سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: دۆخى عێراق ئه‌وپه‌ڕى دانایى ده‌وێت کوردستانی

نوچه‌نێت

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر رووداوه‌كانى عێراق په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێ، "دۆخى وڵات ئه‌وپه‌ڕى دانایى و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لۆژێك و ده‌سپێكردنى گفتوگۆیه‌كى نیشتمانى و به‌رپرسانه‌ و هاریكاریى هه‌مووانى ده‌وێت"

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29/ئاب/2022 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى له‌سه‌ر بارودۆخى عێراق بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "له‌ نزیكه‌وه‌ و به‌ نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى ئه‌مڕۆى به‌غدا و چه‌ند شوێنێکی دیکه‌ی وڵات ده‌ڕوانین. داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین ئه‌وپه‌ڕى دان به خۆیاندا بگرن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر له‌ كۆنترۆڵ ده‌ربچێت".

له‌ به‌شێكى ترى په‌یامه‌كه‌دا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بارودۆخی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كه‌ پێویستى به‌ دانایى و لۆژیك هه‌یه‌، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ده‌ڵێ، "دۆخى وڵات ئه‌وپه‌ڕى دانایى و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لۆژێك و ده‌سپێكردنى گفتوگۆیه‌كى نیشتمانى و به‌رپرسانه‌ و هاریكاریى هه‌مووانى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى عێراق له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ڕزگارى ببێت و كار له‌ كار نه‌ترازێت.

له‌كۆتایى په‌یامه‌كه‌یشى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ پێشوازى له‌ گفتوگۆى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق بكات و ده‌ڵێ، "دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ هاریكار ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى و لێكگه‌یشتنى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، بۆیه‌ دووباره‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ عێراقییه‌كان بانگهێشت ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بێن له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كى جددى بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى وڵات بكه‌ن".
 

ده‌قى راگه‌یێندراوه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

له‌ نزیكه‌وه‌ و به‌ نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى ئه‌مڕۆى به‌غدا و چه‌ند شوێنێکی دیکه‌ی وڵات ده‌ڕوانین. داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین ئه‌وپه‌ڕى دان به خۆیاندا بگرن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر له‌ كۆنترۆڵ ده‌ربچێت.

خۆپیشاندانى ئاشتیانه‌ مافێكى ده‌ستووریى پارێزراوه‌، به‌ڵام ئاڵۆزى و ڕاگرتنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، بۆیه‌ ده‌بێ شكۆى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت پارێزراو بێت و ڕێگرى له‌ ئه‌رك و كاره‌كانیان نه‌كرێت.

هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێویسته‌ به‌وپه‌ڕى ئاگایى و وشیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و ڕێگه‌ نه‌درێت خۆپیشاندان و ڕووداوه‌كان ببنه‌ هۆى تێكچوونى زیاترى دۆخى ئه‌منى و كه‌وتنه‌وه‌ى قوربانى له‌نێوان عێراقییه‌كاندا.

دۆخى وڵات ئه‌وپه‌ڕى دانایى و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لۆژێك و ده‌سپێكردنى گفتوگۆیه‌كى نیشتمانى و به‌رپرسانه‌ و هاریكاریى هه‌مووانى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى عێراق له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ڕزگارى ببێت و كار له‌ كار نه‌ترازێت.

دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ هاریكار ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى و لێكگه‌یشتنى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان، بۆیه‌ دووباره‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ عێراقییه‌كان بانگهێشت ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بێن له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و ده‌ست به‌ گفتوگۆیه‌كى جددى بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى وڵات بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/8/29

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین