داود ئۆغلۆ واژۆ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كۆدەكاتەوە تورکیە

نوچەنێت:

پارتی ئاییندە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغلۆ بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنەكانی توركیا هەڵمەتێكی واژۆكۆكردنەوەیان بە ناونیشانی (هەڵمەتی واژۆكردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە) دەستپێكردووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە (سێی تەمووزی 2022) ماڵپەڕی (زەمانی) توركی بڵاویكردەوە، پارتی ئاییندە هەڵمەتێكی واژۆ كۆكردنەوەی دەستپێكردووە، لە وتاری دەستپێكی ئەو هەڵمەتە ئەحمەد داود ئۆغلۆ رایگەیاند، "ئەوە تەنیا سەرەتایە، بەرەوام دەبین لەو هەڵمەتە سەدان هەزار و ملیۆنان واژۆ كۆدەكەینەوە، دەمانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستەبەجێ بكرێت."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئۆغلۆ گوتی، "هیچ دەربازبوونێك لە سندوقی هەڵبژاردنەكان نییە، سندوقی هەڵبژاردنەكان ئاشتی بۆ توركیا دەگێڕێتەوە."

سەرۆكی پارتی ئاییندە ئاماژەی بەوەش كرد، "هەڵمەتی واژۆكۆكردنەوە هەموو گۆڕەپانەكانی هەڵبژاردنەكان دەگرێتەوە، ئامانجی ئەوەش ئەو پێنج چەمكەیە، دادپەروەری، دیموكراسی، پەرەپێدان، یەكسانی، ئەخلاق لە سیاسەت." 

بڕیارە ئۆغلۆ ئەم داواكارییە لە هەموو توركیا دەخاتە بەردەم جەماوەر، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ رەتكردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیاوە.

بڕیارە لە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی گشتی بكرێت، پێشتر چەند جارێك پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كردووە، بەڵام لە لایەن ئەردۆغان رەتكرایەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین