خاوەنی ئەکاونتە ساختەکان سزا دەدرێن دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

تووندووتیژی ئەلیکترۆنی، جۆرێکی باوی تووندوتیژییە لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە بە پلەی یەک خانمان پێی دەکرێن بە ئامانج. چەندان ئافرەت بوونەتە قوربانی ئەم جۆرە لە تووندوتیژی. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی لە هەولێر دەڵێت"هەر کەسێک لەڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندی کردنەوە تووندوتیژی بەرامبەر کرا، دەتوانێت سکاڵا تۆماربکات و بەڵگەی لابێت کە بیسەلمێنێ".

نەسرین ناوی خوازراوی خانمێکی تەمەن (35 ساڵە) دایکی سێ منداڵە. ئەو بەهۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی سناپچاتەوە کوڕێکی ناسیوەو بووەتە هاوڕێی. سەبارەت بە کێشەکەی خۆی دەڵێت"ئەو ئافرەتانەی کە دەبنە نێچیری کەسانی فێڵباز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئافرەتانی دڵ ساف و ساویلکەن، داوا لە خانمان دەکەم بەهیچ جۆرێک باوەڕ بە هاوڕێیەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەکەن چونکە بۆیان دەبێتە بەڵا".

بەشێک لە پیاوان بۆ فریودانی ژنان ئەکاونت و لاپەڕەی تایبەت بە ناوی خوازراوەوە دادەنێن. زانیاری هەڵە دەنووسن تا دواتر نە ناسرێنەوە. توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت"ڕێژەیەکی زۆری کێشەکۆمەڵایەتییەکانی ئێستا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوەیە. ئەگەر هەڕەشەشی لێ نەکرێت خانم هەیە کەوتووەتە ناو پەیوەندییەکی ساختەوە کە کەسەکە ئەکاونتی ساختەی داناوە. بەم هۆیەوە کێشە کەوتووەتە ناو ماڵی بەبێ ئەوەی خۆی بزانێ ئەو کەسە کێیە کە پەیوەندی لەگەڵ داناوە".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا رای گەیاند، دوێنێ دووشەم 23ی ئەیلوول، کەسێکیان گرتووە کە خاوەنی ئەکاونتێکی سناپچات بووە بە ناوی "(خودایە زۆر شوکر یاڕەب)

پۆلیس لە راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، کابرای خودایە شکور یاڕەب ئەو ناوەی بەکار ھێناوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کچانی فریو داوە و لەلایەن پۆلیسی ھەولێرەوە گیراوە. تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و رادەستی دادگا کراوە". 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر داوا لە ھاووڵاتییان دەکات" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەوپەڕی ھۆشیارییەوە بەکار بھێنن، بۆ ئەوەی ھەڵنەخەڵەتێنرێن و فێڵیان لێ نەکرێت".." 

رۆژی 21ـی ئەم مانگەش، ئاسایشی ھەولێر کەسێکی گرت کە بە خاوەن و بەکارھێنەری گرووپی "(مەلەفە زەخمەکان) ناسراوە. ئەو کەسە تۆڕێکی لە تیلیگرام ھەبووە و ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لە خەڵک کردووە، ئەگەر پارەی پێ نەدەن".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی لە هەولێر، عەمید سەفین تاهیر سەبارەت بەو کەیسانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان یان هەر ئامێرێکی پەیوەندی تووندوتیژی ئەنجام دەدەن گوتی" ئەم جۆرە دەچێتە خانەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کرد، کە بە پێی یاسای ژمارە(6)ی ساڵی 2008کەسەکە لەشەش مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردن بە بڕێک لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت".

عەقید سەفی ڕوونیکردەوە" سزای ئەم جۆرە کەسانە بەپێی بەڵگە، حاڵەت و بڕیاری دادوەر دەگۆڕدرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین