شه‌ش په‌رله‌مانتارى شوێنگره‌وه‌ له‌ سه‌درییه‌كانن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ شه‌ش په‌رله‌مانتارى نوێ كه‌ له‌ شوێنگره‌وه‌ى په‌رله‌مانتارانى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ى ره‌وتی سه‌درن، ره‌تیان كرده‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ بن، چونكه‌ ئه‌وانیش كاندیدى ره‌وته‌كه‌ بوون.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23 حوزه‌یرانى 2022 دانیشتنى نائاسایى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چێت. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، دانیشتنه‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونى 202 په‌رله‌مان ده‌ستيپێكردووه‌.

كارنامه‌ى دانیشتنه‌كه‌ له‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌ك پێكهاتووه‌، یه‌كێكیان تایبه‌ته‌ به‌ دیاركردن وده‌ستنیشانكردنى شوێنگره‌وه‌ى سه‌درییه‌كان له‌ په‌رله‌مان، كه‌ له‌ 12ى ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر داواى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، 73 په‌رله‌مانتار ئه‌مڕۆ له‌ شوێنى سه‌درییه‌كان داده‌نرێن، به‌ڵام شه‌شیان ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ بن، چونكه‌ ئه‌وانیش كاندیدى ره‌وتى سه‌در بوون، بۆیه‌ پابه‌ند ده‌بن به‌ داواكه‌ى سه‌در كه‌ ئێستا به‌ ته‌واوى له‌ پرۆسه‌ى سیاسى كشاوه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، ره‌وتى سه‌در براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوو. دواى هه‌وڵ و ململانێیه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت، ره‌وته‌كه‌ نه‌یتوانێ حكومه‌ت پێكبهێنێ، بۆیه‌ وه‌ك فشارێك بۆ سه‌ر نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وته‌كه‌ داواى كشانه‌وه‌ى له‌ په‌رله‌مانتارانى كرد و ئه‌وانیش ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین