە هەوڵی هەموارکردنەوەی دەدرێت.
دکتۆرە نەزیهە دلێمی، بە وەفدێک لە عیراقەوە بەشداری کۆنگرەیەک دەکەن لە دلهی، دوای گەڕانەوەیان لە کۆنگرەکە ئەم پڕۆژەیە پێشکەش بە حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم دەکەن، بۆ ئەوەی هەموو کاروبارەکانی باری کەسێتی لە ناو یاسایەکدا جێی بکرێتەوە. دوای پێشکەش کردنی پڕۆژەکە لەلایەن حکوومەتی عەبدولکریم قاسم، لیژنەیەکی تایبەت دروست دەکرێت بۆ دیراسەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە. ئەم پڕۆژە یاسایە هات کاری لەسەر هەموو مەزهەبە جیاجیاکان کرد، هەموو کتێبە فیقهییەکان، کە بە تایبەت یاسای باری کەسێتی بتوانێت ئەو 94 ماددەیەی کە ئێستا یاساکەی لێ پێکهاتووە هەموو بابەتەکان لە خۆ بگرێت.
لەبەر گرنگی بابەتەکان ئەگەر بۆ مێژووەکەی بگەڕێینەوە دەبینی لە 312/1059 لە لایەن پەرلەمانی ئەوسای عیراقەوە ئەم یاسایە دەرچوێنراوە، واتە هەم لەبەر گرنگی و هەستیاری بابەتەکەو هەم لە بەر ئەو مەترسییانەی لەسەر ئەم یاسایە هەبووە لەگەڵ دەرچواندنی تا ئێستا ئەم مەترسییانەی لەسەر بووە. بۆیە حکوومەتەکەی عبدولکریم قاسم، زۆر بەلایەوە گرنگ بووە کە ئەم یاسایە دەربچێت.
ئەم یاسایە 94 ماددەیە، ئەم 94 ماددەیە لە نۆ دەروازە پێکهاتووە، کە هەموو کارەبارەکانی یاسای باری کەسێتی لە هاوسەرگیری و مارەیی، جیابوونەوە، بژێوی و بژێوی دایک و باوک هەروەها بابەتی لە خۆگرتنی منداڵ و ڕەچەڵەکی لە خۆگرتووە هەوڵی داوە لەو 94 ماددەیە ئەوەی کە گرنگە و ئەوەی کە سەرچاوەی سەرەکی شەریعەی ئیسلامییە،جیی بکاتەوە. واتە هیچ بڕگەو ماددەیەکی نابینیتەوە کە لەگەڵ شەریعەی ئیسلامی ناکۆک بێت.
لەبەرئەوە زۆربەی جارەکان ئەوانەی کە ویستویانە هەموارەکە بکەنەوە، پێیانوابووە کە لە شەریعەی ئیسلامی لایداوە. بەڵام ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هیچ بڕگەو ماددەیەکی تێدانییە ناکۆک بێت لەگەڵ شەریعەی ئیسلامی، لەوە گرنگتر لە ماددەی دوەمدا ئاماژە بەوەکراوە، کە هەر کاتێک بابەتێک هاتە پێشەوە بە دڵنیایەوە تایبەتە بە موسوڵمانان، چونکە لە بیرمان نەچێ هەموو پێکهاتەکانی عیراق، بە جیاوازی ئایینییەوە یاسای باری کەسێتی خۆی هەیە. ئەوەی کە یاسای باری کەسێتی خۆی نییە نییە ئێزدییەکان و کاکەییەکانن.ئەوانیش لە چوارچیوەی یاساو ڕێنماییدا کاروبارەکانیان بۆ ڕێکخراوە.
یاسای باری کەسێتی تایبەتە بە موسوڵمانەکان، باس لەوە دەکات ئەگەر کێشەیەک ڕوویدا و لە بڕگەو ماددەیەکدا حووکمێک بۆ کێشەکە نەدۆزرایەوە، دەگەڕێینەوە بۆ شەریعەی ئیسلامی واتە جارێکی تر جێبەجێ کارانی یاسایی ڕێگای چارەی بۆ پیشان داون، کە ئەگەر چارەسەری کێشەیەک لەناو ئەم بڕگەو ماددانەدا نەبوو چیبکەین.
ئەگەر لە شەریعەی ئیسلامیشدا نەبوو دەگەڕێنەوە بۆ حقوق و قەزا، واتە ڕێگەی دووەمی پیشان داون کە بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە فیقهییەکان و لە دادگا ئەم بابەتە چی حووکمێکی وەرگرتووە، ئەگەر لە فیقهه و قەزاشدا نەبوو ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو یاسایانەی کە لە دەوڵەتانی دراوسێی عیراق، کە سەرچاوەی یاساکانی شەریعەی ئیسلامییەو هاوشێوەی یاساکانی عیراقییەو دەتوانی حووکمەکانی لێ وەربگری. واتە یاسادانەرانی عیراقی لەو سەردەمەدا هەموو ڕێگاچارەکانی خستووەتە بەردەم ئەم یاسایە ئەگەر ئەم 94 ماددەیە حووکمی ئەم بابەتەی لە خۆ نەگرتبوو.
لە ساڵی1959 تا ساڵی2003 (24) جار بڕگەو ماددەکانی ئەم یاسایە هەموارکراوەتەوە ، بە بۆچوونی ئێمە ئەو هەموارکردنانە ئەوەندەی پەیوەندی بە ئاراستەی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسییەوە هەبووە، ئەوەندە پەیوەندی بە بەرژەوەندی تاک و خێزانەوە نەبووە، واتە بەپێی سەردەمەکان ئەو بڕگەو ماددانە هەموارکراوە، بۆ نموونە لە کاتی شەڕی ئێران و عیراقدا بە جۆرێک هەموارکراوەتەوە کە مەرجە قورسەکانی ئەوکەسەی کە ژنی دووەم دەهێنێت و ژنەکە بێوەژنە نەیگرێتەوە، چونکە لە یاسای عیراقیدا فرەژنی مەرجی بۆ دانراوە، بەڵام دادگای سەورەی ئەو سەردەمە بڕگەیەکی بۆ زیادکردووە. بە بڕوای ئەوان ئەوە دەرفەت بووە بۆئەوەی کە بیوەژنەکان دەرفەتی دووبارە هاوسەرگیری کردنەوەیان هەبێت.
هەرچەندە ئێمە دەزانین کاتێک کە پیاو بیر لە هاوسەرگیری دووەم دەکاتەوە، هیچ کاتێک بیر لەوە ناکاتەوە، کە کە کەسێک مارەبکات بۆئەوەی یارمەتیدەر بێت لە بەڕیکردنی ژیان و بژێوی، ئەوەش بابەتێکی دوودرێژە، بەڵام مەبەستی ئێمە وەیە ئەوە ڕوونی بکەینەوە، هەموو کات هەموارکردنەکان لە خزمەتی دەسەڵاتی سیاسیدا بووە.
تاکو ئێستا 25 جار هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە دراوە
ئەم هەموارەی پەرلەمانی عیراق هەوڵی بۆ دەدات هی ئێستا نییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2003 لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، کاتێک ئەنجوومەنی حووکم دروست بوو لەگەڵ هاتنە سەر حووکمی ماوەی یەک مانگی عبدولعزیز حکیم، بەبڕیاری ژمارە137 ئەم یاسایەی ڕاگرت واتە جێ بەجێ کردنی سەرتاپای یاساکانی ڕاگرت، بەڵام لەو کاتەدا لە هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی ئێمە پەرلەمانمان هەبوو بڕیارێک دەرچوو، کە ئێمە پابەندین بەو یاسایەوەو پابەندنین بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی حووکمەوە، هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان، ئازادیخوازان و ماف پەروەران هەموو پێکەوە ناڕەزاییەکی زۆرزۆریان لەسەر ئاستی شەقامی عیراقی بەرزکردەوە، تۆنی بلێر، حاکمی عەسکەری ئەو سەردەمە لە ساڵی 2004، ئەو بڕیارەی ڕاگرت واتە بڕیاری عەبدلعزیز حکیم و مجلسی حووکمی سڕکرد و سەرلە نوێ یاسای باری کەسێتی هاتەو بواری جێ بەجێ کردن.
یەک خاڵ کە پیویستە بۆی بگەرێمەوە ئەوەی، کە لە ساڵی 1963 یاسای دادوەری و دادگاکان دەرچوو هەر لەو سەردەمەشەوە، ئەو یاسایەی محاکمی سوننەو شیعەکان هەڵوەشایەوە و هەمووی بووبە قەزا.
دوای ساڵی 2003 هەنگاوەکەی شیعەکان شکستی هێنا، دواتر لە ساڵی 2014 لەلایەن حسین شەمەری کە ئەوکاتە وەزیری داد بوو، لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پڕۆژەی یاسای مەزهەبی جەعفەری، پێشکەش بە پەرلەمانی عیراق کرد ئەوکاتەش هاوشێوەی ئێستا هەموو ڕێکخراوەکان و ئازادیخوازان ڕووبەڕووی بوونەوە نەیانهێشت ئەم پڕۆژەیە بچێتە گفتووگۆ و دەنگدانەوەو رەتکرایەوە.
لە دوای 2014 جارێکی تر لە ساڵی 2022هەوڵی هەموارکردنی ماددەی 57 لەم یاسایە درا، کە ماددەی 57 تایبەتە بە لە خۆگرتنی منداڵ بەوەی کە بەپێی یاساکە لەخۆگرتنی منداڵ لەلای دایک دەبێت، ئەگەر خۆی ویستی لە کاتی جیابوونەوەدا، بەڵام بەپێی هەموارەکە ئەو لە خۆگرتنە لە دایک دەسەنرایەوە بۆیە سەرلەنوێ جارێکی لەلایەن خەڵکانی ئازادیخواز و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، نەهێڵرا ئەو ماددەیە هەمواربکرێتەوە.
ئێستا جارێکی دیکە ئەم بابەتە خراوەتەوە بەرنامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، داوای هەموارکردنی ئەوەدەکەن، کە کەسەکان و پشتیشیان بە ماددەی ٤١ بەستووە بەوەی، کە هاوڵاتیان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ مەزهەبەکانی خۆیان، کە ئەمە هەر هەموارێکی ئەوەندە سانا نییە بەڵکو پێمانوایە بەم هەموارکردنە سەرتاپای یاسای باری کەسێتی هەڵدەوەشێتەوەو مەزهەبەکان شوێنی دەگرنەوە .
لەبەرئەوەی شیعەکان باڵادەستن پییانوایە، بە درێژایی مێژووی عیراق ئەوان غەدریان لێکراوە ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەو غەدرەنەهێڵن و ویستی خۆیان، کە گەڕانەوەیە بۆ مەزهەبی جەعفەری بۆ کاروباری کەسێتی خۆیان بهێننە دی.
بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنەوە هەیە، کە دەیانەوێ بە شەقامی خۆیان بڵێن ئێمە لە ماوەی کارکردنمان لە پەرلەمانی عیراق کارمان بۆئەوە کردووە کە ویستی جەماوەرەکەی خۆمانە، ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، هاوشێوەی شەش مانگی ڕابردوو شیعەکان چەند یاسایەکیان بەتەنیا و بە ئیرادەی خۆیان بەڕێکرد.
ئەم یاسایەش بەهەمان شێوە ئەم هەموارە تێپەڕێنن و کوردوسوننەش دەستکەوتیان هەبێت، ئەوان یاسای لێبوردنی گشتی بۆ داعش و کۆنە بەعسییەکان دەربچێت و کوردیش بابەتی گەڕانەوەی زەوییەکان، کە بەبڕیاری مجلسی سەورە سەنراوەو دراوە بە غەیری کورد ئەم بابەتەیان هێناوەتە پێشەوە و پێیانوایە کاتێکی گونجاوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسایە.
ئەم پڕۆژە یاسایە تێپەڕێت کێشە مەزهەبی و تایفییەکان قوڵتردەکاتەوە
نوچەنێت: ئەگەر ئەم یاسایە هەمواربکرێتەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی عیراقی چی دەبێت؟
د.ڕازاو: کاریگەری بۆ سەر کۆمەڵگەی عیراقی ئەوەدەبێت، کە یەکەمیان هەڵوەشانەوەی ئەم یاسایە دەبێتە هۆی پەرت بوونی کۆمەڵگەی عیراقی، چونکە جارێکی تر کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە هەر پێکهاتە، نەتەوە، ئاین و ئاینزا بگەڕێتەوە بۆسەر مەزهەبی خۆی هەروەها جگە لە قوڵبوونەوەی جیاوازییەکانی نیوان مەزهەبەکان جارێکی تریش کێشە لە نێوان خودی نەزهەبەکانیش دروست ببێت، چونکە بۆ نموونە مەزهەبی جەعفەری چەند ئاراستەیەکی تێدایە، مەزهەبی سوننە چەند ئاراستەیەکی تێدایە لەسەر ئاستی ناوخۆی مەزهەبەکانیش کێشەکان قوڵ دەبێتەوە.
هەروەها بابەتێکی تر بە فەرمی کردنی هاوسەرگیری منداڵە، هەروەها لێ سەندنەوەی لە خۆگرتنی منداڵە لەلایەن دایکەوە، کە سەرپەرشتیاری منداڵەکەی خۆی بکات و لەلای خۆی بێت.
ئەمە پێچەوانەی هەموو ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامانەیە، کە عیراق واژوی کردووە. ئەمەش هەر کاریگەری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت، هەروەها لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەموو ئەوکارانەی کراوە سەبارەت بە مافی ژنان و منداڵان و کارکردن بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، جارێکی تر هەڵدەوەشێتەوەو ئەو ئیشانەی کە پێشتر کراوە ئەو هێزەی نامێنێت.
.خاڵێکی زۆر گرنگ و مەترسیداریشە کە کۆی سستمی یاسایی تێکدەچێت و دەکەوێتە بەردەم پرسیارەوە، ئایا ئەو یاسایانەی تریش بەتایبەتی کە لە ساڵی 1994عیراق پەیماننامەی مافی منداڵانی واژووکردووەو هیچ تەحەفوزێکی لەسەر بابەتی دیاریکردنی تەمەن نەبووە، لە هەموو یاساکاندا ئاماژە بەوەکراوە، کە هەرکەسێک لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە شیاوی و لێهاتوویی یاسایی هەیە ئەگەر لە یاسای باری کەسێتیدا منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ شوبکات، ئایا لە یاساکانی تر چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات وەکو، منداڵێکی نۆساڵ یان وەکو کەسیک، کە لێهاتوویی یاسایی هەیەو وەکو هەژدە ساڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ئەو یاسایانەش کە پێچەوانەی ئەو هەموارە دەبێت زۆرن، هەر تەنیا یاسایەک نییە و کۆی سستمی یاسایی تێکدەچێت و دەکەوێتە بەردەم پرسیاری یاساییەوە.
هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدایە
نوچەنێت: ئایا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
د.ڕازاو: هەرێمی کوردستان لە ژێر مەترسیدایە ئەگەر ئەم یاسایە هەمواربکرێتەوە. لەسەر ئاستی پەرلەمان، حکوومەت، کۆمەڵگەو دادگاکانیش مەترسی هەیە، چونکە ئێستا ئێمە پەرلەمانمان نییە و لە بۆشایی یاساییداین ئەگەر ئەو یاسایە هەمواربکرێتەوە ئێمە پەرلەمانێکمان نییە ئەو یاسایە ڕەت بکاتەوە.
لەسەر ئاستی حکوومەتی هەرێمیش بەهەمان شێوە، لە بۆشایی یاساییداین، لەسەر ئاستی دادگاکانیش ئێمە ڕووبەڕووی دووکێشەی سەرەکی دەبینەوە. کێشەیەکیان پەیوەندی بە دادوەرەکانەوە هەیە بۆ نموونە، کە باوەڕیان بەو بابەتە هەبێت و باوەڕیان بە گەڕانەوە بۆ مەزهەبەکان هەبێت، بۆیە زۆر بە سانایی کاتێک هاوڵاتییەک داوادەکات کە بگەڕێتەوە بۆ مەزهەبەکەی خۆی و کار بەم یاسایە نەکرێت، ئەوا دادوەرەکە ئەگەر یاساکەش لە هەرێمی کوردستان دەرنەچووە ئەو کاتە جێ بەجێی دەکات، چونکە ئێمە هاوڵاتی عیراقین و دادوەر دەتوانێ جێ بەجێی بکات.
خاڵیکی تر پەیوەندی بە هاوڵاتییەکە خۆیەوە هەیە ئەگەر هاوڵاتی خۆی داوای ئەوە بکات بڵێت دەگەڕێمەوە بۆ مەزهەبەکەم، ئەگەر دادوەرەکەش خۆی قەناعەتی پێی نەبێت و بڵێت من یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی هەموارکراو بە ژمارە 15 ی 2008ی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکەم، ئەوکاتە ئەو هاوڵاتییە بۆی هەیە لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا تۆمار بکات و بڵێت، من وەکو هاوڵاتییەکی عیراقی بۆ نموونە لە دادگای سلێمانی ڕێگەم پێنادەن، کە هاوسەرگیری لەسەر مەزهەب بکەم یاخود بابەتی جیابوونەوە، یاخود میرات و ئەم ئەگەرە زۆکراوەیە بینیشمان کە لە ماددەی 18ی یاسای ژمارە 15ی 2008 لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عیراقی ڕاگیرا بە بیانووی ئەوەی کە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامییە.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئێمە لە ڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە زۆر تێکەڵاوین، لە نێوان نەتەوە جیاوازەکان و لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا، بۆیە بێ گومان کاریگەری خۆی دەبێت.
ئەگەر هاوشێوەی 2003 پەرلەمانێکمان هەبێت بڕیار بدات، کە ئەوان لەگەڵ ئەو هەموارکردنەدانین ئەوا لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەدەر نابین لە کاریگەرییەکانی. ڕەنگیشە هاوڵاتییەکان بڕۆنە دادگاکانی دەرەوەی دەسەڵاتی داداگاکانی هەرێم.
بەڵام هەرێمی کوردستان لەهەر حاڵەتێکدا کە پەرلەماندا دەست بەکاربێت مافی خۆیەتی، کە هاوشێوەی 2003 بڕیارێک دەربکات، بەڵام ئەوەشیان جێی گومانە لەبەرئەوەی ئەو پێکهاتەیەی ئێستای پەرلەمانی کوردستان، زۆر جیاوازدەبێت لەو پێکهاتەیەی بۆیە گومانم هەیە پەرلەمانی داهاتوو بڕیارێکی هاوشێوە دەربکات.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment