پەخشان زەنگەنە: لە کاتی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتیدا کاک نێچیرڤان ڕۆڵی گرنگی هەبوو دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

پەخشان زەنگەنە، سیاسی و چالاکی بواری مافەکانی ئافرەتان، لە چەندین پۆست و پێگەی جیاوازدا کاری کردووە. وەک خۆی دەڵێت، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەستی بە خەبات کردووەو تا ئێستا بەردەوامە. کاتی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ئەو سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن بوو لە مافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمان، لە گفتووگۆیەکی نوچەدا هەموارکردنەوەو گۆڕانکاری لە یاساکاندا بە کارێکی گەورە وەسف دەکات ودەڵێت" دەبێت لەم بابەتەدا ڕۆڵی کاک نێچیرڤان بارزانی کە ئەو کات سەرۆکی حکوومەت بوو لە بیرنەکەین".

نوچەنێت: جگە لە خەباتی پێشمەرگایەتی، خەباتێکی چڕ و پڕت لە بواری پرسەکانی ئافرەت هەیە. ئێستاش بەردەوامی؟

پەخشان زەنگەنە: خەباتی من لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەرفەتی یەکسانە بۆ گشت تاکەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی، لەسەر بنەمای فکری و پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی زانستی کە ڕێبازی مارکسیەتە، لەسەرەتای لاوێتییمەوە پابەندم پێیەوە. لە هەر بوارێک کارم کردبێ هەتا لە بواری پیشەیشدا هەمیشە پابەندبووم بەم ڕێبازەوە. ئەم ڕێبازە ڕێ پیشاندەر و لە باڵاترین بەهاکانی ژیانم بووە. خەباتی پێشمەرگایەتیم بە باڵاترین شێوازی خەباتی سیاسی و حزبیم دادەنێم لە پێناو ئەو ئامانجە باڵایەی ژیانم.

لە هەر پێگە و پۆستێک دا بووبم کارم لەسەر پرسی ئافرەتان کردووە 

لە تەمەنی هەرزەکارییەوە چوومە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیانی عیراق، کە دروشمی (بەرپاکردنی کەشێکی ئازاد بۆ ژیانی قوتابێتی و دواڕۆژێکی باشتر) بوو. لە سەردەمی لاوێتی لە ژێر دروشمی (لە پێناو وەدیهێنانی خەونی لاوان بۆ ژیانێکی ئاسودە، بە کەرامەت و دەرفەتی یەکسان) لە ڕیزی یەکێتی لاوانی دیموکراتی عیراق کارم دەکرد.

لە ڕیزەکانی حزبی شیوعیدا لە بواری جۆراجۆردا کارم کردووە. لەگەڵ کرێکا، جوتیار، کاسبکار، ڕۆشنبیر، دەوڵەمەند و هەژار، تەنانەت لە گەڵ خەڵکی پلە باڵا لە دەوڵەتدا کە بە نهێنی پەیوەندیان لەگەڵ حزبی شیوعیدا هەبووە. هەروەها کاری سەندیکاییم کردووە. لە بواری ڕاگەیاندو زۆر بواری تریشدا.

ئەمانە باس دەکەم، چونکە لەو ڕەوتەی ژیانمدا بەردەوام ئەزمون کەڵەکە دەبێت. هوشیاری قوڵتر و قەناعەت بە ڕەوایەتی ئامانجی خەباتم پتەوتردەبێت. هەتا ئێستا و ئەم تەمەنەش هەست دەکەم بەردەوامم لە فێربوون و بە بابەتی نوێ ئاشنا دەبم و ئەزمونی نوێ وەردەگرم. لەسەردەمی ڕژێمی بەعس لە نێوشارەکاندا کاری نهێنیم کردووە و ساڵانێکی زۆر وەک پێشمەرگەی کارا بە ئەرکی دیاریکراو لە چیاکان پێشمەرگە بووم. 

لە گشت وێستگەکانی ژیانمدا هەمیشە کێشەی ژن، یەکێک لە گرنگترینەکانی ژیانم بووە. بە خەمخۆری و بایەخدانەوە کارم بۆ کردووە. بۆیە دەڵێم کێشەی ژن، کێشەی جیاکاری لە ماف و پێگەدا لە نێوان ژن و پیاو، هەتا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەستەمە باس لە کۆمەڵگەیەکی بێ گرفت و دروست بکەین. کێشەی ژن ئەوەندە قوڵ و ئاڵۆزە خەبات بۆ چارەسەرکردنی گەلێک سەخت و درێژخایەنە. خەبات بۆ وەدیهێنانی مافەکانی ژنان و پتەوکردنی پێگەیان بەرە و یەکسانی ڕوو بە ڕووی گەلێک سەختی دەبییەوە. تەنانەت فەرامۆش کردن و نادیدەگرتنی هەندێک جار لە لایەن کەسانی مرۆڤ دۆست و دیموکراتی خوازەوە سەختە. پێموایە تێگەیشتن و قەناعەت کردن بە گرنگی وەدیهێنانی مافەکانی ژنان ئاسان نییە. 

کلتوری جیاکاری لە نێوان مافەکانی ژن و پیاودا، جیاکاری لە پێگەو سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە و بەگشتی لە ناو خێزاندا بابەتێکی لە مێژینەیە بۆ سەرەتاکانی کۆمەڵگەی مرۆیی دەگەڕێتەوە. هەتا گەیشتووەتە ئەم کەڵەکەبوونەی کە ئێستا هەیەو بەردەوامیشە. تەنانەت بووەتە بەشێک لە بنەمای کلتوری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەپێی کۆمەڵگەکان کەم و زۆر پەیڕەو دەکرێت. ئەگەرچی لەو وڵاتانەی کە لە ئاستێکی پێشکەوتووی گەشەسەندندان، بە یاسا مافەکانیان هاوتا کراوە بەڵام لە هزری کۆمەڵایەتیدا هێشتا ئەو جیاکارییە بەدی دەکرێت.

لە سەردەمە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەلگەی مرۆڤایەتیدا پێگە و مافەکانی ژنان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە. دیارە ئەم گۆڕانکارییانەش بەبێ هۆکار نەبوون، کە لەم (گفتوگۆیەدا بواری باسکردنی زەحمەتە) ئەم کلتوری جیاکارییە لە سات و سەردەم و هەلومەرجی جیاوازدا بە شێوازی جیاواز دەردەکەوێت. 

نوچەنێت: چوارساڵ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و نۆساڵ ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی خانمان بووی، پێتوایە وەکو پێویست توانیوتە لەم پۆستانەدا خزمەت بە دۆزی ئافرەتان بکەی؟

پەخشان زەنگەنە: ئەگەرچی ئێستا پۆستێکی فەرمیم نییە بەڵام بەشیوازی جۆراجۆر بەردەوامم لە تێکۆشان، لە ناو ڕیزەکانی حزبی شیوعیدا، هەروەها پەیوەندیم لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە وێڕای ئەوانە پەیوەندیم لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا هەیە لە زۆر چالاکیدا بەشداری دەکەم و دانیشتن، گفتووگۆ و ڕاگۆڕینەوەمان زۆرە، چونکە تێکۆشان پرۆسەیەکی وەرزی و کاتی نییە و بەخشین و قوربانیدانە لە پێناو ئامانجێکدا. 

لە هەر بوارێک کارم کردبێت و هەر بەرپرسیارێتییەکم هەبووبێت لە ناو کایەی حزبی و سیاسی، یان لە ناو کایەی ئیداری و پیشەییمدا وەکو مامۆستای فیزیا بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بووە لای من، لە ئەستۆگرتنی هەر ئەرکێک لە هەر ئاستێکدا لە لای کەسێک، کە ژیانی خۆی خستووەتە خزمەت ئامانجێکی گەورە و خەباتی بۆ دەکات بەڵێنێکە کە داویەتی بە بە گەل و نیشتیمان، ئەگەر  بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی کاربکات.

 بە هەمووی توانای خۆمەوە لەسەر حسابی تەندروستی و ئەرکی خێزانی، بە شەونخونی و ڕوو بە ڕووبوونەوەی مەترسی کە لە خەباتی سیاسی و حزبیدا لەسەردەمی ڕژێمی بەعسەوە، زیاد لە وزە و توانای خۆم هەوڵم داوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان چاوەڕوانی پاداشت و دەستخۆشی نەبووم. خۆش بەختانە زۆرێک لەو زاتانەی کارمان کردووە پێکەوە و لەو زاتانەی کە لە ژێر سەرکردایەتیاندا کارم کردووە، لە ژیاندا ماون. لە حزب، پەرلەمان و حکوومەت و تەنانەت لە پیشەی مامۆستایەتیشم دا. تەمەنیان درێژبێت بە تەندروستی باشەوە ئەگەر ئەرشیفەکان پارێزرابن بەڵگەنامەکانی کارەکانم ئەو شاهیدەیەم بۆ دەدەن.

ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بووم لە ساڵی (2005-2009) سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن بووم لە مافی ئافرەتان کە لە یانزە ئەندام پێکهاتبوو نۆ ژن و دوو پیاو، لەگەڵ هاوڕێیانم لە لیژنە و بە هاوکاری ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی دەرەوەی لیژنەش توانیمان تا ڕاددەیەکی باش هەندێک دیدگا و بڕیار و باس، لە بەرژەوەندی ماف و پێگەی ئافرەت بچەسپێنین. چەندین کاری گرنگمان کردووە بە هاوکاری کەسانی مرۆڤ دۆست وەکو:

لە هەموارکردنەوەی یاساکان دەبێت ڕۆڵی کاک نێچیرڤان باس بکرێت

1. دەرکردنی یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2008، یاسای هەموارکردنی جێ بەجێ کردنی یاسای باری کەسێتی عیراقی، ژمارە (188)ی ساڵی 1959, بەرەو بەهێزکردنی ماف و پێگەی ژن لە ناو خێزاندا. 

خواستی هەموارکردنی ئەم یاسایە لە پێشینەی خواستەکانی ژنانی کوردستان بوو لە  دوای ڕاپەڕینی 1991، کە بەش بە حاڵی خۆم وەدیهێنانی جۆرێک لە دادپەروەری لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەندامانی خێزان و ڕاستکردنەوەی ئەو لاسەنگییەی لەو پەیوەندیانەدا هەیە. بە تایبەت لە نێوان ژن و پیاودا دەچێتە چوارچێوەی ئامانجی باڵای خەباتم، کە ژیانی خۆمم بۆ تەرخان کردووە. ئەویش وەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی مرۆڤاکانە.

پەرلەمان پێگەیەک بوو بۆ وەدیهێنانی هەندێک لایەنی ئەم ئامانجە. لێرەدا زۆر زەحمەتە باس لە سەختی کارکردن بۆ هەمواری ئەم یاسایە بکەم، باس لە بەشداری فراوانی ژنان و ناوەندی هەمەجۆری کۆمەڵگە بکەم. خۆی بابەتێکە بە دەیان لاپەڕە تەواو نابێت. ڕەنگە لە یادتان بێت یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی گفتووگۆ دەربارەی پڕۆژەکە لە پەرلەمان کەرنەڤاڵێک لە باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێوە چوو، ژنان لە هەموو پارێزگاکانی کوردستانەوە بە دروشمی پشتگیری هەموارکردنەوەکە، لەبەردەرگای دەرەوەی پەرلەمان هەتا ڕێڕەوەکانی ناو باڵەخانەکە بە دروشمەکانیانەوە وەستابوون. لە نهۆمی سەرەوەی پەرلەمان کە بۆ میوان تەرخان کراوە تەنرابوو، بەڕاستی کەرنەڤاڵێکی بێ وێنەبوو تا ئێستاش لە کوردستان ئەم یەک دەنگییەی ژنان دووبارە نەبووەتەوە. 

لە بیرمان بێت کە دژایەتییەکی تووندی ئەم هەوڵە کرا، تەنانەت هەندێکمان ڕوو بە ڕووی تانە و تەشەر و بوختان و هەڕەشەش بووینەوە ، بەڵام بەبێ هەڵچوون و بە هێمنی بەردەوام بووین لە کارکردن و یاساکە لە پەرلەمان دەربازبوو.  ڕەنگە بە تەواوی بە خواستی من و گەلێک کەسانی دیکە نەبێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بابەتێکی گەلێک گرنگە ناکرێت لێرە ئاماژەی پێ نەکەم ئەویش ڕۆڵی زانای گەورە د.مستەفا زەڵمی یادی بەخێر، کە سەرۆکی دوا لیژنەی هەموارکردنەوەکە بوو، بەو زانستە فراوانەی کە هەیبوو بابەتە کێشە لە سەرەکانی شی دەکردەوەو تێی دەپەڕاند. 

هەروەها هاوکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو کاتە (کاک نێچیرڤان بارزانی) یاریدەدەرێکی بەهێزبوو بۆ تێپەڕاندنی لە ئەنجوومەنی وەزیران. هەروەها ڕۆڵی سەرۆکایەتی پەرلەمان جێی شانازی بوو کاک عەدنان موفتی سەرۆکی پەرلەمان و د.کەمال کەرکووکی جێگری سەرۆک بوو. ئەم یاسایە گرنگترین یاسایە بۆ ئارامی و سەقامگیری خێزان، کە بنەمایە بۆ سەقامگیری کۆمەڵگە.

2.کارێکی دیکەی گرنگ هەموارکردنەوەی یاسای لێبووردنی گشتی بۆ بەندکراوان بوو، وای لێکرا کە لێبووردن ئەو کەسانە نەگرێتەوە کە بە کوشتنی ژنان سزادراون. 

3. یاسای هەڵبژاردن و زیادکردنی ڕێژەی بەشداری ژنان لە ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوەکان بۆ %30 کەمتر نەبێت. هیوادارم ژنانی پەرلەمان ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە ئەوان بەهۆی ئەم هەوڵانەوە چوونە پەرلەمان، بۆیە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە کە لە هەموو کارەکانیان بە چاوی ژنانە بڕواننە یاساو بڕیارەکان و هەڵیان بسەنگێنن، کە ئایا ئەم کارە کاریگەری لەسەر ماف و پێگەی ژن چۆنە، هەروەها لە ئەرکی چاودێریدا هیوادارم وا تێنەگەن کە پێموایە دەبێت هەموو ئەرکیان تەنیا بابەتەکانی ژنان بێت، هەرگیز مەبەستم ئەوەنییە بەڵام پێویستە بە هەستیاری ژنانەوە مامەڵە لەگەڵ کارەکانیان بکەن. 

4.یاسای ماف و ئیمتیازی خانەوادەی شەهیدان، پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە ئیتر ئەو ئیمتیازانە لە کچ نەبڕدرێت لە دوای هاوسەرگیری بێگومان ئەوەش تێپەڕی و جێگیرکرا. بە جۆرێک کە کچە شەهید موچەکەی نابڕدرێت کە بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە.

5.لە هەموارکردنی یاسای وەزارەتی ناوخۆ، زیادکردنی ماوەیەک بۆ پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی بەرامبەر بە ژنان، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پێکهات و کاری باش دەکات.

بۆ مێژوو بەباشی دەزانم ئاماژە بە ڕۆڵی کاک (کریم سنجاری) بکەم کە ئەو کات وەزیری ناوخۆ بوو. گەلێک ئەرێنی و یارمەتیدەربوو. 

6.ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی خێزانی تا دوا قۆناغ، بەڵام کاتی پەرلەمان تەواوبوو نەخرایە بەر گفتووگۆ، خۆش بەختانە لە خولی سێیەمی پەرلەمان دەرباز بوو. بە هیمەتی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان کە ئەو کات (گەشە دارا) سەرۆکی لیژنە بوو. هەروەها هاوکاری ئەندامانی پەرلەمان لە دەرەوەی لیژنەکە جێی باسە. وێڕای ئەوەی لیژنەکەمان زۆر چالاک بوو هەمیشە لە چالاکیدابووین لەگەڵ زۆر دامەزراوەی دەرەوەی پەرلەمانیش.

دەموێ ئاماژە بەوەش بکەم، کە تاکە ئافرەت بووم لە نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستوری کوردستان، لە ساڵی 2009 پەرلەمان پەسەندی کرد وەک پڕۆژە بۆ ڕاپرسی گشتی بەداخەوە نەکرا.

دوای ئەوەی لە سەرو بەندی دوا هەفتەکانی ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستوی هەمیشەیی عیراق، ئەندامی وەفدی کوردستان بووم. ڕۆژانە لە بەغدا ئامادەی کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەت دەبووم. لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا و ڕاسپاردەکانم دەخستە پێش جەنابی کاک مەسعود و جەنابی مام جەلال، کە سەرۆکایەتی وەفدی کوردستانیان دەکرد. ڕەنگە برادەرانی وەفدەکە ئەو شاهیدیەم بۆ بدەن کە چەندینجار دەکەوتینە دڵەڕاوکێ، لەبەر ئەو هەموو جوڵە زۆرەم لە بەغدا کە ئەوکات بارودۆخی ئەمنی بەغدا ناهەموار بوو. 

باس کردن لە چوار ساڵ کاری پەرلەمانی ئەو کات ئاسان نەبوو، چونکە جگە لە سەرۆکایەتی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوریش بووم. دکتۆر (دلێر شاوێس) سەرۆکی بوو، گرنگترین یاسا لەو بوارەدا کە یاسای بودجە بوو بە ماندووبوون و شەونخونی زۆر کارمان تێداکرد تاکو تێپەڕی، هەر لەو سەردەمەشدا یاسای نەوت و غاز دەرچوو. 

لە ئەنجوومەنی خانمان وێڕای بەربەستەکان کاری گرنگمان کرد

ئەو کاتەی کە لە ئەنجوومەنی باڵای خانمان کارم دەکرد، کاری حکوومی لە کاری پەرلەمانی جیاوازە، بەڵام تەواوکاری یەکترن ماوەی نۆ ساڵ لەو ئەنجوومەنە کارم کرد. لە 25/1½010 کە داوام لێکرا بۆ پێکهێنانی لە مانگی شوباتی 2011جێگیرکرا و ئەندامانی دیاری کران. 

ئەگەرچی نامەوێ بڕۆمەوە ناو ئەو گرفتانەی کە لەو نۆ ساڵەدا لەو ئەنجوومەنە هەمانبوو، هەر لە مامەڵەی سەرووخۆمانەوە هەتا بەدەنگەوە نەهاتنی هەندێ لایەنی فەرمی و هەماهەنگی نەکردنی ڕێکخراوەکان و لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان زۆر کاری گرنگ و پەرەسەندن بکەین لە باورودۆخی ژناندا، هەبوونی دەزگایەکی لەمجۆرە بۆ ژنان وێڕای هەموو کەموکورتییەکان هەنگاوێکی گرنگ بوو. هەتا کاریگەر بوو لەسەر ئاستی هوشیاری کۆمەڵگە بۆ ژنان. 

بە وردی کارمان لەسەر زۆر شت کرد هەر لە پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتەکان تا کاکردنی زۆر لەکاری هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونی تووندووتیژی، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ پەرلەمان و لیژنەی ژنان بە تایبەت هەبوو. چالاکی هاوبەشمان لەگەڵ زۆرێک لە ڕێکخراوەکان ئەنجام دەدا،  کاری ئەو نۆ ساڵە زۆر زەحمەت بوو لێرە ناچمە ناو وردەکارییەکان بەڵام هیوادارم ڕۆژێک بەوردی باس لەو شتانە بکەم، چونکە کۆمەڵێک ناڕەحەتی و قسە دروست کردنمان بۆ کرا هەر لەلایەن خودی ژنانەوە. تا ئێستاش هەندێکیان بە شێوازی جۆراوجۆر ماون. 

پەیڕەوی ناوخۆی ئەو ئەنجوومەن لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە داڕێژرابوو. ئامادەی دانیشتنەکە نەبووم کەموکورتی زۆر تێدابوو چەندجارێک پڕۆژەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوەکەم داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام بە داخەوە فەرامۆش کرا. بە یارمەتی پسپۆڕ و شارەزای ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و ناوخۆ پڕۆژە یاسای  کاری ئەنجوومەنمان داڕشت و بە ئامادەبوونی خۆم لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتووگۆی لەسەرکراو چووە ئەنجوومەنی شورا.  لە وێش بە ئامادەبوونی خۆم گفتووگۆی لەسەرکرا بەڵام گەیشتە کوێ؟ تا ئێستا دیارنییە. درەنگانێک زانیمان کە پەیڕەوی ئەو ئەنجوومەنە لە وەقائیع بڵاونەکراوەتەوە بۆیە بوونێکی یاسایی فەرمی نەبووە. 

بوونی دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تایبەت بە مەسەلەکانی ژنان یەکێک لەو ئامانجانەی کە لە ژیانی سیاسیمدا هەوڵم بۆ دابوو. بە تایبەت دوای بەشداربوونم لە کۆنگرەی چوارەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لە ساڵی 1995، یەکێک لە باسە گەرمەکانی ئەو کۆنگرەیە گرنگی ڕۆڵی دەوڵەت بوو لە مەسەلەکانی ژنان، دوای ئەو کۆنگرەیە لە هەندێک وڵات، وەزارەت و لە هەندێک وڵات ئەنجوومەنی سەربە سەرۆکی حکوومەت یان ئەنجوومەنی وەزیران دامەزرا. بەش بەحاڵی خۆم لە ڕێگەی ئاشنابوون بە ئەزمونی وڵاتان دیدگای خۆمم هەیە سەبارەت بە کارو ناوەڕۆکی ئەو جۆرە ئەنجوومەنە، هەرگیز لەگەڵ ئەوەنەبووم وەزارەتێکی ئاسایی هەبێت بەڵکو ئەگەر وەزارەتیش هەبوو ئەرک و دەسەڵات و شیوازی کارکردنی دیاری بکرێت. لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنە زۆر ماندووبووم بە تێگەیشتنەوە دەم ڕوانییە سەختی و ڕێگرییەکان چونکە ئەزمونێکی نوێ بوو شارەزایی تێیدا کەم بوو. 

تا گەیشتنە بەشداری لە کاروچالاکییەکان بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و ناوی ئەنجوومەنی خانمان، چووە لیستی ئۆفیسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەوە پەرەی پێدرایە کاریگەری باشی لە ڕووی سیاسییەوە دەبوو. 

لە ئەنجوومەن کارمان بۆ داڕشتنی کۆمەڵێک پلان و ستراتیژ کرد، لەوانە ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژی ئافرەتان، کە یەکێک لە بڕگەکانی بریتییە لە پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی تایبەت لە پارێزگاکانی هەرێم و پەیڕەوێکی ناوخۆش بۆ ئەو ئەنجوومەنانە داڕێژرا.  مەودای ستراتیژەکە پێنج ساڵ بوو، پاشان کرا بە دەساڵ. هەروەها داڕشتنی پلانی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی بارودۆخی ئافرەتان، بۆ ماوەی دەساڵ و پێکهێنانی یەکەی جێندەری لە وەزارەتەکان وەک میکانیزمێک بوو بۆ دانانی پلانی وەزارەت لەو بوارەدا لەسەر بنەمای ستراتیژەکە.

پێکهێنانی سەنتەری دیراساتی جێندەری لە زانکۆکانی هەرێمدا. هەروەها کاری جددی بەشێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر ڕزگاربوانی دەستی داعش لەگەڵ خۆیان و لە ناوەندی نێودەوڵەتیش.

لە کوردستان پرسی ژن زۆر چووەتە دواوە

نوچەنێت: بە قسەی زۆر لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکان، ئێستا پرسی ژن لە پاشەکشێدایە و گرنگی ئەوتۆی پێنادرێت. تۆ ڕات چییە؟

پەخشان زەنگەنە: ئێستا لە جیهاندا قەزیەی ژن لە پاشەکشێدایە بە هۆی ئەو سستمەی کە دەسەڵاتی سەرمایەداری پەیڕەوی دەکات. لە کوردستانیش پرسی ژن زۆر چووەتە دواوە کە نەدەبوایە وابێت. بە حووکمی کۆمەڵێک فاکتەر بەر لە هەرشتێک گرنگیدانی زیاتر بە بواری سیاسی و ئابووری. 

دەکرێت کارکردن بۆ پرسی ژنان بخرێتەوە گەڕ بە دانانی پلان و بەرنامی گونجاو و پشتگیری بەرچاوی دامەزراوە فەرمییەکانی (پەرلەمان، حکوومەت و ئەنجوومەنی دادوەری)، چونکە بایەخ دان بە پرسی ژن زۆر لاواز بووە، گرفتی ئیداری زۆر دەخرێتە بەردەم ڕێکخراوەکان، هاوکاری پێویستیان زۆر کەمە بۆ ئەنجام دانی چالاکی، کۆمەک بەخشەکان گرنگیان زیاتر بۆ ناوچەکانی خوارووی عیراق و ناوەڕاست بوو. 

سەرەڕای بارگرانی و کۆسپەکان، هەندێک ڕێکخراو ئەوەندی پێیان بکرێت بەردەوامن لە کاری خۆیان.

نوچەنێت: ئێستا لە پەرلەمانی عیراق، پڕۆژەیاسایەک هەیە ئەگەر بکرێتە یاسا ئەوا کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی دادگاکان دەبێت، دەیانەوێ بە یاسا تەمەنی هاوسەرگیری کەم بکەنەوە بۆ نۆ ساڵ، هەروەها مەزهەب ڕۆڵی لە هاوسەرگیری و تەڵاقدا دەبێت. تۆ چۆن دەڕوانییە ئەم هەوڵە؟ ئەگەر پەسەندبکرێت کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان چی و چۆن دەبێت؟ 

پەخشان زەنگەنە: دژایەتی ئەم یاسایە لە سەرەتای دەرچوونییەوە لە ساڵی 1959وە دەستی پێکردووە. لەو کاتەوە هەوڵی شێواندنی دراوە. هەوڵیانداوە کۆمەڵگە بەوە بترسێنن کە ئەم یاسایە شیرازەی خێزان تێکدەدات. 

لە دوای کودەتا شومەکەی  شوباتی 1963 داوایان لە کودەتاچییەکانی هەشتی شوبات کرد کە ئەم یاسایە هەموار بکەنەوە، ئەوەبوو چەند ماددەیەکی هەموارکرایەوە وەک بابەتی فرەژنی و میرات. لە دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003، هەمان ئەو ناوەندانە هەوڵیان پرۆسەکانی خێزان بخەنە ژێر ڕکێفی بۆچوونی مەزهەبی خۆیانەوە. ئەوەبوو بڕیاری (137) یان لە ئەنجوومەنی حووکمڕانی دەرکرد کە بڕیاردەدات کاروباری کەسێتی بەپێی مەزهەب ڕێکبخرێتەوە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان (خولی یەکەم) ئەوەی ڕەت کردەوە و پابەندی کوردستانی بە یاسای (188) دووپات کردەوە. لە ساڵی 2015 پڕۆژەیاسای باری کەسێتی جەعفەری خرایە بەرباس، بەڵام سەری نەگرت. بەرلەوە ماوەیەک لە دەستوری عیراق چەسپێنرا بە ماددەی (41) کە هەمان ناوەڕۆکی هەیە. 

ئەم هەوڵانە بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە، وەک ماددەی (57) ی یاسای188ی ساڵی 1959 سەبارەت بە بەخێوکردنی منداڵ لە کاتی جیابوونەوەی دایک و باوک. ئێستا ئەم پڕۆژەیە لە ناو ئەو هەموو جەنجاڵی و کێشە سیاسی، ئابوری و ئەمنییانەی کە عیراقی تێدایە بەداخەوە لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان خەڵکیان بەم یاسایەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئەگەر ئەم پڕۆژەیاسایە بکرێتە یاسا کەریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان زۆرە

ئەگەر هەمواری ئەم یاسایە سەربگرێت ئەوا کاریگەری لەسەر تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عیراق دەبێت. لە کاتێکدا لە حاڵەتی ئاساییدا هاوسەرگیری لە نێوان مەزهەبە جیاجیاکاندا هەیە و ژیانی خیزانیشیان جێگیرە، ئەم پڕۆژەیە ڕۆڵی دادگا و دادوەر لاوازدەکات بەوەی کە چارەنووسی پرۆسەی هاوسەرگیری و هاوسەران دەخاتە دەست ڕاوبۆچوونی فقی و پیاوانی شەرع، تەنانەت کە لە ناو خودی یەک مەزهەبیشدا ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە لەوانە سەیرتر پەرلەمان یاسا دەردەکات کە بەپێی ئەوەی پێی دەڵێن (مدونە) پەیڕەو دەکرێت بەڵام نازانێت (مدونە) ئەوەیە کە پاش شەش مانگ لە دەرچوونی یاساکە کە دەکەوێتە بەردەستی پەرلەمان بۆی نییە گفتووگۆی لەسەربکات بەڵکو دەبێت پەسەندی بکات. 

لە زۆر لایەن مافی ژن پێشێل دەکرێت وەک لە میرات (ئەوەی کە پەیوەندی بە خانووبەرەوە هەیە) لە گرتنەخۆی منداڵ (حضانە) کە دایک لە کۆرپە جیادەکاتەوە لە کاتی جیابوونەوەدا.

لایەنە نەرێنییەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە زۆرن کاریگەری لەسەر کوردستان دەبێت، ئەگەر لە پەرلەمانی عیراق تێپەڕێت ئەوا زۆر خراپ دەبێت لە کاتێکدا کە لە کوردستان کێشە مەزهەبی نییە بەڵام، دوای ئەم یاسایە دروست دەبێت، هەروەها هاوسەریگیری کاتی نییە بە هەموو جۆرەکانییەوە ئەویش پەیدادەبێت.گەنجەکانمان بە لاڕێدا دەبات و شیرازەی خێزان تێکدەدات. ئەمەو گەلێک لایەنی دیکەی وێرانکاری هەیە بۆ کۆمەڵگە. 

زۆربەی ئەو کەسانەی دژایەتی چەمکی جێندەریان دەکرد بەدواداچوونیا بۆ نەکردووە

نوچەنێت: ماوەیەک لەسەر چەمکی جێندەر هێرش کرایە سەر چالاکانی ئافرەت و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان، تا ئێستا بەردەوامن پێتوایە ئەم گوتارە دۆزی ئافرەتان بەرەو کوێ دەبات.

پەخشان زەنگەنە: ئەو هێرشەی کە کرا بۆسەر بەکارهێنانی چەمکی جێندەر، گەلێک ناڕەوابوو گفتووگۆم لەگەڵ هەندێک کەس کردووە لەسەر ئەم بابەتە، هەستم کردووە کە بەدواداچوونی بۆ ئەم چەمکە نەکردووە. گوێی لە چیبووە دەربارەی وەکو توتی دەیڵێتەوە. ئێمە لە کوردستان پێناسەی خۆمان بۆ ئەم چەمکە هەیەو کردووە و بەمجۆرە کاری لەسەرکراوە. ڕاستە لە کۆمەڵگەکانی دنیا پێناسەی جیاجیای لە خۆگرتووە بەڵام لە کوردستان لەسەر ڕؤۆڵی کۆمەڵایەتی ژن و پیاو و ڕۆڵی بایۆلۆجیان چڕمان کردووەتەوە باس لەو بابەتە نەکراوە کە بەبێ بنەما خەڵکی پێ تۆمەتبار دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین