مەسرور بارزانى و بافڵ تاڵەبانى کۆبوونەوە کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ شەممە (11/حوزەیران/2022)، مەسرور بارزانى لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، "بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، پێشوازیمان لە شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز بافڵ جەڵال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرد."

مەسرور بارزانى، لە بەشێکى ترى نووسینەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، "لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان لە گرنگیی پاڵپشتی و پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی کرد بە ئاراستەی زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان. هەروەها تاووتوێی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەمان کرد کە پێویستیان بە چارەسەرە."

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەمان بەوەدا کە حکومەتی هەرێم، کارنامەیەکی چاکسازی هاوبەشی هەیە کە هی هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتە و پێویستە وەک یەک تیم، بە هاوکاری و پشتیوانیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان، کار لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەکە و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەین."

ئەوەش هاتووە، "شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرخستنی کارنامە چاکسازییەکەی و داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان کردەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین