داواى دوورخستنه‌وه‌ى زاواكانى مالیكى ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌دا ئاشكراى كردووه‌ ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ له‌ عێراق به‌وه‌ گه‌یشتووه‌، داواى دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ندێك كه‌سایه‌تى ناو دانوستاندنه‌كان ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تى دوو زاواكه‌ى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا.

رۆژنامه‌ى مه‌دا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سێى ته‌مووزى 2022 له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌وه‌ كردووه‌، وێراى ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت رێكنه‌كه‌وتوون، ململانێیه‌كى تووندیش له‌نێوان نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح هه‌یه‌ له‌سه‌ر رێبه‌رایه‌تى به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى.

جیا له‌ چه‌ندین ناكۆكى مه‌دا ئاشكراى كردووه‌، یه‌كێك له‌ بابه‌تانه‌ى كه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ى ناڕه‌زایى بوونى هه‌ندێك كه‌سایه‌تییه‌ له‌ ریزى شانده‌كانى دانوستاندنى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌. بۆیه‌ داواى دوورخستنه‌وه‌یان ده‌كرێت.

ئه‌وانیش بریتین له‌ حوسێن مالیكى و یاسر سخێل زاواكانى مالیكى، عه‌بدولره‌حیم زوهه‌یرى سه‌ركرده‌ له‌ حزبى ده‌عوه‌، كوڕه‌كانى عامرى، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دى و تارق نه‌جم و چه‌ندانى تر.

چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ ته‌واوى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ له‌خۆ ده‌گرێت، جگه‌ له‌ ره‌وتى سه‌در، ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ وه‌ك به‌ره‌یه‌كى سیاسى بۆ ئامانجه‌كانى پێكهاته‌ى شیعه‌ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق دروست بوو. دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در له‌ په‌رله‌مان، هه‌وڵده‌دات خۆى وه‌ك گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى په‌رله‌مان بناسێنێ و ئه‌ركى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ ئه‌ستۆ بگرێت. دیارترین لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ئه‌مانه‌ن: ده‌وڵه‌تى یاسا، هاوپه‌یمانى نه‌سر، ره‌وتى حیكمه‌، رێكخراوى به‌در، میلیشیاى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، بزووتنه‌وه‌ى عه‌تا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین