دیوانى وه‌قفى سوننه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێو مامه‌ڵه‌ى سیاسییه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌یه‌كى عێراق له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات دیوانى وه‌قفى سوننه‌ كه‌ ده‌زگایه‌كى سه‌ربه‌خۆى عێراقه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێو مامه‌ڵه‌ى سیاسییه‌وه‌یه‌، دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراقیش كۆمه‌ڵێك بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌دات.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27/ته‌مووز/2022 رۆژنامه‌ى “عاله‌م جه‌دید” له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، به‌ دوو هۆكار دادگاى باڵاى فیدڕاڵى كۆمه‌ڵێك بڕیارى له‌سه‌ر دیوانى وه‌قفى سوننه‌ داوه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ له‌ مانگى ئادارى رابردوو سه‌رۆكى ده‌زگاكه‌ له‌ لایه‌ن كازمییه‌وه‌ دانراوه‌، كه‌چى حكومه‌تى كازمى كاربه‌ڕێكه‌ره‌  و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى نییه‌. 

دووه‌م هۆكاریش ئه‌وه‌یه‌ ململانێیه‌كى تووندى پێكهاته‌ى سوننه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌زگایه‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌ كاتى هاوپه‌یمانێتى ته‌قه‌دوم به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبووسى و عه‌زم به‌ سه‌رۆكایه‌تى خه‌میس خه‌نجه‌ر، ئه‌و ده‌زگایه‌ خراوه‌ته‌ نێو رێككه‌وتنى سیاسییه‌وه‌، بۆیه‌ كه‌سێكى نزیك به‌ خه‌نجه‌ر دانراوه‌ ئه‌ویش عه‌بدولخالق عه‌زاوییه‌.

دادگاى فیدڕاڵى بڕیارى دا، عوسمان جحێشى بكات به‌ بریكارى سه‌رۆكى دیوانى وه‌قفى سوننى، هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تى عه‌زاویشى راگرت، جگه‌ له‌مه‌یش داوایه‌كى سه‌عد كمبشى ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ سه‌رۆكایه‌تى دیوانى وه‌قف ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌و پێشتر سه‌رۆكى ده‌زگاكه‌ بوو.

ده‌زگاى وه‌قفى سوننى و وه‌قفى شیعه‌، دوو ده‌زگاى سه‌ربه‌خۆن له‌ برى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى له‌ عێراق دانراون، وه‌قفى سوننى به‌ یه‌كێك له‌ ده‌زگا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌دانرێت داهاته‌كه‌ى به‌ زیاتر له‌ سه‌رووى ملیار دۆلار ده‌خه‌ملێنرێت، بۆیه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى ململانێ له‌لایه‌ن حزبه‌كانى سوننه‌وه‌، بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین