دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى کۆدەبنەوە کوردستانی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان بۆ ڕوونکردنەوەى ستراتیژییەتى حکومەتى هەرێم بۆ نەهێشتنى گەندەڵى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لایەنە سیاسییەکان هەریەکەیان سەنگی خۆی هەیە لە کۆمەڵگادا، دەتوانن ڕۆڵێکى باشیان هەبێت لە سەر پڕۆسەی چاکسازی و دژایەتیکردنى گەندەڵی."

ئەمڕۆ یەکشەممە (19/ حوزەیران/2022) ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەرى لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە لەسەر پرسى ڕووبەڕوونەوەى گەندەڵى، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە تایبەت بە نوچەنێت ڕاگەیاند، "ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی کاروچالاکییەکانمانە، بۆ ڕوونکردنەوەی ستراتیژیەتی حکومەتى هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى، کە دەستەی دەستپاکی ئامادەی کردووە، پار ساڵ ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردووە، هەروەها لە رۆژنامەی (وەقاعەی کوردستان) بڵاو بووەتەوە، کە بەشێکى ستراتیژیەتەکە پەیوەستە بەلایەنە سیاسییەکان، چونکە ئەوان دەتوانن رۆڵی گرنگ ببینن لەکۆمەڵگەدا، چونکە لایەنە سیاسییەکانیش هەندێکیان لە حکومەتدان و هەندێکی تریان ئۆپۆزسیۆنن لە پەرلەمان، ئەرکی پەرلەمانیش ئەوەیە کە پاڵپشتی لە پڕۆسەی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی بکات".

سەبارەت بە ڕۆڵى لایەنەکان بۆ دژایەتیکردنى گەندەڵى، د. ئەحمەد ئەنوەر گووتى، "لایەنە سیاسییەکان هەریەکەیان بەپێى سەنگی قەبارەى خۆیان، دەتوانن رۆڵێکی فراوان و کاریگەریان هەبێت، سەرجەم ئەو کۆبوونەوانەش تەنیا کارو چالاکی و ئامادەکارییە، بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا هاوکارییەکان بەردەوام بێت کاریگەری دەبێت."

سەرۆکى دەستەى دەستپاکى ڕوونيشکردەوە، "پڕۆسەی چاکسازی و دژایەتیکردنى گەندەڵی پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، هەموو ئەو کارانەی کە دەکرێت هۆشیارکردنەوە و داواکردنی هاوکارییە لە لایەنەکان، ئێمە لەگەڵ (سێکتەرەکان، حکومەت، دامەزراوە فەرمییەکان، پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری، پارتە سیاسییەکان) کۆبووینەتەوە، لە داهاتووشدا لەگەڵ ئیدارە خۆجەیى و سەربەخۆییەکان کۆدەبینەوە، بەمەبەستی پاڵپشتی و هاوکاری بۆ پڕۆسەی جێبەجێ کردنی ستراتیژیەتی گەندەڵی، کە ئێمە ئامادەمان کردووە، بەڵام ئەرکەکە زیاتر دەکەوێتە سەر فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان واتە ئەو ستراتیژییەی کە دادەنرێت کاری دەستەى دەستپاکیە، لە جێبەجێکردنی پڕۆسەکەشدا چاودێر بێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین