په‌رله‌مانتارێكى كورد: پرساندن له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى عێراق ده‌كه‌ین کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

مه‌حما خه‌لیل په‌رله‌مانتارى كورد له‌ عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا داواى لێپرسینه‌وه‌ له‌ عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیری دارایى عێراق ده‌كات و ده‌ڵێ، "هه‌موو شكسته‌ داراییه‌كان به‌ هۆى ئه‌و بووه‌".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20 ى حوزه‌یرانى 2022 مه‌حما خه‌لیل ئه‌ندامى لیژنه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ راگه‌یێندراوێكدا ره‌خنه‌ى توند له‌ عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق ده‌گرێت و ئۆباڵى هه‌موو شكسته‌ داراییه‌كانى ده‌خاته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایه‌ عه‌لى عه‌لاوى له‌ سیاسه‌تى دارایى و دراو كۆمه‌ڵێك شكستى به‌ سه‌ر عێراقییه‌كان هێناوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش مه‌حما خه‌لیل ده‌ڵێ، "وه‌زیرى دارایى سزاى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانى هه‌رێمى كوردستانى داوه‌، به‌ نه‌ناردنى مووچه‌كانیان، ئه‌مه‌یش سه‌رپێچییه‌كى زه‌قى ماده‌ى 12 ى ده‌ستوورى عێراقه‌".

مه‌حما خه‌لیل پێیوایه‌ وه‌زیرى دارایى به‌رپرسیارێتى له‌ ته‌واوى بابه‌ته‌كانى بێ به‌هاكردنى دراوى عێراق و ئاماده‌نه‌كردنى بانكه‌كان و گه‌نده‌ڵى له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، بۆیه‌ به‌ پێویستى ده‌زانێ له‌ په‌رله‌مانى عێراق لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت.

له‌ ماوه‌ى رابردوودا عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى عێراق دوو جار بانگهێشتى په‌رله‌مان كراوه‌، یه‌كه‌میان تایبه‌ت بوو به‌ دابه‌زاندنى به‌هاى دینار به‌رانبه‌ر دۆلار و دووه‌میشیان په‌یوه‌ندى به‌ ئاماده‌كارییه‌كانى یاساى ئاسایشى خۆراك هه‌بوو .
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین