كازمى كۆمه‌ڵێك فه‌رمانى نهێنى به‌ سوپا داوه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌فسه‌رێكى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، له‌ مه‌ترسى هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشیاكان ته‌واوى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خراونه‌ته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌، مسته‌فا كازمى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانیش كۆمه‌ڵێك فه‌رمانى به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان داوه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28/ ئاب/2022 رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه‌، به‌رپرسانى حكومه‌تى عێراق مه‌ترسى ئه‌وه‌یان لایه‌، ته‌نگژه‌ سیاسیه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى عێراق بۆ بارودۆخى ئه‌منى بپه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ هێزه‌كانى عێراق خراونه‌ته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌.

ئه‌فسه‌رێكى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ به‌غدا، كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌، لێدوانى بۆ رۆژنامه‌كه‌ داوه‌ و دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئێستا بارودۆخى ئه‌منى عێراق سه‌قامگیره‌، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ندێك میلیشیاى شیعه‌ به‌ رژدى "جددى" وه‌رگیراون، بۆیه‌ پلانێكى پێشینه‌ دانراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى رێگریى له‌ هه‌ر شڵه‌ژانێكى ئه‌منى بكرێت.

ئه‌فسه‌ره‌ عێراقییه‌كه‌ ده‌ڵێ، "مه‌ترسى یاریكردن به‌ ئاسایشى وڵات له‌ سایه‌ى بارودۆخى ئێستا، هێشتا بوونى هه‌یه‌، پلان بۆ شكستهێنانى ئه‌م هه‌وڵانه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ رێكاره‌ ئه‌منییه‌كان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ توندتر ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تى له‌ ناوچه‌ى سه‌وز". ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئاشكرایشى ده‌كات كه‌ هه‌ندێك فه‌رمان له‌لایه‌ن مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دراون، له‌وانه‌ نابێت هیچ یه‌كەیه‌كى سه‌ربازى و گرووپێك به‌ره‌و به‌غدا جووڵه‌ى پێ بكرێت، ته‌نیا به‌ فه‌رمانى كازمى نه‌بێت، چونكه‌ "دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ى یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان و گواستنه‌وه‌یان له‌نێوان فه‌رمانده‌ییه‌كان خزمه‌ت به‌ بارودۆخى ئه‌منى ناكات".

چه‌ند مانگێكه‌ لایه‌نه‌كانى شیعه‌ به‌ هۆى ناكۆكى سیاسییه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن، كه‌ زۆربه‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌یش میلیشیایان هه‌یه‌. ئه‌مه‌یش مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى بۆ به‌غدا و ته‌واوى عێراق دروست كردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین