لایه‌نه‌ شیعه‌كان وه‌ڵامى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كەی كازمى ناده‌نه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌مڕۆ بڕیاره‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى عێراق كۆبكاته‌وه‌، كه‌چى به‌رپرسێكى باڵاى حكومى ئاشكراى ده‌كات، زۆرێك له‌ لایه‌نه‌كان وه‌ڵامى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌. چاودێرێكى سیاسیش له‌ هه‌وڵه‌كانى كازمى بێ ئومێده‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/ ئاب/ 2022 رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تا ئێستا ره‌وتى سه‌در وه‌ڵامێكى روونى بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بووه‌، كه‌ دوێنێ به‌ راگه‌یێندراوێكى فه‌رمى داواى له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كرد، ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن.

به‌رپرسێكى حكومى باسى له‌وه‌ كردووه‌، له‌ دوێنێه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ په‌یوه‌ندی كردووه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، به‌ڵام له‌وانه‌ نییه‌ زۆرێك له‌ لایه‌نه‌كان ئاماده‌ بن. تا ئێستا به‌ راشكاوى هاوپه‌یمانى نه‌سر كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، پاڵپشتى خۆى بۆ  ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌، هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیش باسیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌بن.

ئیحسان شه‌مه‌رى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى بیركردنه‌وه‌ى سیاسى له‌ تویتێكدا بێ ئومێدى خۆى له‌و هه‌وڵانه‌ ده‌رخستووه‌ و ده‌ڵێ، "هێزه‌ شیعه‌كان له‌ ساتى به‌ریه‌ككه‌وتنى سنووردار نزیك ده‌بنه‌وه‌".

له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق، شیعه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ دابه‌ش بوون، یه‌كه‌میان ره‌وتى سه‌در و ئه‌ویتریان لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیین، دژایه‌تى نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ وایكردووه‌ حكومه‌ت پێكنه‌هێنرێت و ته‌نانه‌ت مه‌ترسى پێكدادانیشیان لێ ده‌كرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین