ئیسرائیل چه‌ندان جار له‌ عێراق بۆردومانى كاروانه‌كانى ئێرانى كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، هێزه‌كانى ئیسرائیل چه‌ندان جار له‌ عێراق بۆردومانى ئه‌و كاروانانه‌یان كردووه‌، كه‌ چه‌ك له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و میلیشیاكانى شیعه‌ له‌ سووریا و لبنان ده‌به‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ى حوزه‌یرانى 2022 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هێزه‌ تایبه‌ته‌كانى ئیسرائیل، چه‌ندان جار بۆردومانى كاروانه‌كانى ئێرانیان كردووه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌، چه‌ندان سه‌رچاوه‌ى باوه‌ڕپێكراو ئه‌و زانیارییانه‌یان ئاشكرا كردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ سه‌ره‌تا ئیسرائیل له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێريى گواستنه‌وه‌ى چه‌كى ئێرانى بۆ حزبوڵاى لبنانى و هێزه‌ میلیشیاكانى تر كردووه‌، بۆیه‌ ساڵانێكه‌ جبه‌خانه‌كانى حزبوڵا له‌ناو ده‌بات، به‌ڵام دواتر فه‌رمانده‌یى سوپاى ئیسرائیلى بڕیاری داوە چیتر چاوه‌ڕوانى بارى چه‌كه‌كان نه‌كات تا ده‌گاته‌ سه‌رچاوه‌ى خۆیان، به‌ڵكو به‌ پێویستى زانیوه‌ له‌ناو خاكى عێراق و سوریا له‌ناوى ببات. 

له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌، ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ى ئیسرائیل ئێرانى ناچار كردووه‌، تا به‌ شێوازى تر چه‌ك به‌ میلیشیاكان بدات، له‌وانه‌ په‌ناى بۆ فڕۆكه‌ یان گواستنه‌وه‌ى ده‌ریایى به‌ستووه‌، جگه‌ له‌مه‌یش ئێران كه‌متر چه‌ك ره‌وانه‌ى سووریا و لبنان ده‌كات، به‌ڵام به‌ كوالێتى باشتر.

به‌ڵام هێشتا به‌رپرسانى سه‌ربازى ئیسرائیل به‌م كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ رازى نیین و پێیانوایه‌ گه‌یشتنى 30% چه‌كه‌كانى ئێرانیش بۆ سووریا و لبنان هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ئیسرائیل.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین