مالیكى هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر حه‌لبووسى عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌شى شه‌شه‌مى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ى نوورى مالیكى سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاوكرایه‌وه‌ و مالیكى ئه‌مجاره‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق و حزبى ته‌قه‌دوم، ده‌ڵێ "ئه‌و حزبه‌ى ناوى ته‌قه‌دومه‌ كۆنه‌ و به‌عس دایناوه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21/ ته‌مووز/2022 عه‌لى فازڵ رۆژنامه‌نووسى عێراقى كه‌ له‌ ئه‌مریكایه‌ به‌شى شه‌شه‌مى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ى نوورى مالیكى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا ئه‌و دوو كه‌سه‌ى قسه‌ له‌گه‌ڵ مالیكى ده‌كه‌ن، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ دواى پاڵپشتى عه‌لى خامنه‌یى ده‌گه‌ڕێن، ده‌یانه‌وێ سوپایه‌ك له‌ هه‌موو شاره‌كانى عێراق دابنرێت.

له‌و كاته‌یشدا نوورى مالیكى باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌عس ده‌كات و ده‌ڵێ، "شیعه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌ به‌عسییه‌كان بۆ پله‌ى ترسناك سه‌ركه‌وتوون، چوونه‌ته‌ ناو ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ ناوى حزبى جیاوازى وه‌ك ته‌قه‌دوم و حه‌لبووسى".

مالیكى ده‌شڵێ، "ئه‌و ته‌قه‌دومه‌ى حه‌لبووسى كۆنه‌ كه‌سێكى تر دروستى كردووه‌، بۆ حه‌لبووسى ماوه‌ته‌وه‌ ئامانج لێى لێدانى شیعه‌یه‌" باس له‌وه‌یش ده‌كات به‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى گوتوویه‌ رێگه‌ به‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى نه‌دات سه‌ركرده‌ و پارێزگاكان بگۆڕێ، كه‌چى پێیوایه‌ كازمى بێده‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حه‌لبووسى ده‌نگى بۆ خوولێكى ترى سه‌رۆكایه‌تى پێ بدات. 

دواتر دەڵێ، "حه‌لبووسى سیخوڕى له‌ ناو شیعه‌ هه‌یه‌، هه‌موو قسه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ حه‌لبووسى ره‌وانه‌ ده‌كرێن".

له‌ 13ى ئه‌م مانگه‌وه‌ ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییانه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ له‌ به‌شه‌كانى ترى پێشوو نوورى مالیكى هێرشى ده‌كرده‌ سه‌ر موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در. نوورى مالیكى و حزبه‌كه‌ى ئه‌م ده‌نگانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ دروستكراوى ده‌زانن، دادگاى عێراق لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى بۆ ئه‌م ده‌نگانه‌ پێكهێناوه‌. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین