چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى تووشى دووبه‌ره‌كى ده‌بێت و كازمییش تووڕه‌ ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى ئاشكراى كردووه‌، چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى هه‌ڵوێستێكى دیاریكراوى له‌دواى كشانه‌وه‌ى سه‌درییه‌كان له‌ په‌رله‌مان نییه‌ و دووبه‌ره‌كیش له‌نێو چوارچێوه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌. ئه‌وه‌یش ئاشكرا ده‌كرێت له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌دا چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى مسته‌فا كازمییان تووڕه‌ كردووه‌.

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 19 حوزه‌یرانى 2022 له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تا ئێستا هه‌ڵوێستێكى دیاریكراو له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ قۆناغى دواى كشانه‌وه‌ى سه‌در به‌دی ناكرێت. ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، دوو به‌ره‌ له‌ناو چوارچێوه‌كه‌ هه‌یه‌.

به‌ره‌یه‌ك كه‌ نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ده‌ست به‌كاره‌كان بكرێت، بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ. له‌ به‌رانبه‌ریشدا به‌ره‌یه‌ك كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕوان موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در بكرێت، نه‌وه‌ك پاشگه‌ز ببێته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانیش به‌شدار بووه‌ و داواى لێكراوه‌ هه‌ڵوێستێكى توند سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بنوێنێ، هه‌وڵبدات ناردنى نه‌وت رابگرێت و رێگه‌ بە هاورده‌كردنى كه‌لوپه‌لى توركی نه‌دات، ئه‌مه‌یش كازمى تووڕه‌ كردووه‌، بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى جێهێشتووه‌.

رۆژنامه‌ى مه‌دا پێشبینى ئه‌وه‌یش ده‌كات له‌ رۆژانى داهاتوو بێ ئاماده‌بوونى سه‌در له‌ شانۆى سیاسى، گرژیى زیاتر له‌نێوان كازمى و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى دروست بێت.

رۆژى 12ى ئه‌م مانگه‌ ته‌واوى په‌رله‌مانتارانى سه‌در له‌سه‌ر داواى موقته‌دا سه‌در له‌ په‌رله‌مان ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى هه‌وڵ ده‌دات دانوستاندن بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق بكات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین