سەرۆک نێچیرڤان بارزانى سەرەخۆشى لە بنەماڵەى کەریم ئەحمەد دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

كەریم ئەحمەد، سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی عیراق و کوردستان لە تەمەنى (100) ساڵیدا ئەمڕۆ کۆچى دواییکرد. سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکى سەرەخۆشى دا دەڵێت، "خوالێخۆشبوو کەسایەتییەکی دیار و كۆڵنه‌ده‌رى مەیدانی خەباتی نیشتمانی بوو."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (14/تەممووز/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى کۆچى دواییکردنى كەریم ئەحمەد، سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی عیراق و کوردستان پەیامێکى سەرەخۆشى ئاراستەى هاوڕێیانى و بنەماڵەکەى دەکات.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەشێکى پرسەنامەیەکەیدا دەڵێت، "خوالێخۆشبوو هەموو تەمەنی خۆی لە تێکۆشانی سیاسی و لەپێناو گەل و بیروباوەڕەکەیدا بەسەر برد، لەو ڕێگایەشدا ئازار و زیندانی و مەینەتیی زۆری چەشت."

 

دەقى پرسه‌نامه‌کەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوایی سیاسه‌تمه‌دار و تێکۆشەری دێرین و ناسراوی سەر ئاستی کوردستان و عیراق، سکرتێری پێشووتری حزبی شیووعیی عیراق و کوردستان، مامۆستا کەریم ئەحمەدم پێگەیشت.

خوالێخۆشبوو کەسایەتییەکی دیار و كۆڵنه‌ده‌رى مەیدانی خەباتی نیشتمانی بوو کە هەموو تەمەنی خۆی لە تێکۆشانی سیاسی و لەپێناو گەل و بیروباوەڕەکەیدا بەسەر برد، لەو ڕێگایەشدا ئازار و زیندانی و مەینەتیی زۆری چەشت.

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵم ئاراسته‌ى بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیان و دۆستانی ده‌كه‌م و هاوبه‌شى خەمیانم. لە خوای مەزن داواکارم گیانی بخاتە بەر بەزەیی و میهرەبانیی خۆی و دڵنه‌وایى و ئارامی بە هەمووان ببەخشێت

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2022/7/14

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین