جەمال کۆچەر: تێپه‌ڕاندنى یاساى ئاسایشى خۆراك په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵوێستى كورده‌وه‌ کوردستان- عێراق

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕاندنى یاساى ئاسایشى خۆراك له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌ به‌نده‌ به‌ هه‌ڵوێستى كورده‌وه‌، ئه‌گه‌ر كورد ئاماده‌ نه‌بێت ئه‌وا یاساكه‌ تێناپه‌ڕێت".

بڕیاره‌ سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ى هه‌شتى حوزه‌یرانى 2022 دانیشتنى په‌رله‌مان بكرێت تاكه‌ ته‌وه‌رى دانیشتنه‌كه‌یش یاساى پاڵپشتى راگوزارى ئاسایشى خۆراكه‌، كه‌ به‌و یاسایه‌ پاره‌ بۆ حكومه‌ت دیارى ده‌كرێت. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌و یاسایه‌ دووبه‌ره‌كییه‌كى تووندى ره‌وتى سه‌در و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى له‌سه‌ره‌ و سبه‌یش دوایین رۆژى وه‌رزى یه‌كه‌مى یاسادانانه‌.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، له‌سه‌ر ئه‌گه‌ره‌كانى تێپه‌ڕاندن و یان تێپه‌ڕنه‌بوونى یاساكه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "بێگومان دوو رێگا هەیە، رێگای یەکەم، ئەوەیە دانیشتنێکی لەناکاو بكرێت، کە ئەمە لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەمانە، لە هەر پشوویەکی پەرلەمانتاران دەتوانێت بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو هەبێت بیکات، ئەم یاسایە لە ناوەکەی دیارە یاسای ئاسایشی خۆراکە واتە لە ناکاوە، دەتوانێت بانگێهشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ دانیشتن".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت سه‌رچاوه‌ى دارایى حكومه‌ت چی ده‌بێت؟ جه‌مال كۆچه‌ر له‌ وه‌ڵامدا گوتى، "ئەمە رێگای دووەمە حکومەت پارەی لەبەر دەستە، حکومەت دەتوانێت پارە قەرز بکات تا ئێمە بگەڕێینەوە دوای یاساکە په‌سه‌ند بکەین دواتر پارەی یاساکە بداتەوە، قەرزەکان قەرزێک کە لە (TBI) بانكى بازرگانى عێراق وەردەگرێت، دوای بۆی دەگەڕێنێتەوە".

جه‌مال كۆچه‌ر له‌ لێدوانه‌كه‌ى دووپاتى كرده‌وه‌ سه‌ركه‌وتنى دانیشتنى سبه‌ى به‌نده‌ به‌ هه‌ڵوێستى كورده‌وه‌، ئه‌و گوتى، "بەرای من ئەوە دەکەوێتەوە سەر هەڵوێستی کورد، ئەگەر کورد کۆدەنگ بێت،  ئەگەر کورد خۆی یەکلا بکاتەوە کە پشتیوانی ئەم یاسایە دەکات لەوانەیە تێپەڕبێت، بەڵام ئەگەر کورد ئامادە نەبێت بەڕای من ئەو یاسایە تێناپەڕێت".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین