توركیا لە هاوسۆزیی مرۆيیەوە بۆ قووڵبوونەوەى ستراتیژی لە سۆماڵ شیکاری

ئیسماعیل تەها: تایبەت بە نوچەنێت

بەهۆى دۆخى هەژارى و نەبوونى سەقامگيرى، وڵاتى سۆماڵ بە مەترسيدارترين شوێن لە جيهان ناو دەبرا، ئەوە وايكردبوو ببێتە وڵاتێكى پەراوێزخراو، سەرۆكى هيچ وڵاتێكى دەرەوەى كيشوەرى ئەفريقيا سەردانی نەدەكرد.

لە ساڵى (2011) تووشی وشەكساڵى بوو، ئەوەش ئەوەندەى تر برسێتى لەو وڵاتە زيادتر كرد، رەجەب تەيب ئەردۆغان، كە ئەوكات سەرۆك وەزيرانى توركيا بوو، وەك یەكەم سەرۆكی وڵاتانی دەرەوەی كیشوەری ئەفریقیا سەردانى ئەو وڵاتەى كرد و لە نزيكەوە چاوى بە دۆخى ئەو وڵاتە كەوت، ئەردۆغان دەستبەجێ چەند بڕيارێكى دەركرد، يەكەم بڕيارى دەستبەكاربوونەوەى باڵيۆزى وڵاتەكەى بوو لە سۆماڵ. 

دەستێكردنى پەيوەندييەكانى نێوان سۆماڵ و توركيا

پەیوەندی سۆماڵ و توركیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەكان، بەڵام لە ساڵانی رابردوو بەهۆی دۆخی ناوخۆی ئەو هەردوو وڵات پەیوەندییەكانیان لە ئاستێكی لاواز دا بوو، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتى ئاكپارتى، بەسەرۆكايەتى رەجەب تەيب ئەردۆغان، توركيا بڕيارى دا بەرەو وڵاتانى ئەفريقيا هەنگاو بنێت.

ساڵى (2010) كۆمەڵە بازرگانييەكانى سۆماڵ لە ئيستەنبۆڵ كۆنفراسێكيان رێكخست، ئەو كۆنفراسە بە سەرەتاى گەڕانەوەى سۆماڵ بۆ سەر شانۆى سياسى دادەندرێت.

يەكەم سەردانى رەجەب تەيب ئەردۆغان بۆ سۆماڵ

ئەو كاتەى ئەردۆغان لە (19) ئابى (2011) سەرۆك وەزيرانى توركيا بوو، بە سەرۆكايەتى شاندێك سەردانى ئەو وڵاتەى كرد، ئەو سەردانە بە سەردانێكى زۆر گرنگ دادەندرێت، چونكە يەكەم سەرۆكە سەردانى مەترسيدارترين وڵاتى کرد بێت، كە ماوەى (20) ساڵ بوو كەمترين ئارامى تێدا بوو، لە هەمانكاتدا ئەو سەردانە بووە شەرمەزارييەكى گەورە بۆ كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، چونكە ئەنقەرە بەرگەى ئەو دۆخە مەترسيدارەى ئەو وڵاتەى گرتووە، وڵاتێك بوو دەستوەردانى بيانى شكستى گەورەى هێنا بوو، دواى ديدارى لەگەڵ شێخ شەريف شێخ ئەحمەد، ئەردۆغان رێنمايى راستەوخۆى دايە باڵيۆزخانەى توركيا لە مەقديشۆ بۆ دياريكردنى باڵيۆزێكى نوێ لەو وڵاتە، لە دواى (20) ساڵ باڵيۆزى نوێ داواكارى خۆى پێشكەش سەرۆكی سۆماڵ كرد، ئەوەش وەك سووربوونى توركيا بوو بۆ ئەوەى نوێنەرايەتى خۆى لەو وڵاتە دەست بە كارەكانى بكات، هەر لەو سەردانە ئەردۆغان (250) مليۆن دۆلارى وەك هاوكارى مرۆيى پێشكەش بەو وڵاتە كرد.

پێشوازی سۆماڵییەكان 

ئەو سەردانە كاريگەرى لەسەر ئاستى و ناوخۆ و دەرەوە بووە جێگەى شانازى سۆماڵييەكان، (ئەردۆغان)يان بە تاكە مسوڵمانى دۆستى سۆماڵ ناو دەبرد، چونكە لەو سەردانە ئەردۆغان سەردانى كەمپى پەنابەران و نەخۆشخانەكانى كرد، دواتريش هۆشدارى دا كە سۆماڵ رووبەڕووى كارەسات بۆتەوە، ئەوەش پێچەوانەى سەردانى بەرپرسانى وڵاتانى تر بوو، كە سەردانەكان زياتر سەردانى تەشريفاتى بوو ماوەيەكى كورت باڵەخانەیەكی حكومی ئەو وڵاتە يا لە بنكەيەكى سەربازى دەمانەوە.

هاوسۆزی مرۆیی؛ پردی پەیوەندیی سۆماڵ و توركیا

ئەو كاتەى توركيا هەنگاوى بەرەو نزيكبوونەوە لە سۆماڵ نا، ئەو وڵاتە توشى كۆمەڵێك قەيرانى گەورە بوو، برسێتى و نەبوونى ئاسايش، وايكردبوو سۆماڵ بە مەترسيدارترين شوێن لە جيهان ناوببرێت، لەو كاتەدا ئەردۆغان دەچێت بۆ ئەو وڵاتە، ئەوەش دەنگدانەوەيەكى گەورەى ناوخۆيى و جيهانى لێدەكەوێتەوە. 

گۆڤارى ستارتى ئيتاڵى لە راپۆرتێكيدا باس لەوە دەكات توركيا چۆن لە سۆماڵ بەسەر ئيتاڵيا سەركەوت، لەو راپۆرتە هاتووە، حكومەتەكەمان لە سۆماڵ دەنگى نەما، هۆكاركەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە (2010)وە توركيا زياتر بايەخى بە لايەنى سەربازى و ئابورى و  نەهێشتنى توندوتيژى  دەدات، ئەوەش  بە ئامانجى دانانى سنورێك بۆ كاريگەريەكانى ئيمارات و سعووديە لە كيشەوەرى ئەفريقيا. 

ئەو رۆڵەى دەزگا ئەمنيەكانى توركيا لە سۆماڵ لە پێناو ئازادكردنى سيلڤيار رۆمانۆ، هاونشتيمانى ئيتاڵى بينى، دەنگدانەوەى زۆرى هەبوو. 

يەكەم: رێككەوتنى ئەو دوو وڵاتە لە (2010) بە رێككەوتنى راهێنانى سوپاى سۆماڵ دەستى پێكرد، ئەوەش بە مەبەستى بەهێزكردنى سەقامگيرى ناوخۆيى ئەو وڵاتە بوو.

دووەم: توركيا دەستپێشخەرى بنياتنانەوەى ژێرخانى سۆماڵ كرد، وەك نوێكردنەوەى فڕۆكەخانەى نێودەوڵەتى و بەندەرى مەقديشۆ، كە ئێستا كۆمەڵەى بەيرەكى توركى بەڕێوەى دەبەن، هەروەها دروستكردنى نوێنترين نەخۆشخانە لە كيشوەرى ئەفريقى. 

سەرەتا توركیا بە ناوی گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ سۆماڵ چوو

سێيەم: لە پێناو بەهێزكردنى بوونى خۆى لە سۆماڵ، توركيا لە رێگەى چەند دەزگايەكى خێرخوازى كارى خێرخوازى بۆ ئەو وڵاتە گوازستەوە. 

ئامادەكارى ئەو راپۆڕتەى گۆڤارى ستارت ئاماژە بەوە دەكات، "بەكارهێنانى ميكانزمى ئەو جۆرە هەژموونە، پێچەوانەى ميكانزمەكانى ئەمەريكايە بۆ دروستكردنى باڵادەستى خۆى بەسەر جيهان و فراوانكردنى دەسەڵاتەكانى." 

گۆڤارى (فۆڕبن پۆليسى) لە راپۆرتێكدا باس لە سەردانەكەى ئەردۆغان دەكات، ئەوەش بە گۆڕانكارييەكى جۆرى لە جيهان لەگەڵ پرسى سۆماڵى دەزانێت، ئەردۆغان يەكەم سەرۆكى وڵاتێكى دەرەوەى ئەفريقيا بوو سەردانى سۆماڵى كرد، لەو كاتەدا ميدياكانى جيهان زۆر بە فراوانى رووماڵى ئەو سەردانەيان كرد، هۆكارەكەشى ئەوە بوو ئەو كاتەدا سۆماڵ ناسناوى مەترسيدارترين شوێن بوو لە جيهان.ئەردۆغان پاڵنەرى سەرەكى پشت سەردانەكەى بە رزگاركردنى گەلى سۆماڵ لە برسێتى ناوبرد.

لەدواى گەڕانەوەشى زياتر لە (200) كەسايەتى سياسى و بزنسمان و رۆژنامەنووس و نوێنەرانى رێكخراوە مرۆيەكانى كۆكردەوە بۆ گەيانى هاوكارى بەپەلە، حكومەتى (49) مليۆن دۆلارى تەرخان كرد، هەروەها ئەوانەى تريش (365) مليۆن دۆلاريان كۆكردەوە. 

لەپاشان ئەردۆغان وتارێكى لە (گۆڤارى فۆڕين پۆليسى)  رەخنەى لە گۆمەڵگەى نێودەوڵەتى گرت كە سۆماڵيان پشتگوێ خستووە، ئەوە جگە لەوەى لە وتارى بەردەم كۆمەڵەى گشتى نەتەوە يەكگرتووەكان نيوەى وتارەكەى  بۆ باسكردن لە دۆخى خراپى سۆماڵ تەرخان كرد، داواشى كرد كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەدەم سۆماڵەوە بچێت، لە هەمانكاتيش ئامادەيى توركياى نيشاندا بۆ سەركردايەتى كردنى بەدەمەوە چوونى سۆماڵ.

ئەردۆغان زۆر زيرەكانە چەندين فاكتەرى بەهێزى بۆ دروستكردنى هەژموونى وڵاتەكەى لە سۆماڵ بەكارهێنا، ئەوەش بەهۆى گرنگى پێگەى سۆماڵ بوو لەو ناوچەيە، كە ئەو كاتە ململانێكانى لەگەڵ ئيمارات و سعووديە زۆر بەهێز بوو، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ميكانزمێكى بەكارهێنا.

نەبوونى ئاسايش

رەجەب تەيب ئەردۆغان زۆر زيرەكانە ئەو بۆشايانەى لەو وڵاتە هەبوون قۆستيەوە لەسەرووى هەموويانەوە بۆشايى ئەمنى، چونكە كە ئاسايش و ئارامى لەو وڵاتە بەرقەرار كرد بەتەواوى رێگە بۆ پڕۆژە بازرگانييەكانى توركیا خۆش دەبێت. دكتۆره‌ هیبه‌ شوكری، پزیشك و چالاكوانی سۆماڵی له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌"ئاژانسی هەواڵى توركیا" رايگەياند، "له‌ (2011) له‌گه‌ڵ سه‌ردانی ره‌جه‌ب تەیب ئه‌ردۆغان له‌ كاتی وشكه‌ساڵی سۆماڵ به‌ هه‌موو قورسایه‌ك وه‌ك یه‌كه‌م به‌رپرسی جیهانی له‌ سه‌ر ئاستی باڵا هاته‌ مه‌قدیشۆى پايتەخت، ئه‌و سه‌ردانه‌ رێگەی‌ خۆشكرد بۆ هاتنی سه‌دان تورك بۆ ئەوەى له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان هاوكاری گه‌لی سۆماڵی بكەن، لێره‌ باس له‌ برنج و ئارد ناكه‌م، به‌ڵكو باسی كێشه‌ گەورەكانى كۆمه‌ڵگە‌ ده‌كه‌م، له‌وانه‌ نه‌بوونی ئاسایش به‌هۆی نه‌بوونی هێزێكی نشتیمانی له‌ رووی راهێنان و پێویستی چه‌ك و پێداویستی دروست بوو."

بەگوێرەى رێككەوتنێك لە ساڵى (2012) توركيا لەگەڵ سۆماڵ واژۆى كرد، بەڵێنى دا سوپاى ئەو وڵاتە مەشق پێ بكەن و بيكەن بە سوپايەكى پێشكەوتوو. 

لە مانگى تشرينى يەكەمى ساڵى (2017) توركيا بە دوورى دوو كيلۆمەتر لە پايتەختى سۆماڵ بنكەيەكى سەربازى لەسەر رووبەڕى (400) هێكتار زەوى كردەوە، سێ گۆڕەپانى جۆراوجۆرى مەشقى تێدايە، چەندين كۆگاى چەك و تەقەمەنى لەخۆگرتووە، تێچووى ئەو بنكەيە نزيكەى (50) مليۆن دۆلار بوو. لەو بنكەيە (10) هەزارار سەربازى سۆماڵى مەشقى تێدا دەكرد.

ئامانجەكانى توركيا 

كردنەوەى ئەو بنكەيە بووە هۆكاری كردنەوەى دەرگايەكى فراوانى بۆ فرۆشتنى چەك و پێداويستى سەربازى. هەروەها بەهێزكردنى هەژموونى خۆى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفريقيا.

پێشتريش بنكەيەكى ترى سەربازى لە قەتەر كردبۆوە، ئەوەش لەبەر گرنگى پێگەى جوگرافى ئەو وڵاتە بوو.

توركيا زۆر باش پێگەى جوگرافى سۆماڵ دەزانێت، رێڕەوێكى گرنگە بۆ وەزە لە جيهان، ئەوە جگە لەو سامانانەى سۆماڵ و نەوت، بەوەش سۆماڵ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى هاتە ناو ئەو سياسەتە هەرێمى و نێودەوڵەتييەى توركيا گرتويەتيە بەر. 

هيبە له بەشێكى ترى‌ قسه‌كانی دەڵێت، "دەستكەوتى توركیا له‌ سۆماڵ رێكه‌وتنامه‌ی راهێنانی سوپای سۆماڵی بوو، كه‌ سه‌دان سه‌ربازی شاره‌زا و ڕاهێنراوی بۆ ئەم وڵاتە لێ بەرهەم هات."

له‌ بواری ته‌ندروستی نه‌خۆشخانه‌ی"ده‌جه‌فیر" له‌ مه‌قدیشۆی پایته‌خت كردەوە، شیاندنی ده‌یان دكتۆر و په‌رستیار، وه‌به‌رهێنان له‌ بواری كشتوكاڵ ده‌سته‌به‌ركردنی رێگه‌ی نوێ له‌ ناوه‌ڕاستی سۆماڵ. 

هه‌روه‌ها له‌ بواری ئاڵوگۆڕی بازارگانی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات به‌رزبوویه‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی ملیارێك دۆلار، ئه‌وه‌ش توركیا كرده‌ ژماره‌یه‌كی قورس له‌ سیاسه‌تی ئابووری ئه‌و وڵاته‌، چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی وه‌به‌رهێنان له‌ وڵاتێك كه‌ هه‌ندێك پێیان وابوو ده‌وڵه‌تێكی شكست خواردووه‌. 

یەكێك لە دەستكەوتەكانی توركیا لە سۆماڵ فرۆشتنی چەك و پێداویستی سەربازی بوو.

شوكری له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی دا راگه‌یاند، توركیا له‌سه‌ر رێزگرتن له‌ سنووره‌كانی سۆماڵ و یه‌كێتی و سه‌روه‌ری خاكی سۆماڵ كارده‌كات، پابه‌ندیشە‌ به‌ نه‌چوونه‌ ناو هیچ رێكه‌وتنێكی ئابووری به‌بێ راوێژكردن له‌گه‌ڵ حوكمه‌تی سۆماڵ، به‌ پێچه‌وانه‌ی كۆی وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو، هه‌روه‌ها توركیا بێلایه‌نی خۆی پاراست له‌ لایه‌نگری له‌ هیچ لایه‌نێكی سۆماڵی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سووربوو  لەسەر چاودێری كۆنگره‌كانی ئاشته‌وایی نێوان لایەنەكانی سۆماڵی بكات. 

سۆزى ئايينى 

بەرپرسانى باڵاى توركيا لە وڵاتانى ئەفريقيا و بەتايبەت خودى ئەردۆغان هەميشە جەخت لەسەر كلتوورى هاوبەشى نێوان گەلانى ئەفريقيا و دەوڵەتى عوسمانى دەكەنەوە، كە ئايينى ئيسلام رۆڵى سەرەكى تێيدا هەبووە، ئەوەش وايكردووە گەلانى ئەم ناوچەيە توركەكان بە نزيكتر لەخۆيان بزانن.

دكتۆر خزر عەبدولباقى محەمەد سەرۆكى ناوەندى نەيجيرى بۆ لێكۆڵينەوەى عەرەبى لە ديمانەيەكى رۆژى (26) حوزەيرانى (2020)ى لە راديۆى مۆنتيكارلۆ سەبارەت بە زيادبوونى هەژموونى توركيا لە كيشوەرى ئەفريقيا دەڵێت، "ئەو پاشخانى ئەو رێكەوتنانەى ئەنقەڕە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى نەيجيريا لە بوارەكان لەوانە ئابوورى و چالاكى وەزرشى، هەرووها هاوكارى توركيا سەربازى ويستى توركيا بۆ دروستكردنى بنكەى سەربازى لە ئەفريقيا ئەو ديوى بيبانەكان و بوونى لە سۆماڵ و ليبيا، ئەو هەستە ئيسلاميەى لاى گەلانى ئەفريقيا هەيە دەيقۆزێتەوە لە پێناو قوڵكردنەوەى هەژموونى خۆى لەو ناوچانە."

بەهۆى ئەوەى وڵاتانى كۆڵنياڵ لەو ناوچانە بايەخيان بە بڵاوكردنەوەى مەسيحەت دەدا، بۆيە ئێستا گەلانى ئەو ناوچانە بەم جۆرە پێشوازى لە دروستكردنى پەيوەندييەكان لەگەڵ توركيا دەكەن، لەپاڵ ئەوەشدا مێژووێكى هاوشيان هەيە، كە تا ئێستاش چەندين مزگەوتى لە كيشەوەرى ئەفريقيا  مێژووەكەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى عوسمانييەكان، كە توركەكان ئەو مزگەوتانە بە دەستكەوێكى گەورەى كلتوورى نەتەوەكە و دەوڵەتى عوسمانى دەزانن. 

لە هەشتاكانى سەدەى (16) ئۆزدەمير پاشا مزگەوتێكى گەورەى لە سوودان دروستكرد، هەرچەندە زانيارى تەواو دەربارەى نييە، بەڵام دەتواندرێت تێروانینێك لەسەر ميراتى عوسمانى لە كيشوەرى ئەفريقيا هەبێت.

دروشمى مەسيحييەكانى سەرەتا لە باشوورى ئەفريقيا خاچ بوو، كە دەرياوانەكانى پرتووگالى لەسەر كەناراوەكان دايان بوو، لە (1652) هۆڵندييەكان ناوەندێكى بازرگانيانيان لە ناوچەى رەجا ساڵح دامەزراند، مەسيحيەت بووە خاوەنى بنەمايەكى بەردەوام بۆ مانەوەى لەو ناوچەيە، بۆ ئەوەى دواتر چالاكی موژدەدەرەكانى دەست پێ بكات، ئەوەش بووە هۆكارى بڵاوكردنەوەى ئايينى مەسيحى لەنێوان دانيشتوانى ئەو ناوچەيە.

لە ساڵى (1795 و 1806) ئينگليز كيپ تاونى داگيركرد، دەستى بەبڵاوكردنەوەى مەسحيت كرد، مسوڵمانەكانى سەرەتا روويانكردە باشوورى ئەفريقيا.

كۆمارى باشوورى ئەفريقيا، هەرچەندە لە ژێر دەسەڵاتى عوسمانييەكان نەبووە، بەڵام دەيان شوێنەوارى عوسمانى تێدايە، خەڵكەكەى رووى لە دەوڵەتى عوسمانى بووە.

بەلاى توركەكانەوە ئەو مزگەوتانە سيبوڵى پاراستنى شوێنەوارى عوسمانييەكانن، هەرچەندە لە رووى سنوورى جوگرافييەوە زۆر لێكدوورن، بەڵام مزگەوتەكان پردى پەيوەندى نێوان توركيا و دانيشتوانانى ئەو ناوچانەن.

دانەوەى قەرزى سۆماڵ

بەهۆى شەڕ و هەژارى سۆماڵ پارەيەكى زۆرى سندوقى دراوى نێودەوڵەتى قەرزابوو، ئەوەش ئەوەندەى تر بارى ئەو وڵاتەى قورستر كردبوو، بەڵام ئەردۆغان دێت ئەو بۆشايە دەقۆزێتەوە، بەشێك لە قەرزەكانى سندوقى دراوى نێودەوڵەتى لەبرى سوودان دەداتەوە.

لە هەنگاوێكى چاوەڕواننەكراو دا، لە مانگى تشرينى دووەمى ساڵى (2020) حكومەتى توركيا بڕيارى دا قەرزە دواكەوتووەكانى سندوقى داروى نێودەوڵەتى لەبرى سۆماڵ بداتەوە.

توركیا بۆ خۆنزیككردنەوە لە سۆماڵ، زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزی بۆ  دایەوە

لەكۆتايى (2018)  سۆماڵ بڕى پێنج مليار و (200) مليۆن دۆلارى سندوقى دراوى نێودەوڵەتى قەرزاربوو،  دواى دانەوەى بەشێك لەو قەرزانە، بوو بە سێ مليار و (700) مليۆن دۆلار، ئەوەش هەنگاوێكى زۆر گرنگ بوو، چونكە دەبێتە هۆى گەشەى ئابوورى و دانانى سنوورێك بۆ هەژارى لەو وڵاتە. 

دواى ئەو بڕيارە، عەبدولقادر محەمەد نوور، وەزيرى دادى سۆمانى لە لاپەڕەى خۆى لە تويتەر نووسيويەتى" لە دڵەوە هەست بە سوپاس دەكەم بەرامبەر ئەو پاڵپشتيانەى رەجەب تەيب ئەردۆگان كە بەردەوام هاوكارى سۆماڵ دەكات.

نووسيويەتى: توركيا بەردەوام هاوپەيمانێكى بەهێزە هاوكارى پێشەكەشى سۆماڵ دەكات و پاڵپشتى چاكسازييە ئابوورييەكانى دەكات."

توركيا بە دانەوەى ئەو قەرزانەى سندوقى دراوى نێودەوڵەتى دەبێتە (11)مين وڵات لە جيهان توانيويەتى قەرزەكانى خۆى لە سندوقى دراوى نێودەوڵەتى سفر بكاتەوە، لەو كاتەوەى رەجەب تەيب ئەردۆغان سەرۆكى حكومەت بوو.

لەبەرانبەردا بۆچوونێكى پێچەوانەيە هەيە، كە پێيوايە ئامانجى توركيا كەمكردنەوەى قەرزەكانى سەر سۆماڵ نييە، بەڵكو ئامانجى ترى هەيە.

بەشێك لە چاودێران پێيانوايە ئەردۆغان بەدانەوەى ئەو قەرزانە هەوڵدەدات وێنەى خۆى بەرانبەر  كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە ليبيا جوان بكات، كە ئەو كاتە تازە چووبووە لیبیا لەدەستى دا بوو.

لە بەشێكى ترى قسەكانيان هۆشداريان دایە حكومەتى سۆماڵ، كە توركيا و قەتەر كۆنتڕۆڵى دەسەڵاتيان كردووە، بەتايبەت بوارى ئەمنى، كە لە رێگەى پاڵپشتى دارايى قەتەر و توركيا بەردەوامن. 

بەگوێرەى قسەى ئەو چاودێرانە توركيا دەيەوێت دەست بەسەر بەندەرەكان و كەرتەكانى وزەى ئەم وڵاتە داگبرێت. بەڵام بەگشتى راى ناوخۆى سۆماڵى پێچەوانەى ئەو بۆچوونانەى سەرەوەيە.

وەرگرتنى قوتابيان 

بەگوێرەى چەند ئامارێكى جياواز ساڵانە رێژەى قوتابيانى سۆماڵ لە توركيا بەرز دەبێتەوە. حوسێن موبارك مامۆستا لە كۆلێژى ئابوورى زانكۆى مەقديشۆ دەڵێت، "بەشدارى توركيا لە سۆماڵ پێناسەى سياسەتى دەرەوەى كردەوە، بوارى لەبەردەم كۆمپانيا و رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى بۆ كاركردن لە سۆماڵ رەخساند."

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژە بەوە دەكات، زانكۆكانى توركيا زەمالەيان لە ناوەندەكانى خوێندن بۆ قوتابيانى سۆماڵ تەرخان كردوە، ئەوەش وايكردووە ژمارەى قوتابيانى بيانى بگاتە نزيكەى (200) هەزار قوتابى لە توركيا، ئێستا لە سۆماڵ چەندين پزيشك و پەرستيار كە لە زانكۆكانى توركيا خوێندنيان تەواو كردووە رۆڵى گرنگيان لە كەرتى تەندروستى سۆماڵى هەيە."

محەمەد مەحموود، جێگرى سەرۆكى رابيتەى دەرچووانى سۆماڵ لە توركيا لەسەرەتاى ئەمساڵ رايگەياند، "لە ساڵى (2011) سۆماڵ گەورەترين سوودمەندە لە زەمالەى خوێندنى توركيا بۆ قوتابيانى كيشوەرى ئەفريقيا."

سەبارەت بە ژمارەى خوێندكارانى سۆماڵى دەڵێت، "دەتوانم  ژمارەى قوتابيانى سۆماڵى  بە پێنج هەزار خوێندكار لە توركيا ديارى بكەم."

جگە لەوەش زياتر لە نۆ هەزار قوتابى سۆماڵى لە توركيا هەيە، كە ياخود لە رێگەى زەمالەى تايبەت، ياخود بەشێك لە زەمالەيان پێدراوە، بەشێكيش لە قوتابيان لەسەر ئەركى خۆيان لە توركيا دەخوێنن."

زیاتر لە نۆ هەزار قوتابی سۆماڵێ لە توركیا دەخوێنن

محەمەد پێى وايە، "پڕۆگرامى خوێندن لە توركيا هيوايەكى لاى گەنجانى سۆماڵ دروستكردووە، بۆ ئەوەى لە دەرەوە درێژە بەخوێندن بدەن، ئەوەش كاريگەرى لەسەر پرۆسەى ئاشتى لە سۆماڵ دەبێت، چونكە كاتێك خەڵك بە باشى فێر دەكرێت، ئەوكات كۆمەڵگەيەكى ئاشتيخواز دروست دەبێت."

قۆناغى نوێى پەيوەندييەكانی نێوانیان 

لە ئايارى ئەمساڵ هەڵبژاردن لە سۆماڵ بەرێوە چوو، جارێكى حەسەن شێخ محەموود سەرۆكايەتى وڵاتى گرتەوە دەست، كە پێشت لە ساڵى (2012 بۆ 2017) سەرۆكى سۆماڵ بوو.

رۆژى (16)ى ئايارى ئەمساڵ ستيفان دۆجاريك، بەناوى ئەميندارى نەتەوە يەكگرتووەكان پيرۆزبايى لە حەسەن شێخ مەحموود كرد و تايشى محەمەد عەبدوڵڵا محەمەد فارماجۆ كرد، كە بەشێوەيەكى ئاشتاييانە كۆتايى بەدەسەڵاتى خۆى هێنا.

ئەمەش بۆ وڵاتێكى وەك سۆماڵ هەنگاوێكى نوێ بوو، لەدواى ئەو هەڵبژاردنە وەزارەتى دەرەوەى توركيا لە راگەيێندراوێكدا ئاشكراى كرد، "توركيا پێشوازى لە سەركەوتنى هەڵبژاردنەكانى سەرۆكايەتى سۆماڵ دەكەين، هيواى سەركەوتنيش بۆ حەسەن شێخ مەحمود دەخوازين."

سەبارەت بە پەيوەندييەكانيش لەو راگەيێندراوە هاتووە، "توركيا بايەخى گەورە بە ئاسايش و سەقامگيرى سۆماڵ دەدات، كە پەيوەندى مێژوويى پێكەوەمان دەبەستێتەوە، هيواخوازيش ئەو هەڵبژاردنە ببێتە مايەى خۆشى بۆ گەلى سۆماڵى."

توركيا بەڵێنيشى بە سۆماڵ دا لە قۆناغى داهاتوو پاڵپشتى حكومەتى ئەو وڵاتە دەكات بۆ چەسپاندنى ئاشتى و خۆشگوزەرانى.

لەدواى هەڵبژاردنى بۆ جارى دووەم حەسەن مەحموود لە ديمانەيەكى ماڵپەڕى (ئەنادۆڵ) تيشكى خستە سەر پەيوەندييەكانى داهاتووى نێوان توركيا و سۆماڵ.

لە بەشێكى ئەو ديمانەيە دەڵێت، "پاڵپشتى توركيا بۆ سۆماڵ لە هەموو بوارەكان زۆر روونە، ئەوەش وايكردووە هۆش و دڵى گەلەكەمان بۆخۆى رابكێشێت، چونكە پاڵپشتييەكانى توركيا بۆ وڵاتەكەمان لە پێناو هاووڵاتيانى ئاسايى بوو، نەك لە پێناو سياسييەكان، ياخود لايەنێكى دياريكراو."

ئەوەش وايكرد بەگەرمى پێشوازى لەو پاڵپشتيانە  بكرێت، كە توركيا لەبوارەكانى ئابوورى و ئاسايش و فێركردن پێشكەش بەو وڵاتەى دەكرد، پايەكى تايبەتى لاى  گەلى سۆماڵ هەبێت.شێخ محەموود لە قۆناغى يەكەمى ماوەى سەرۆكايەتى چەند جارێك سەردانى توركياى كرد.

سەبارەت بە قۆناغى نوێى نێوان توركيا و سۆماڵ محەمەد يەڵماز، باڵيۆزى توركيا لەو وڵاتە رايگەياند، "چاوەڕوان دەكەين پەيوەندييەكانى نێوان مەقديشۆ و ئەنقەرە بچێتە قۆناغێكى پێشكەوتوو، پەيوەندى نێوانمان لە بوارى ئاسايش و تەندروستى و فێركردن و بەرگرى چۆتە قۆناغى دەستكەوتەكان."

دەربارەى ئاڵوگۆڕى ئابورى ئاماژەى بەوە كرد، " قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوانمان زياتر لە (300) مليۆن دۆلارە، هەروەها وەبەرهێنان توركيا لە كەرتى تايبەت لە سۆماڵ زيادى كردووە."

باڵيۆزى توركيا لە سۆماڵ باسى لەوەش كرد، "پەيوەندى نێوانمان لەدواى ئەو هەڵبژاردنە دەچێتە قۆناغێكى زۆرباش، بە درێژايى ماوەى رابردوو پەيوەنديمان لەگەڵ سەرۆكەكانى سۆماڵ باش بووە."

داهاتووى پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و سۆماڵ

چاوەڕوان دەكرێت پەيوەندييەكانيان بەرەو پێش بچێت، بەهۆى ئەوەى شێخ حەسەن پەيوەندى لەگەڵ توركيا هەبوو، سەرەتاى دەستپێكى پەيوەندييەكانيش لە شێخ حەسەن دەستى پێكردووە.

عەبدولقادر محەمەد نور، وەزيرى بەرگرى سۆماڵ دەڵێت، "هەڵبژاردنى حەسەن شێخ مەحموود لەسەر ئاستى پوەندى نێوان سۆماڵ و توركيا دەرفەتێكى مێژووييە پەيوەندييەكانمان دەباتە قۆناغێكى نوێ، چونكە پەيوەندييەكانى نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ساڵى (2011 ) بەسەردانى رەجەب تەيب ئەردۆغان دەستى پێكرد، لە (2012) حەسەن شێخ مەحموود قووڵى كردەوە."

هەڵبژاردنەوەی حەسەن شێخ مەحموود دەرفەتێكی مێژووییە بۆ توركیا و سۆماڵ

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژە بەوە دەكات، "كە بەهۆى ئەوەى ماوەى چەند ساڵێك لە ئەنقەرە كارى ديپلۆماسيم كردووە، دەتوانم بڵێم پەيوەندى بەهێزى نێوان ئەردۆغان و شێخ مەحموود رەنگدانەوەى راستەوخۆى لەسەر پەيوەنديەكانى نێوان هەردوو وڵات دەبێت."

شێخ مەحموود پشكى لە نوێكردنەوە و كردنەوەى نەخۆشخانەى ئەردۆغان لە سۆماڵ هەبوو، كە گەورەترين نەخۆشخانەيە، لە ساڵى (2015) ئاژانسى (تيكا)ى توركى دروستى كردوە.

خاڵێكى ترى بەرەو پێشچوونيى پەيوەندييەكان بريتييە لەوەى قەبارەى ئابوورى ئەو دوو وڵاتە لە ساڵى (2010) شەش مليۆن دۆلار بوو، بەڵام لە ساڵى (2018) گەيشتە (187) مليۆن دۆلار.

سەردانى سەرۆكى سۆماڵ و نوێكردنەوەى پەيوەندييەكان

لەگەڵ دەستبەكاربوونى سەرۆكى نوێى سۆماڵ، رەجەب تەيب ئەردۆغان بانگێشتنامەيەكى ئاڕاستە كرد، رۆژى چوارى ئەم مانگە سەرۆكى سوودان لەسەر بانگێشتى فەرمى رەجەب تەيب ئەردۆغان سەردانى توركياى كرد.

چاودێرانى سياسى پێيانوايە، "سەردانى سەرۆكى سۆماڵ دەبێتە جووڵاندنەوەى پڕۆژەكان و دەيان رێككەوتنى پێشوو، كە نەخرابوونە بوارى جێبەجێكردن، سەرەڕاى ئەوەش دەبێتە زيادكردنى سەرچاوەكانى داهات و دروستكردنى دەرفەتى كار لەو وڵاتە، كە رێژەى بێكارى لە (75%).

محەمەد ئەبتەدون، لێكۆڵەر لە ناوەندى سۆماڵ بۆ توێژينەوە رايگەياند، "ئەو سەردانەى سەرۆكى سوودان چەند رێككەوتنێكى نوێى ئابوورى لەخۆ گرتووە، لەگەڵ ئەوەش بوارى پەرەپێدان و پاڵپشتى سۆماڵ لە رێگەى دابيكردنى پڕۆژە نوێكان دەگرێتەوە."

بەهۆى ئەوەى ئەو دوو وڵاتە چەند ساڵێكە پەيوەنديان هەيە، پێشبينى دەكرێت لە فۆناغى داهاتوو توركيا پڕۆژەى پەرەپێدانى نوێ و ئاوئاهەنگى بوارەكان ئاسايش و ئابوورى ئەنجام دەدەن.

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو لێكۆڵەرە دەڵێت، "كۆمپانيا توركيا شوێنە هەستياريەكانى وەك بەندەرەكان و فڕۆكەخانە بەڕێوە دەبەن، لەگەڵ ئەوەش مەشق بە هێزەكانى سوپا و هێزە ناوخۆييەكانى سۆماڵ دەكەن."

دوای هەڵبژادرنەوەی لە يەكەم سەردانى بۆ توركيا  حەسەن شێخ مەحموود رايگەياند، "پەيوەندى سۆماڵ لەگەڵ توركيا ئەرێنييە، وڵاتەكەمان بەهۆى ئەو پاڵپشتييە ئابوورى و ديپلۆماسيەى توركيا پێشكەشى كردووين پێشكەوتووە."

سەبارەت بە پەيوەندييەكانيش ئاماژەى بەوە كرد، "پەيوەندييەكانمان لەسەر بنەماى رێز و هاوئاهەنگى بنياتنراوە، ئەو پەيوەندييانەش لەگەڵ سەردانەكەى رەجەب تەيب ئەردۆغان لە مانگى ئابى (2011) گەشەى كرد."

سەرۆكى سۆماڵ جەختى لەسەر ئەوەش كردەوە، "سۆماڵ لە هەموو جيهان پاڵپشتى بۆ دێت، بەڵام پاڵپشتى توركيا نموونەى نييە، پاڵپشتييەكى مەبدەئى و ئاينييە." 

مێژووى پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و سۆماڵ

توركيا و سۆماڵ مێژووى پەيوەندييەكانيان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى عوسمانييەكان، كاتێك محەمەد عەبدوڵڵا حەسەن سەركرايەتى شۆڕشى دەروێشەكانى لە ساڵانى (1899بۆ 1920) دەكرد بۆ رزگاركردنى ئەو وڵاتە لە دەست داگيركارى بەريتانيا.

بەڵام بەهۆى كێشە ناوخۆييەكانى سوودان و توركیا ئەو پەيوەندييە بە لاوازى مايەوە، لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتى ئاكپارتى لە (2002)  توركيا پەيوەندييەكانى لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا بەهێز كردەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین