ئەندریا: بڕیار لەسەر پەیکەر و جەستەمان مەدەن...ئاوەز گرنگە
نوچەنێت: ئافرەتان
نوچەنێت: ژیان و ژنبوون لای ئەندریا چییە؟
ئەندریا پێشڕەو: ژیان ئەو تاقیکردنەوەیەیە کە مرۆڤ بۆ ئەوەی تێیدا سەرکەوتوو بێت دەبێت ئامانجی هەبێت. لە پێناوی بەدیهێنانیدا هەوڵ و کۆشش بکات لە شکست نەترسێت و بتوانێت هەڵبستێتەوە و ئیرادە و بڕوا بەخۆبوونی تێدا بێت تا ئەنجامێکی باشی هەبێت.
ژن، داینەمۆی ژیانە و هەوێنی دروستکردنی تاکێکی سەرکەوتووە کە بتوانێت خزمەتی مرۆڤایەتی بکات.
چیرۆکی سەرکەوتنی خۆت و تەواوکردنی خوێندن چۆن بوو؟ نوچەنێت:
خوای پەروەردگار پاڵپشت و پشتیوانم بوو، بۆ سەرکەوتنم لەپاشان خێزانەکەم بە شێوەیەکی گشتی بە تایبەتی باوکم و دایکم ئەگەر ئەوان هاندەر و پشت و پەنام نەبوونایە هەرگیز نەدەگەیشتم بە ئێستا.
خوێندنم نا ئاسایی بوو. بە هۆکاری کەمئەندامی جەستەییم لەبەر ئەوەی ڕێگرە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و جوگرافییەکان زۆر زۆر بوون. هەر لەسەرەتاوە کاتێک وەک هەر منداڵێکی تر چوومە قوتابخانە لە هیچ خوێندنگایەک وەرنەگیرام، لەبەر ئەوەی کە خولیای خوێندنم زۆر بوو بە هاوکاری باوکم لە ماوەی یەک مانگدا فێری دەنگەکانی زمانی کوردی بووم، تا تەمەنی پانزە ساڵی بە ناچاری بۆ ئەوەی ببمە خاوەن بڕوانامە چوومە فێرکردنی گەورە، بەماوەی چوار ساڵ قۆناغی شەشی سەرەتاییم تەواو کرد بە کورتی بە درێژایی دوانزە ساڵی خوێندن تا تەواوکردنی قۆناغی ئامادەییم دەتوانم بڵێم تەنها دوو ساڵ وەکو خوێندکارێکی ئاسایی خوێندم لە ناوەندی[ دەباشان] ی کچان، ئەگەر نا پۆلی حەوتەم و قۆناغی ئامادەییم کە لە بەشی زانستی بووم دەرەکی و بێ مامۆستا بووم واتا بە هەوڵی تاکە کەسی خۆم بە سیدی و کۆمپیوتەرێک کە تەنها چەند شتێکی زۆر سەرەکی و بنەڕەتی تێدا بوو، وەک ئێستا نەبوو کە لە یوتوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەموو وانەکان هەبن ئەگەر هەشبووبێت زۆر کەم بوو هەروەها توانای دارایی ئێمە لەو کاتەدا زۆر لەوە کەمتر بووبتوانم هێڵێکی تایبەتی ئینتەرنێتم هەبێت. بۆیە لەو کاتەدا بۆ زۆربەی وانەکان خۆم مامۆستا و فێرکاری خۆم بووم تەنیا لە قۆناغی دوانزەدا بە هاوکاری کۆمەڵەی[توانا بەخش] و خێزانی خۆم، مامۆستام بۆ دابینکرا لەو قۆناغەشدا بۆ وانەکانی کوردی و ئینگلیزی بێ مامۆستا بووم. لەگەڵ ئەوەشدا کۆنمرەی حەفتاودووم هێنا بە خواستی خۆم چوومە کۆلێجی زمان بەشی کوردی بەیانیان، بەڕاستی لە زانکۆدا هیچ یەکێک لەو ئاستەنگ و ڕێگرییانەم نەبوو کە تا تەواوکردنی ئامادەییم چەشتم کۆی دکتۆر و مامۆستاکانی بەشەکەم بە ڕاگر و سەرۆک بەشەوە زیاتر لەوەی، کە بە وشە بنووسرێت پاڵپشت و پشتیوانم بوون و دیزاینکردنی بیناکان زۆر گونجاو و بێ کێشە بوون و بینای کۆلێژی زمان، سێ نهۆم بوو و بەرزکەرەوەشی تێدا بوو، بەڵام بۆ ئەوەی من ماندوو نەبم بۆ یەکجاریش گروپی ئێمە نەچووینە سەرەوە و مامۆستاکان دەهاتن و لە هۆڵەکانی خوارەوە وانەیان پێدەگوتین. کۆمەڵێک هاوڕێی زۆر دڵسۆز و باشم هەبوون هەروەها ئامانج و خەونم هەبوو بۆ ئەوەی بتوانم لە داهاتوودا لە هەمان کۆلێژ و بەش ببمەوە بە مامۆستا و خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردی بکەم. هاوکات خاوەن داهاتی خۆم بم و بتوانم تاکێکی بەرهەمهێن بم وای کرد هەوڵێکی زۆر بدەم و بە پلەی سێیەمم دەربچم بۆ هەر چوار ساڵەکە.
نوچەنێت: ئەو ئاستەنگانە چی بوون هاتنە بەردەمت؟ چونکە زۆر لە خانمانی ئێمە کە هیچ کێشەیەکی جەستەیی یان تەندروستییان نییە ناتوانن ئەو پلەیە لە خوێندن بەدەست بهێنن یان بیانوو بۆ خۆیان دەدۆزنەوە.
ئەندریا پێشڕەو: وەڵامی ئەم پرسە بە پڕاوپڕی خۆی کە باسی تەواوی ئاستەنگ و ڕێگرییەکانم کردووە وەک کەسێکی کەمئەندام لەناو کتێبەکەمدایە ، بەڵام لێرەدا دەتوانم ڕێگرییەکان لەم چەند خاڵەدا کورتبکەمەوە، یەکەم تێنەگەیشتنی بەشێکی زۆری کۆمەڵ لە خودی کەمئەندامی و بڕیاردان لەسەر پەیکەری جەستە بەوەی، کە کەسانی کەمئەندام بێ توانان و هیچیان پێناکرێت و فەرامۆشکردنی بیر و ئاوەزمەندیمان ئەمەش خۆی لەخۆیدا بەربەستێکە، کە نەتوانن ڕەفتارێکی دروست لەگەڵ کەسانی کەم ئەندامدا بکەن و دەرخەری بەهرە و تواناکانمان بن، یان هەر نا بکوژی نەبن هاوکار بن لە دروستکردنی ژینگەیەکی لەباربۆمان هاوکات بەداخەوە لە لایەن بەشێکی زۆری پەروەردە کارانەوە بە جۆرێک شکێنرام لە قوتابخانەکان، کرامە دەرەوە، ئەگەر ویست و ئیرادەی خۆم و پاڵپشتی و پشتیوانی خودا و خێزانەکەم نەبوایە ئێستا کەسێکی نەخوێندەوار دەبووم لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ ئەم توێژەی کۆمەڵ.
دووەم، ڕەچاونەکردنی تایبەتی کەسانی کەمئەندام لە دیزاینکردنی بیناکان و شوێنە گشتییەکان بە تایبەتی لە قوتابخانەکاندا، کەمترین کارئاسانی بۆ ئێمە کراوە هەر لە دروستکردنی ڕامپایی تایبەت و هەبوونی پۆل لە قاتی خوارەوە و نەبوونی بەرزکەرە و هەروەها نەبوونی ئوتومبیلی گونجاو بۆ کەسانی وەک ئێمە، سێیەم نەبوونی یاسایەکی تۆکمە و پابەندکردنی دامودەزگای پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی تا ئەرک و مافی ئێمەی تێدا دیاریبکرێت، هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە نەمتوانی وەک کەسێکی ئاسایی لە کاتی خۆیدا و بەبێ کێشە و گرفت خوێندنی خۆم تەواوبکەم.
پێشوازی خەڵک لە سەرکەوتن و هەوڵدانت لە ژیان چۆنە؟ نوچەنێت:
ئەندریا پێشڕەو: بە شێوەیەکی گشتی پێشوازییەکی زۆر باش و ناوازەیە. لە ڕاستیدا لەو کاتەوەی لە تیڤییەکان یان لە سۆشیال میدیا کەوتوومەتە بەر چاوی بینەر یان خوێنەر، چ وەک خوێندکاری زانکۆ و چ وەک نووسەر زۆرینەی ئەو پەیامانەی پێمدەگات و بۆم دەنووسرێت دەتوانم بڵێم لەسەدا نەوەد و هەشتی دەستخۆشی و پێزانین و هاندان و بەگەورە بینینی کارەکانمە. هەمووان دڵخۆشن بە سەرکەوتنەکانم، بە تایبەتی ئەوەی جێگەی دڵخۆشییمە لە دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم بەرهەمم، کە نووسینەوەی ژیانی خۆمە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لە لایەن بەشێکی زۆری نووسەرە گەورە و خاوەن ئەزموونەکانی کوردەوە، چەندین وتاری تایبەتی لەسەر نووسرا و کۆڕی تایبەتی بۆ بەسترا هەروەها دەنگدانەوەیەکی باشی لە نێوان خوێنەراندا دروستکرد لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات، هەڵبەت لە پڕۆسەی هاتنە دوونیای ئەم کتێبەمدا دەبێت باس لە ڕێکخراوی ئاشای مرۆیی خاتوو شارا موستەفا و کاک هیوا کۆیی بکەم، کە هۆکاری سەرەکی بوون لەوەی بتوانم لەنێو پڕۆسەی خوێندندا ببمە خاوەن یەکەم بەرهەمم، هەروەها نوسەری گەورە و بە ئەزمون کاک هیوا قادر هاوکاری کردم لە ڕاستکردنەوە و پاکنووسی کتێبەکەم و نووسینی پێشەکییەکەیدا، کە پێزانینم هەیە بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان.
نوچەنێت: نێوانت لەگەڵ خوێندنەوەو نووسین چۆنە بە گشتی؟
ئەندریا پێشڕەو: هەر لە منداڵییەوە نێوانم لەگەڵ خوێندنەوەدا زۆر باشە. ئەو چەند ساڵەی، کە لە ماڵەوە بووم و لە خوێندنگا وەرنەگیرام بوومە هاوڕێی گۆڤارەکانی منداڵان، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم هاورێیەتە بەردەوامە و ئەوەندەی بتوانم ڕۆژانە لە بابەتی جۆراوجۆر دەخوێنمەوە. بەتایبەتی لە بواری چیرۆک و ڕۆماندا هەڵبەت تێکەڵاوبوونم لەگەڵ خوێندنەوەدا هەر لە منداڵییەوە حەز و ئارەزووی نووسینی تێدا چاندم، لە ئێستادا خاوەنی کتێبێکی چاپکراوم کە ژیاننامەی خۆمە بە ناوی(چیرۆکەکانی ئەندریا )و یەکەم نووسەری کەمئەندامی توشبووی ئیفلیجی مێشکم.
پلانت هەیە لە نووسین بەردەوام بی کە خاوەنی کتێبێکی چاپکراوی؟ نوچەنێت:
ئەندریا پێشڕەو: بەدڵنیاییەوە پلان و بەرنامەم هەیە و دەمەوێت لە نووسین بەردەوام بم، لەبەر ئەوەی نووسینم خۆشدەوێت دەستبەرداری نابم، خەونی زۆر لەوە بەهێزترم هەیە لەو بوارەدا بە بڵاوکردنەوەی یەک کتێب تەواو بێت، دەمەوێت هەموو پەیامەکانی خۆم و خەیاڵەکانم بخەمە چوارچێوەی چیرۆک و ڕۆمانەکانمەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی بەلامەوە گرنگە ئەوەی کە دەینووسم چییەتییە، نەک چەندێتی بەرهەمەکانم، لەبەرئەوەی هەست دەکەم لەو کەسانەم کە ناتوانم هەموو ساڵێک بەرهەمم هەبێت و لە هەمان کاتدا شتێکی باش بێت بەڵکو بە چەند ساڵێک یەک بەرهەمم هەبێت باشتر کۆنترۆڵی بکەم.
نوچەنێت:چ هۆکار یان شتێک کاریگەری لەسەر ئەندریا هەیەو هانی دەدات هەوڵ بدات و سەرکەوتووبێت؟
ئەندریا پێشڕەو: هۆکارەکان زۆرن لە سەرەتادا پێم وایە، مادام خودا منی بە مرۆڤ خوڵقاندووە و بیر و ئەندێشە و ئاوەزی پێداوم ئیتر ئەرکە لەسەرم تا ئەو ساتەی دەتوانم هەوڵبدەم و جێگەی دەستی خۆم دیاری بکەم لەو شتانەدا کە دەتوانم بیانکەم، وەک کەمئەندام لەو باوەڕەدام دەبێت، کەسانی وەک ئێمە کە لە بوارێکدا دەرکەوین و سەرکەوتووبین و پێشەنگ بین. ببینە نموونەی باڵا تا کەسانی تر چاومان لێبکەن و وەک پێشمەرگەیەک بجەنگین، بەڵام بە چەک نا بەڵکو لە ڕێگای قەڵەم و نووسینەوە هەوڵبدەین بە یاسای تایبەت، کە کاری پێبکرێت نەک تەنها نووسراوی سەر کاغەز بێت. هەوڵی دروستکردنی ژینگەیەکی ئاسایی و تەندروست و یەکسان بدەین، کە لەسەر بنەمای کەمئەندام بوون و جەستە ساخی جیاوازی لە نێوان مرۆڤدا نەکرێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment