پێنج كارمه‌ندى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بریندارن و كازمى هاته‌ده‌نگ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌ خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌مڕۆى عێراق پێنج كارمه‌ندى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بریندارن، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش داوا له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات سه‌لامه‌تى خۆپیشانده‌ران و دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت بپارێزن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30/ ته‌مووز/2022 خۆپیشاندانى لایه‌نگرانى سه‌در له‌ به‌غدا ده‌ستیپێكرده‌وه‌، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، گرژیى له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دروست بووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا پێنج كارمه‌ندى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ سووكى بریندارن.

مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان، له‌ راگه‌یێندراوێكدا داوا له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات سه‌لامه‌تى خۆپیشانده‌ران و دامه‌زراوه‌كانیان بپارێزن، داوایش له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كات خۆپیشاندانێكى ئاشتییانه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

كازمى له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "به‌رده‌وامى گرژییه‌ سیاسیه‌كان شڵه‌ژان له‌ شه‌قام دروست ده‌كات و ئه‌مه‌یش له‌ به‌رژوه‌ندى گشتى نییه‌".

رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو لایه‌نگرانى ره‌وتى سه‌در هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر په‌رله‌مانى عێراق، وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌ دژى محه‌مه‌د شیاع سوودانى كاندیدى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت، ئه‌مڕۆیش جارێكى تر ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كرده‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین