عێراق رووبه‌ڕووى چوار په‌تا ده‌بێته‌وه‌ و پێنجه‌میش به‌ڕێوه‌یه‌ تەندرووستی

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق، پێنوێنى په‌تاكانى كۆرۆنا و كۆلێرا و خوێنبه‌ربوون له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دان، ئه‌مه‌ جگه‌له‌ مه‌ترسى ئاوڵه‌ى مه‌یمون. هه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ باس له‌ ده‌ركه‌وتنى په‌تاى هاریى سه‌گیش ده‌كات.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ پێنجى ته‌مووزى 2022 راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ، باس له‌و په‌تایانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا له‌ناو عێراقییه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌. 

سه‌یف به‌در گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق لێدوانى داوه‌ و ده‌ڵێ، "وه‌زاره‌ت له‌ یه‌ك كاتدا رووبه‌ڕووى چه‌ندان په‌تا ده‌بێته‌وه‌، له‌وانه‌ كۆڤید 19، شه‌پۆلى پێنجه‌مى به‌ شێوه‌یه‌كى ترسناك له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، هه‌روه‌ها په‌تاى خوێنبه‌ربوون كه‌ ژماره‌ى تووشبووانى به‌ شێوه‌یه‌كه‌ له‌ نۆهه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو تا ئێستا وێنه‌ى نه‌بووه‌".

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ژماره‌ى تووشبووانى كۆلێرایش له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و هاوكات په‌تاى "هاریى سه‌گ" بڵاوبووه‌ته‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ى سنوورداره‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌سه‌ر ئاوڵه‌ى مه‌یموون روونكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ ده‌دات، هه‌تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێك له‌ عێراق تۆمار نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئاسته‌نگێكه‌ له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌بێت رێكارییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاماده‌ بكات.

به‌گوێره‌ى راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، به‌ هۆى خراپى سیسته‌مى ته‌ندروستى له‌ عێراق، بوونى گه‌نده‌ڵى له‌ كه‌رته‌كه‌، هاووڵاتیان زۆر متمانه‌یان نییه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ كاتى بوونى په‌تادا. له‌ به‌رانبه‌ردا به‌رپرسانى كه‌رتى ته‌ندروست ده‌بێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ر په‌تایه‌ك پێویسته‌ رۆشنبیرى خۆپاراستن له‌ناو خه‌ڵك بڵاوبكرێته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین