فاتێ کەریمی: لە هەر کۆمەڵگەیەک دین و سیاسەت تێکەڵ بکرێت ژنان دەبنە قوربانی دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

چالاکی بواری مافەکانی ژنان فاتێ کەریمی، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت، ئاماژە بۆ دۆخی ژنان لە کوردستان و جیهان دەکات و دەڵێت: لە هەر وڵاتێکدا دین و سیاسەت تێکەڵاوبکرێت ژنان قوربانی یەکەم دەبن.

نوچەنێت: مێژووی بزووتنەوەی فێمینیزمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

فاتێ کەریمی: لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، بە دروستبوونی بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکان لە ناوچەکە دەست پێدەکات. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حکومەتێکی بەهێز نەبوو، کە ئامانجی گۆڕانکاری بنەڕەتی و پێشکەوتن بێت، هەتا نوخبە و نووسەرەکانیش نەیانتوانیبوو ئازادی ژنان قبوڵ بکەن، بۆیە ئەوەی هەبوو تەنیا لاساییکردنەوەی ئەوروپا بوو، بۆیە جێی خۆی نەگرت. 

کاتێک ڕەزا شای پەهلەوی، لە ساڵی ١٩٢٣ لە ئێران هاتە سەرکار بڕیار دەدات، هەموو شتێک بگۆڕێت و حکومەتێکی ناوەندی بەهێز دروست بکات، ئێران کە وڵاتێکی زۆر دواکەوتوو بوو، بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی پیشەسازی بەهێز، بۆ ئەو مەبەستە کاری زۆری کرد لە بوارەکانی پێشکەوتنی جۆری کشتوکاڵ کردن، زۆرشتی گۆڕی یەکێک لە چاکسازییەکانی گۆڕینی دۆخی ژنان بوو، گوتی دەبێ ژنان بتوانن بخوێنن بڕۆنە زانکۆکان و کاربکەن، بۆئەوەی لە ڕواڵەتیش دا پێشکەوتن هەبێت. گوتی، دەبێ ئەو جلە مۆدیل کۆنانە لابەن، داوای لە کورد، عەرەب، فارس و تورکمان کرد وەکو ئەوروپاییەکان جل بپۆشن.

 بەڵام بزووتنەوەی ژنان لە وڵاتانی دیکە دەستی پێکردبوو، تا ڕاددەیەک ژنان هوشیارببوونەوە، بەرە بەرە داواکارییەکانی ژنان دەستی پێکرد، بەڵام تەنیا لە ناو نوخبەو بە ڕێژەیەکی زۆر کەم، بۆیە ڕەزا شا ئەوەی ئاسانکرد و قوتابخانەی بۆ ژنان کردەوە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لەم وڵاتانە ژنان سوودیان وەردەگرت و داوای مافی خۆیان دەکرد، هەندێکیان نەیاندەویست لەگەڵ حکومەت بن، بەڵام هەندێکیان سوودیان لەو گۆڕانکارییانە وەردەگرت، کە لە حکومەتەکاندا ڕوودەدات.

واتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بزووتنەوەی ژنان تێکەڵ بە سیاسەت و بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بوو.

نوچەنێت: لە کوردستانی باشور بزووتنەوەی ژنان هەیە؟

فاتێ کەریمی: بێگومان لە هەر وڵاتێک هەندیک ژن هەن کە بەڕاستی باوەڕیان بە مافەکانیان هەیە و هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام باشووری کوردستان شوێنێکی زۆر جیاوازە، بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەوەی ئێمە کە چووینە زانکۆکان، زۆرسوودمان لە بزووتنەوەی فێمینیستی ئێران وەرگرت بە تایبەت لە زانکۆکانی تاران، بۆیە ئێستا ژنی چالاکمان زۆرە، بەڵام باشوور لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا سەرکوتکاری زۆر هەبوو، خەڵک هەر فریای ئەوە دەکەوت خۆی لە دەستی ئەوان ڕزگاربکات، شەڕ و سەرکوتکردن و گەمارۆکان هۆکاربوون بۆئەوەی کۆمەڵگەی باشور زیاتر لە ناوخۆیان بمێننەوە و تێکەڵ نەبن، زانکۆکانیش نەیانتوانی ئەو ڕۆڵە ببینن، کە لە شوێنانی تر هەیە، ئاڵوگۆڕی کەلتووری نەبوو.

لە ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکا عێڕاقی ئازادکرد. بە هۆی دووئیدارەیی، ناکۆکی ناوخۆی حزبەکان و دەسەڵاتی حزب، نەیانتوانی سود لە پێشکەوتن و ئازادی وەربگرن. 

حزبەکان لە جیاتی هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی، ئامرازێکیان دروستکردنی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان بوو بۆ مەبەستی حزبایەتی، ڕێگەیان نەدا ڕێکخراوەکان سەربەخۆ بن، مەرجی گرنگ ئەوە نە بوو، کە باوەڕی تەواویان بە بزووتنەوەی فێمینیستی هەبێت. بۆیە ئەم پرسە بە ناتەواوی مایەوە.

لەسەر ئاستی تاک ژنانی فێمینیست هەن، بەڵام ناکرێت بڵێی بزووتنەوەیەکی ژنان لە باشوور هەیە، ژنانی باشوور زیاتر حزبایەتی دەکەن و موچە وەردەگرن. مافی ژنانیان زۆر لا گرنگ نییە. مافی ژنان بووەتە قوربانی ئامانجی حزبەکان، لە لایەکی تر حزبەکان شێخ و مەلا و چینەکانی تریشیان لا گرنگە، چینە زۆر کۆنزەرڤاتیڤەکەشیان دەوێت، لە ژێر کاریگەری ئێران و تورکیا زۆر بە لای ئیسلامیگەری سیاسییەوە چوون، زۆربەی خەڵک باوەڕی ڕەهای بە ئیسلامی سیاسی هەیە .

کاتێک ژنێک باس لە مافەکانی ژن دەکات بۆی هەیە پێگەی لە ناو کۆمەڵگە کەم ببێتەوە، بۆیە سەیر دەکەی میدیاکانی کوردستان لە ڕواڵەتدا زۆر مۆدێرنن، بەڵام شێوازی کار و بیروباوەڕیان دواکەوتوون و دژ بە پێشکەوتن و مافی ژنان، هەندی کەس دەهێننە سەر شاشەکان، کە هیچ باوەڕێكیان نە بە دیموکراسی و نە بە مافی ژنان هەیە، بە ئاشکرا بانگەشە بۆ فرەژنی و هاوسەرگیری منداڵان دەکەن، بۆیە سیستەمی پەروەردە لە باشووری کوردستان پێشکەوتنی بە خۆیەوە نەبینی ڕاگەیاندنەکان زۆر ڕۆڵێکی خراپیان هەبوو لەم بوارەدا. حزبەکان کە دەسەڵاتیان بەسەر هەمووشتێکدا دەشکێت ڕۆڵیان خراپبوو.

بۆیە لە باشووری کوردستان، هیچ بزووتنەوە و سەندیکایەک سەربەخۆ نییە، نە ژنان، نە کرێکار و نووسەران دۆخی ئەم پارچەیە زۆر بێهیوات دەکات.

نوچەنێت: لە واقعی ئێستادا هەست دەکەی کە خەباتی ژنان لە باشوری کوردستان، گەرموگوڕی ساڵانی نەماوە. پێتوایە هۆکارەکەی چییە؟ 

فاتێ کەریمی: بەهۆی دەسەڵاتی رەهای حزبەکانەوە، ڕێکخراوەکان وەکو پێویست بە دەم ژنانی زوڵم لێکراو و چەوساوەوە ناچن. ژن هەیە بانگەشەی فێمینیست بوون دەکات، بەڵام سەربەهەوێ هاوسەرگیری کردووە. بۆیە دۆخێک دروستبووە، کە خەڵک باوەڕیان بەو ژنانە نەمێنێت. 

لایەنێکی دیکە ئیسلامی سیاسی لەسەر کوردستانی باشوور زاڵە، ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە خەڵک بەلای ئیسلامێکی کۆنزەرڤاتیڤ و توندڕەودا بڕۆن. کاتێک مەلاکان سوکایەتی بە مافی ژن دەکەن، هیچ سیاسی یان بەرپرسێک بەرگری ناکات. ئەو توندوتیژییانەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

نابێت ڕۆڵی ئێران و تورکیا لەم دۆخە دژ بە مافەکانی ژنان نەبینین، تورکیا بە سەدان قوتابخانەی ئیسلامی داناوە و ئێرانیش بە هەمان شێوە. واتە سیاسەتی دەرەکیش کاریگەرییان لەسەر دواخستنی مافەکانی ژنان هەیە. یەکێکی تر کە بابەتی ماف و داواکارییەکانی ژنانی بە لاڕێدا بردووە، هەبوونی کچە مۆدێل و شتە، کە قەزیەی ژنانی بە لاڕێدا بردووە. ئەو ژنانەی کە چالاکن و باوەڕیان بە تەواوی مافەکانی ژنان هەیە، پشتگوێ دەخرێن؛ بۆیە زۆر کەمن و پاڵپشتی مەعنەوی و دارایی ناکرێن. بۆیە بە ئاشکرا بانگەشە بۆ فرەژنی دەکرێت، ژن کوشتن زۆرە. بە ئاشکرا پشتگیری ئەو کەسایەتییە ئایینیانە دەکرێت، کە دژ بە ژن قسە دەکەن، دۆخی ژنان باشتر نەبووە، تا بڵێین بۆیە بیدەنگن، ڕەنگە ئەو ژنانەی کاردەکەن زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی ببیتەوە.

ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە، کە لە ڕۆژی ٨ی مارس یان ٢٥ی نۆڤەمبەریش، کە باسی ڕۆژی ژنان دەکرێت هەمووی باسکردنی زۆر سادە و ساکارە، ساڵانە چەندجارێک ئەو باسە هەیە. ڕاستە لە باشوور یاسای پێشکەوتوو هەن، بەڵام ئایا جێبەجێ دەکرێن؟ 

نوچەنێت: پێتوایە لە سەر ئاستی جیهان پاشەکشێیەک لە مافەکانی ژن هەیە؟

فاتێ کەریمی: لەسەر ئاستی جیهان دۆخی ژنان، پێشکەوتنێکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە. لە هەموو بوارەکاندا گۆڕانکاری لە دابونەریت هوشیاربوونەوەی ژنان هەیە، بەڵام ئەگەر بڵێین ژنان لە هەموو دنیا بەهۆی ژنبوونیان دەچەوسێنرێنەوە و زوڵمیان لێدەکرێت، لە ئەوروپا و ئەمریکاش بە هەمان شێوە، سیستەمی پیاوسالاری کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام لەهەر کۆمەڵگەیەک دەبێ حکومەت ئەو سیستەمە پەراوێز بخات و نەهێڵێ لە برەودابێت. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە کۆمەڵگە ئەمریکییەکان و لە ئەوروپاش دەبینن، کە بە هاتنەوە سەرکاری ترەمپ، زۆر مافی ژنانیان لا گرنگ نییە، لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش مافی ژنان ڕوو لە مەترسییە، چونکە ترەمپ کەسێکی زۆر کۆنزەرڤاتیڤ و توندڕەوە، مافی ژنان و هاوڕەگەزخوازان بە فەرمی ناناسێت، ڕۆژ لە دوای رۆژ، ڕوو لە پاشەکشێ دەکەن.

لە وڵاتێکی وەکو فەرەنسا و ئەڵمانیا هەر سێ ڕۆژ جارێک ژنێک دەکوژرێت. ڕاستە زۆربەی ئەو ژنانە پەنابەرن خەڵکی وڵاتەکە نین، بەڵام ژنانی خەڵکی وڵاتەکانیش دەکوژرێن.

دەسەڵاتەکان بەرپرسی یەکەمن لە کووشتنی ژنان، بۆ نموونە کاتێک لە فەرەنسا ژنان دێنە سەرشەقام داوای ماف دەکەن، ماکرۆن بە هۆکاری سەرەکی دادەنێن، لەبەرئەوەی پێیانوایە حکومەت کەمتەرخەمە، چونکە ژن هەیە چوارتا پێنج جار چووەتە بنکەی پۆلیس و سکاڵای تۆمار کردووە و پێی راگەیاندوون، کە مەترسی لەسەرە، بەڵام سیستەمی پۆلیس ئەو هەستیارییەی بەرامبەر بە ژنان نییە، زۆربەی ئەو ژنانەی کە دەکوژرێن پێشتر دۆسیەیان لە لای پۆلیس هەبووە، کە سکاڵایان تۆمارکردووە. بەڵام بە گوێرەی پێویست نەپارێزراون. 

شتێکی تریش لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەوەیە، ڕەوتێک لە فێمینیزم ڕووی لە پێشکەوتنە کە سیاسەتەکانیان لەگەڵ دەوڵەتە ڕاستڕەوەکانە، باسی مافی ژنان دەکەن، بەڵام دژ بە پەنابەر و موسوڵمانەکانن، واتە خۆیان لەگەڵ دەوڵەتە راستڕەوەکان ڕێکدەخەن.

بۆیە چۆنێتی باسی مافی ژنان دەبێ بە ئاگایی و هەستیارییەوە بێت و وردبن، ئەو کەسەی کە باس لە فێمینیزم دەکات بە کام سیاسەت داوای دەکات و بە کام ڕێگا داکۆکی دەکات؟

بۆیە لەسەر ئاستی جیهانی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوە لە مەترسیدایە و لە زۆر کۆمەڵگە، خەریکە بەرەو دواوە دەدەچێت.

نوچەنێت: لە پەرلەمانی عێڕاق یاسای باری کەسێتی هەموارکراو یاسای جەعفەرییە هێنرایە جێگای، پێتوایە لەم سەردەمی پێشکەوتنەدا ئەوە بۆ ڕوودەدات؟

فاتێ عێڕاق لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی مەزهەبی ئێراندایە، بۆیە هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە وێڕای تێبینییەکانمان بۆ ژنان لە عێڕاق باشترە، بەڵام دەنگی ژنان لاوازە، ژنان نابینین بڕژێنە سەرشەقام، لە هەرێم ئیسلامییەکان پەرەیان سەندووە، بۆیە مافی ژنان گرنگ نەماوە. لە باکوری کوردستان ژنە تورک و کوردەکان ڕێکخستنیان جیاوازە، بەڵام بە یەک دەنگ بۆ مافەکانیان دەڕژێنە سەرشەقام، لە عێڕاق شتێک بە ناوی ڕێکخستنی ژنان بوونی نییە هەتا ژنانی سەربەخۆ دەنگیان نییە، نەک ژنانی کورد و عەرەب ببن بە یەک دەنگ هەتا ئێستا ژنانی کورد خۆشیان ناتوانن ببن بە یەک دەنگ.

ئەو شتانە بەگشتی لە عێراق بە کوردستانیشەوە نەماوە، تەنیا دەنگی تاکە کەس و گرووپ ماوە. سیاسەت بەرامبەر بە ژن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، ئەگەر ژنان ڕێکخستنیان نەبێت ناتوانن خەباتێکی یەکگرتوو و کاریگەر بکەن. 

نوچەنێت: هیزە ئیسلامییەکان لە سوریا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست. پێتوایە دۆخی ژن بەرەو کوێ دەچێت؟

فاتێ کەریمی: دۆخی سووریا جارێ پێشبینی ناکرێت و بۆ هەر قسەکردنێک زووە، بەڵام دەزانین ئیسلامییە توندڕەوەکان چۆن سەیری مافی ژن دەکەن. ئەو ژنانەی، کە رۆڵیان دەدرێتێ تەنیا ئەوانەن کە هەمان خاوەن ئایدۆلۆژیان، لەهەر وڵاتێک دین تێکەڵ بە سیاسەت کرا یەکەم قوربانی ژنان دەبن.

ژنان ڕۆڵی سەرەکییان لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران هەبوو، بەڵام کە دەسەڵات بوو بە ئیسلامی یەکەم قوربانی ئەم وڵاتە ژنان بوون. حیجابی زۆرەملێیان بەسەردا سەپاندن، لە هەموو بوارە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان مافی ژنان پێشێل کراو لە زۆربەی بابەتە گرنگەکاندا پەراوێزخران. 

دوای زیاتر لە چل ساڵ لە حوکمی ئیسلامی لە ئێران خەڵک باوەڕی دینییان نەماوە، خەڵکی دووڕوویان بارهێناوە، لە دەرەوە دەبێ ئیسلامی بن لە ماڵەوە بە جۆرێکی تر دەژین. هەست دەکەم ئێستا باشووریش وایە، خەڵک دووڕووە و لە دەرەوە جۆرێک و لە ناوەوە جۆرێکی ترن.

هەرچەندە جارێ پێشبینی ناکرێت، کە دۆخی سوریا چۆن دەبێت، بەلام ئەگەر ئیسلامی توندڕەو ببێتە دەسەڵاتدار، بێگومان ژنان دەبن بە قوربانی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین