له‌ باشیك هێرش كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ى سه‌ربازى توركیا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هێرشێكى مووشه‌كى كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ى سه‌ربازى توركيا "زلێكان" له‌ باشیك له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا، تا ئێستا زیانه‌كانى ئه‌م هێرشه‌ نه‌زانراون، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ ره‌زامه‌ندى داوه‌ میلیشیاكانى شیعه‌ له‌ سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكێشێنێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26 حوزه‌یرانى 2022 ماڵپه‌ڕى سۆمه‌رییه‌ نیوز و چه‌ند ماڵێكى ترى عێراقى بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، به‌ مووشه‌ك هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ى سه‌ربازى توركیا له‌ زلێكان، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زیانێكى گیانى و مادى ئاشكرا نه‌كراوه‌.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كان بۆ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان زیادى كردووه‌، له‌ چوار رۆژى رابردوودا سێ جار هێرش كرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆر له‌ چه‌مچه‌ماڵ. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌، كه‌ زۆرێك له‌لایه‌نه‌كانى میلیشیایان هه‌یه‌، له‌ دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ كورد و سوننه‌ به‌ڵێنیان داوه‌ هێزى میلیشیاكان له‌ سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ سوننییه‌كان بكێشنه‌وه‌.

مه‌دا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، لیواى 30ى شه‌به‌ك و هێزێكى سه‌ر به‌ میلیشیاى عه‌سائیب له‌ سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستانن. زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ له‌ ته‌واوى ناوچه‌كانى عێراق هێرشى نه‌ناسراو به‌ مووشه‌ك و فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وان ئه‌نجام ده‌درێن، كه‌ زۆرجار حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق و وڵاتانى رۆژئاوا له‌م هێرشانه‌ میلیشیاكانى شیعه‌ به‌ ئه‌نجامدانیان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

له‌ سه‌روبه‌ندى شه‌ڕى هاوپه‌یمانان له‌ دژى رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌دواى 2014، توركیا بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ باشیك هه‌یه‌، تا ئێستا نازانرێت چه‌ند سه‌ربازى تێدا جێگیر كراوه‌، وێراى ناڕه‌زاییه‌كانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق توركیا ئاماده‌ نییه‌ بنكه‌كه‌ى بكێشێته‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین