تێڕوانینى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێم ئاشكرا ده‌بێت کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ تێڕوانینى به‌ره‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ، "پێشنیار كراوه‌ له‌ ماوه‌ى دوو مانگ یاساى نه‌وت و گازى عێراق دابنرێت".

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23 حوزه‌یرانى 2022 به‌ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوزى راگه‌یاندووه‌، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا سه‌ركرده‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراق بكه‌ن و تاوتوێى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق بكه‌ن. 

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فیدڕاڵ، سه‌رچاوه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، ده‌بێت گفتوگۆ بكرێت بۆ رێككه‌وتنێك كه‌ كۆمپانیاى سۆمۆ سه‌رپه‌رشتى بكات، دواتر به‌غدا له‌ هه‌موو پڕۆژه‌ نوێیه‌كانى هه‌رێم ئاگادار بێت، جیا له‌مه‌یش دواى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق هه‌وڵ بدرێت به‌ دوو مانگ تا سێ مانگ یاساى نه‌وت و گاز له‌ په‌رله‌مانى عێراق په‌سه‌ند بكرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك شایسته‌ى هه‌ر لایه‌ك زامن بكات.

دواى كشانه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و په‌رله‌مانى عێراق، چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ وه‌ك گه‌وره‌ترین فراكسیۆن خۆى ده‌ناسێنێ و هه‌وڵى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ ده‌دات.

ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و دۆسیه‌ى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم له‌ به‌غدا و چه‌ندان كێشه‌ى تر هه‌ن، كه‌ له‌سه‌ره‌تاى هه‌ر حكومه‌تێكى نوێى فیدڕاڵ هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنیان ده‌درێت و دواى پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌یش ته‌نگژه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین