عێراق به‌ هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وتى رووسیا زیانى به‌رده‌كه‌وێت کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ئاژانسى بلۆمبێرگ و ماڵپه‌ڕى ستاندارد ئاند پورز زانیاریی ئه‌وه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌ دابه‌زینى نرخى نه‌وتى رووسیا به‌ هۆى سزاكانه‌وه‌، عێراق گه‌وره‌ترین زیانى به‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ هیند و چین كه‌ دوو كڕیارى گه‌وره‌ى نه‌وتى عێراق بوون، روویان له‌ كڕینى نه‌وتى رووسى كردووه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23 حوزه‌یرانى 2022 هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ئاژانسى بلۆمبێرگ و ماڵپه‌ڕى كۆمپانیاى ستاندارد ئاند پورز زانیاریى ئه‌وه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كڕینى نه‌وتى عێراق به‌ تایبه‌تى خاوى به‌سڕه‌ به‌ قووڕس و مامناوه‌نده‌كه‌ییه‌وه‌ له‌لایه‌ن دوو كڕیارى گه‌وره‌ى ئاسیا "چین و هیند" دابه‌زیوه‌.

هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ى به‌ هۆى شه‌ڕى ئۆكرانیاوه‌، سزاى رۆژئاواى به‌سه‌ر رووسیا سه‌پێندراوه‌، نرخى نه‌وتى رووسیا دابه‌زیوه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ هیند و چین كه‌ دوو كڕیارى گه‌وره‌ى نه‌وتن له‌ ئاسیا، روویان له‌ نه‌وتى رووسیا كردووه‌.

له‌ساڵى 2021 عێراق رۆژانه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وتى به‌ هیند داوه‌، نزیكه‌ى 953 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیشى به‌ چین داوه‌، كه‌چى ئێستا كڕینى نه‌وتى رووسیا له‌لایه‌ن ئه‌م دوو وڵاته‌ به‌ رێژه‌ى 20 تا 30% زیادى كردووه‌.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م داتایه‌ جێگیر نییه‌، چونكه‌ ئاژانسى بلۆمبێرگ باسى له‌وه‌ كردووه‌ كڕینى نه‌وتى رووسیا له‌لایه‌ن چینه‌وه‌ به‌ رێژه‌ى 55% زیادى كردووه‌ و به‌گوێره‌ى ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان ته‌نیا له‌ مانگى رابردوو "ئایار" چین بڕی هه‌شت ملیۆن و 420 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بووه‌.

عێراق دواى سعوودیه‌ به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى رێكخراوى ئۆپێك داده‌نرێت، له‌سه‌ره‌تاى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگى رووسیا و ئۆكرانیا كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ نرخى نه‌وتى به‌رز كرده‌وه‌، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ له‌ عێراق ده‌كرا گه‌وره‌ترین سوودمه‌ندى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت بێت، له‌ مانگى نیسانى رابردوویش به‌رزترین ئاستى له‌ داهاتى نه‌وت تۆمار كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین