دوو لیواى هێزەکانى پێشمەرگە چەکەکانیان نابنەوە ماڵەوە کوردستانی

نوچەنێت:

دواى دەستپێکردنى هەڵمەتى دەستبەسەرداگرتنى چەکى بێ مۆڵەت و دانانى بازگە لە شەقامەکان، عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، وەک هەنگاوێکى ئەزموونى تا ئێستا پێشمەرگەى دوو لیوا چەکەکانیان نەبردۆتەوە ماڵەوە و لە یەکەکانیان دانراوە.

ئەمڕۆ شەممە (دووى تەممووز/2022) عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر چەکى بێ مۆڵەت ونەبردنەوەى چەک لەلایەن پێشمەرگەوە بۆ ماڵەوە  بەرووداوى ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە کارکردنى زۆرى دەوێ.

عەمید عوسمان محەممەد زیاتر ڕوونیکردەوە و دەڵێت، بۆ ئەوەى چیتر پێشمەرگە چەک نەباتەوە ماڵێ، ئەنجوومەنی بەرگریی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەسەر ئەم بابە ئەنجام دەدات.

 بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی ئاشکراى دەکات، تاوەکو ئێستا نەبردنەوەى چەک بۆ ماڵەوە لەلایەن پێشمەرگەوە لە دوو لیوا تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە.

دواى ڕوودانى چەندین تاوانى کوشتن لە هەرێمى کوردستان، ڕۆژى (30)ـى حوزەیرانى (2022) ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ دواى ڕسپاردنى لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "لە هیچ کەسێک قبووڵناکرێ سەرپێچی بکات و چەکی بێمۆڵەتی پێبێت ئەگەر هەر پۆستێکی هەبێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین