خاوەنی براندی كیژ دیزاین: لەڕێگەی بەکارهێنانی هێڵکارییە تەلارسازییەکان دەمانەوێ گەنجان بە ڕەسەنایەتی ئاشنا بکەین دیمانە و راپۆرت

نوچە نێت

كیژ دیزاین؛ كە براندێكی كوردیەكە بە وتەی خاوەنەكەی، تایبەتە بە پێداویستییە سەردەمییەکانی ڕۆژانەی گەنجان و لاوان لە قاڵب و شێوەیەکی کەلتووری و ڕەسەندا و دەڵێت، "(کیژ دیزاین) وەک هەوڵێکی بچووکة لە پێناو پاراستنی کەلتووری کوردیدا."

لە بەسەركردنەوەیەكی ماڵپەڕی نوچە نێت، خاوەنی كیژ دیزاین بە نوچە نێتی ڕاگەیاند، "من کیژان، خەڵکی شاری سلێمانیم، دەرچووی بەشی ئەندازیاری تەلارسازی زانکۆی سلێمانی و خاوەنی براندی (کیژ دیزاین) کە تایبەتە پێداویستییە سەردەمییەکانی ڕۆژانەی گەنجان و لاوان لە قاڵب و شێوەیەکی کەلتووری و ڕەسەندا. لەماوەی خوێندنم لە زانکۆ خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ کولتوور و تەلارسازی ناوچەیی تەریب لەگەڵ ئەدەبی کوردی بۆ دروست بوو، کە ئەمەش هانی دام بۆ خوێندنەوە و زیاتر ئاشنابوون پێیان. لەدوای تەواوکردنی زانکۆش، بڕیارم دا لە ڕێگەی هێڵکاری بینا دیار و مێژووییەکانی کوردستان و تێکەڵکردنیان لەگەڵ سیمبولە کوردەوارییەکان، ئەو جوانییەی کە لە کەلتووری کوردی و تەلارسازی ناوچەییدا هەیە ئاشنا بکەمەوە بە دەوروبەرم، لە ژێر پەیامی ( کەلتووری ئێمە ناسنامەی ئێمەیە)."

سەبارەت بەربەستەكانی كیژان ئاماژە بەوە دەكات، "یەکێک لە ئاستەنگییە دیارەکان دەست نەخستنی بەرهەمەکانمە لەلایەن خوازیارانی بەهۆی نەبوونی هێڵێکی گەیاندنی باش، بە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان بەتایبەت ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان. سەبارەت بە پشتگیریی کردن، من زۆر سوپاسی  دایک و باوک و خێزانەکەم ئەکەم ،کە هەر لە سەرەتای بیرۆکەکەمەوە پاڵپشتم بوون و یارمەتیدەرم بوون، تا بتوانم پەرە بە بیرۆکە و کارەکانم بدەم، وە هەمیشە هاوکارم بوون بۆ دروستکردنی نوێگەری لە بەرهەمەکان."

هەروەها ئەو دەشڵێت، "(کیژ دیزاین) وەک هەوڵێکی بچوک لە پێناو پاراستنی کەلتووری کوردیدا، دەیەوێت لەڕێگەی بەکارهێنانی سیمبول و هێڵکارییە تەلارسازییەکان لە چێوەی پێداویستییە سەردەمییەکانی ڕۆژانەدا لەلایەک گەنجان و لاوان بە ڕەسەنایەتی و کەلتووری کوردی ئاشنا بکات، لەلایەکی دیکەشەوە هونەری تەلارسازی بناسێنێت، چونکە دواجاریش ئەمانە دەبنە بەشێک لە ناسنامە و جێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵ و جیهانی بەربڵاودا دەکەنەوە، لەم گۆشەیەشەوە دەتوانین بڵێین (کەلتوور و تەلاسازی) گوزارشت لەو ڕاستییە نەگۆڕە دەکەن، کە کۆمەڵێک، هەرێمێک…… لەویتر جیادەکەنەوە."

كیژان سەبارەت بە بەرهەمەكانی بە نوچە نێتی ڕاگەیاند، "بەرهەمەکانم پێکهاتوون لە: تێنووس، توورەگەی شان، پادی ماوس، تابلۆ، کەڤەری مۆبایل، پەرتووک نیشاندەر، ستیکەر."

 كیژان پەیامی بۆ ئەو كەسانە هەیە كە بیرۆكەیان هەیە و دەیانەوێ ببن بە خاوەنی پڕۆژە و كارەی خۆیانن ئەو گوتی، "پەیامی من بۆ هەر کەسێک کە خواست و توانایەکی هەیە (لە هەر بوارێکی باشدا بێت) چ خوێندکار بێت یان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا، یاخود لە ماڵدا بن، ئەوەیە کە پەرە بە لێهاتووییەکانیان بدەن و بتوانن بیکەنە کارێکی سەربەخۆ و سەرچاوەیەکی داهات بۆ خۆیان، با بچووکیش بێت.. چونکە لە هەر بوارێکدا حەز و تواناکانت کۆکردەوە و کارت لەسەر کرد زۆر باشتر ئەتوانیت نوێگەری تێدا بکەیت و بەرەو پێش بچیت.دواجار دروستکردی جیاوازی و هەوڵدان بۆ دەستخستنی بەرهەمی باش، کار و ماندووبوونی زۆری ئەوێت کە پێویستە پشوودرێژبین لەو ڕێگەیەدا."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین