هۆكاره‌كانى ره‌تكردنه‌وه‌ى سوودانى له‌لایه‌ن سه‌دره‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌ركرده‌یه‌كى ره‌وتى سه‌در هۆكاره‌كانى قبووڵنه‌كردنى محه‌مه‌د شیاع سوودانى وه‌ك كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى عێراق له‌ لایه‌ن سه‌دره‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ، "له‌ 2019 ئه‌و كاندیده‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/ته‌مووز/2022 ماڵپه‌ڕى “عاله‌م جه‌دید” له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، محه‌مه‌د شیاع سوودانى كه‌ دوێنێ له‌ لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى داهاتوو كاندید كراوه‌، له‌ لایه‌ن ره‌وتى سه‌در ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ ره‌وتى سه‌در كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌، له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ده‌ڵێ، "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا هه‌وڵى داوه‌ كه‌ناڵى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در بكاته‌وه‌، تا ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌ وه‌ربگرێت كه‌ پێشنیارى ده‌كات، به‌ڵام سه‌در ئه‌مه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ى سوودانى له‌ لایه‌ن سه‌دره‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێ، "سه‌در پێشتر له‌ 2019 ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ره‌تكردنه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌و بیرۆكه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى كورسى سه‌رۆكایه‌تى بۆ حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى ره‌تده‌كاته‌وه‌ ، سوودانییش یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌م حزبه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ حزبه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى كورسى بوو".

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى سه‌ركرده‌كه‌ى سه‌در دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا سه‌در هه‌ڵوێستێكى مكوڕى ده‌بێت بۆ رێگرتن له‌ سوودانى له‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت وه‌ربگرێت و ده‌شڵێ، "راگه‌یاندنى كاندیدبوونى سوودانى له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌وه‌ ماناى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ نییه‌، سوودانى پاشگه‌زده‌بێته‌وه‌، جا یان به‌ هۆكارى فشارى جه‌ماوه‌ر یانیش به‌ هۆى شكستهێنانى له‌ تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانى سه‌در".

دوێنێ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ خۆى ده‌گرێت به‌ فه‌رمى رایگه‌یاند، محه‌مه‌د شیاع سوودانى كاندید كردووه‌، بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى داهاتوو. شیاع سوودانى له‌ ساڵى 1970 له‌دایكبووه‌ و ماسته‌رى له‌ كشتوكاڵ هه‌یه‌، پێشتر پۆستى چه‌ندان وه‌زاره‌تى وه‌رگرتووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین