رۆژنامه‌یه‌كى توركى: توركیا به‌ فه‌رمى نه‌خشه‌یه‌كى كێشاوه‌ تێیدا میسر و سعوودیه‌ى داگیركردووه‌ تورکیە

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى ئه‌حوالى توركى له‌سه‌ر پوولى پۆسته‌كه‌ى پاپا كه‌ توركیاى توڕه‌ كردووه‌، بابه‌تێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت توركیایش نه‌خشه‌یه‌كى خۆى كێشاوه‌ كه‌ میسر و سعوودیه‌ى داگیركردووه‌.

رۆژنامه‌ى "ئه‌حوال" كه‌ بابه‌ته‌كانى به‌ توركى و عه‌ره‌بى و ئینگلیزى بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 11ى ئادار، بابه‌تێكى به‌ناوى "پوولى پۆسته‌ى كوردى ئه‌و توركیایه‌ توڕه‌ ده‌كات كه‌ خه‌ون به‌ گێڕانه‌وه‌ى شكۆكانى ده‌بینى".

له‌  بابه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌، "سه‌ره‌ڕاى بوونى په‌یوه‌ندییه‌كى باش كه‌ حكومه‌تى توركیا و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌گوێره‌ى به‌رژوه‌ندییه‌ ئابرووییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، كه‌چى بابه‌تى نیشتمانى كورد كه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان خه‌ونى پێوه‌ ده‌بینن، له‌لاى توركیا و ئێرانه‌وه‌ هێڵى سووره‌ نابێت بیریشى لێ بكرێته‌وه‌".

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هێشتا خه‌ونى ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ كورده‌كان ماوه‌ و به‌ تایبه‌ت كه‌ ده‌زانرێ چه‌ندان هێزى كوردى هه‌ن له‌ سووریا بوونه‌ته‌ خاوه‌ن سوپا و خۆڕێبه‌رى. رووسیا و رۆژئاوایش پشتگیریان لێ ده‌كه‌ن.

دواى ئه‌م چه‌ند بڕگه‌یه‌ رۆژنامه‌كه‌ دێته‌وه‌ سه‌ر بابه‌تى پووله‌كه‌ و ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ له‌ توركیا ده‌گرێ و ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنجه‌ توركیایش نه‌خشه‌یه‌كى پێشبینیكراوى خۆى بۆ ساڵى 2050 له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كان بڵاوكردووته‌وه‌ كه‌ تێیدا ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر وڵاتانى كه‌نداو و باكوور ئه‌فریقیا وه‌ك  سعوودیه‌ و میسڕى داگیركردووه‌ و ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌كه‌ ده‌گاته‌ سنوورى خاكى رووسیا، كه‌ ئه‌مه‌ ره‌خنه‌یه‌كى زۆرى لێكه‌وته‌وه‌".

ئه‌حوال راسته‌وخۆ به‌م بابه‌ته‌ ده‌یه‌وێ به‌ ده‌سه‌ڵاتى توركیا بڵێ، "ئه‌وه‌ تۆى ده‌ست له‌ وڵاتانى تر وه‌رده‌ده‌یت و خه‌ون به‌ گێڕانه‌وه‌ى شكۆى رابردوو ده‌بینى"

بۆیه‌ وه‌ك نموونه‌یه‌ك ئاماژه‌ى پێى ده‌كات و ده‌ڵێ،  "توركیا ئێستا له‌ رووى سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ست له‌كاروبارى عێراق و سووریا و لیبیا و هه‌رێمى قه‌ره‌باخ  وه‌رده‌دات و ته‌نانه‌ت بنكه‌ى سه‌ربازى له‌چه‌ندان وڵاتى وه‌ك قه‌ته‌ڕ و سۆماڵ هه‌یه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین