هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر كازمى و ده‌نگۆى دواخستنى دانیشتنه‌كانى حكومه‌ت بڵاوده‌بێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

په‌رله‌مانتارانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، به‌ به‌شداربوونى له‌ "پیلانگێڕى" تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ده‌شڵێن، "به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك متمانه‌ى پێناكه‌ن". له‌و كاته‌یشدا ده‌نگۆى دواخستنى دانیشتنى هه‌فتانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ یه‌كى ئابى 2022، په‌رله‌مانتارانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ كه‌ناڵى "عه‌هد" كه‌ خاوه‌ندارێتیه‌كه‌ى بۆ قه‌یس خه‌زعه‌لى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و به‌ به‌شداربوونى له‌ "پیلانگێڕیه‌كى" نێوده‌وڵه‌تى تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن.  

سوهه‌یله‌ سوڵتانى په‌رله‌مانتارى سادقون كه‌ باڵى سیاسى میلیشیاى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌قه‌ و قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، ئه‌و بارودۆخه‌ى ئێستا له‌ عێراق دروستبووه‌ به‌ پیلان ده‌زانێت و پێیوایه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ى مسته‌فا كازمییه‌.

سه‌عد سه‌عدى كه‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى عه‌سائیبه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ هه‌مان كه‌ناڵ، باسى له‌وه‌ كردووه‌، چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانه‌، به‌ڵام ئه‌وان متمانه‌ به‌ مسته‌فا كازمى ناكه‌ن، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن له‌ سایه‌ى حكومه‌تێكى نوێ هه‌ڵبژاردن بكرێت.

له‌و كاته‌دا ده‌نگۆى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڵاوده‌بێته‌وه‌، كه‌ هه‌موو سێشه‌ممه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌چێ، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تى عێراق به‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى راگه‌یاندووه‌، تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ دواخستنى كۆبوونه‌وه‌كه‌ نییه‌ و هێشتا كات ماوه‌، به‌ڵام به‌ دوورى نازانێ ئه‌گه‌ر گرژییه‌كان زیاتر بن، ئه‌وا دانیشتنه‌كه‌یش له‌ ناوچه‌ى سه‌وز نه‌كرێت.

 ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌ نیازن خۆپیشاندان بكه‌ن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ لایه‌نگرانى سه‌در له‌ خۆپیشاندانن، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانى پێشهاتى نوێ و دروستبوونى گرژیى ده‌كرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین