چه‌ند لایه‌نێكى شیعه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ره‌وتى حیكمه‌ و جووڵانه‌وه‌ى حقوق و عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش له‌ لایه‌ن نوورى مالیكى و هادى عامرى ره‌ت ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین پێگه‌یان له‌ناو به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27 حوزه‌یران 2022 رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ دووبه‌ره‌كى لایه‌نه‌ شیعه‌كانى ناو به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات هۆكاریى ناكۆكییه‌كه‌ ئاشكرا بكات. 

به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ چه‌ند هۆكارێك له‌پشت ئه‌و دووبه‌ره‌كییه‌وه‌ن، زۆرترینیان په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵوێستى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در هه‌یه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لى سكرتێرى گشتى میلیشیاى عه‌سائیب ئه‌هلى حه‌ق داواى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنێكى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان ده‌كات. 

هه‌مان بۆچوون له‌لایه‌ن عه‌ممار حه‌كیمى سەرۆکی ره‌وتى حیكمه‌وه‌ هه‌یه‌، جیا له‌وه‌یش جووڵانه‌وه‌ى حقوق كه‌ سه‌ربه‌ كه‌تائیبى حزبوڵاى عێراقییه‌ به‌ كتوپڕى له‌ په‌رله‌مان كشایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان یه‌ك كورسییان هه‌بوو، به‌ڵام له‌دواى كشانه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در له‌ په‌رله‌مان، ژماره‌ى كورسییه‌كانیان بۆ شه‌ش كورسى به‌رزبووه‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌، "مه‌رایین بۆ ره‌وتى سه‌در به‌ هۆى ئه‌و نیگه‌رانییه‌ كه‌ هه‌یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر كارێكى نه‌خوازراو كه‌ ره‌وته‌كه‌ ئه‌نجامى بدات". سه‌رچاوه‌كان بۆ مه‌دا ده‌ڵێن، "چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ئاوڕ له‌و ده‌نگانه‌ ناداته‌وه‌ و به‌ ناكاریگه‌رییان ده‌زانێت، به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت نورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا و هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح به‌ره‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن".

له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ كه‌ له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، لایه‌نه‌ شیعه‌كان بۆ دوو ئاراسته‌ دابه‌ش بوون. ئاراسته‌ى یه‌كه‌میان ره‌وتى سه‌در بوو كه‌ یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوو، داواى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ى سیاسى ده‌كرد و دواتر له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و په‌رله‌مان كشایه‌وه‌. ئاراسته‌ى دووه‌میان به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌یه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى ته‌وافوقى ده‌كات و ئێستایش كارى بۆ ده‌كات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین