كه‌جه‌كه‌ هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى زاخۆ راگه‌یاند کوردستانی

نوچه‌نێت

كۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كه‌جه‌كه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى دوێنێى سەر زاخۆ راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا توركیا له‌ هێرشه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌شڵێ، "له‌ماوه‌ى حه‌وت مانگى رابردوودا 28 مه‌ده‌نى به‌ هۆى هێرشه‌كانى توركیاوه‌ كوژراون"

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21/ حوزه‌یران/ 2022 میدیاكانى په‌كه‌كه‌، راگه‌یێندراوێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆما جڤاكى كوردستان "كه‌جه‌كه‌" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌دا له‌ هێرشه‌كه‌ى دوێنێ كه‌ كرایه‌ سه‌ر گوندى په‌ره‌خى هه‌رێمى ده‌ركارى زاخۆ، راسته‌وخۆ توركیا تۆمه‌تبار ده‌كرێت و دووپاتى ئه‌وه‌یش ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هێرشى توركیا نییه‌ به‌ڵكو له‌ حه‌وت مانگى رابردوودا له‌ هه‌رێمى كوردستان 28 مه‌ده‌نى به‌هۆى هێرشه‌كانى توركیاوه‌ كوژراون.

راگه‌یێندراوه‌كه‌ى كه‌جه‌كه‌ روونی ناكه‌ته‌وه‌، ئاخۆ هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌ یان نا. ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌ڵێنى "لیپێچینه‌وه‌"له‌گه‌ڵ توركیا ده‌دات.

دواى نێوه‌ڕۆى دوێنێ گوندى په‌ره‌خى هه‌رێمى ده‌ركار له‌ زاخۆ تۆپباران كرا، له‌ ئه‌نجامدا نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و 23 كه‌سیش بریندار بوون، ته‌واوى قوربانییه‌كان گه‌شتیارى عه‌ره‌ب بوون. حكومه‌تى عێراق به‌ فه‌رمى توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات و توركیایش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هێزه‌كانى ئه‌و بۆرودمانه‌یان كرد بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین