ئافره‌تانى عێراق داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ماده‌ى 398ى یاساى سزادان ده‌كه‌ن دیمانە و راپۆرت

نوچه‌نێت

به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى، ئافره‌تانى عێراق داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ماده‌ى 398ى یاساى سزادانى عێراقى ده‌كه‌ن، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌ستدرێژى سێكسى. ژنان ئه‌و یاسایه‌ به‌ سووككردنى تاوانى ده‌ستدرێژى ده‌زانن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ یه‌كى حوزه‌یرانى 2022 ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ى ئه‌مریكى راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، ژنان داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ماده‌ى 398ى یاساى سزادان ده‌كه‌ن. راپۆرته‌كه‌ زانیارى ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا ده‌یان تاوانى ده‌ستدرێژى سێكسى "لاقه‌كردن" بۆ سه‌ر ژنان و كچان له‌ بنكه‌كانى پۆلیس و دادگاكان هه‌بووه‌، كه‌چى به‌ ماده‌ى 398 په‌رده‌پۆشكراون.

ماده‌ى 398 سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ سووك ده‌كات
كه‌ ده‌ستدرێژى سێكسى ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژنان 

له‌ ده‌قى ماده‌ى 398 هاتووه‌، ئه‌گه‌ر تاوانبار "ده‌ستدرێژیكه‌ر" ئاماده‌ بێت هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ  تاوانلێكراو بكات، ئه‌وا سزاكه‌ى كه‌م ده‌كرێته‌وه‌" یاسانان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر تاوانبار ئاماده‌ بێت هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ تاوانلێكراو بكات، ئه‌وا سزاكه‌ى له‌ گرتنى هه‌تاهه‌تایى بۆ گرتنى ته‌نیا ساڵێك كه‌م ده‌كرێته‌وه‌.

چالاكوانان قسەیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌م ماده‌یه‌ سزاى تاوانبار كه‌م ده‌كاته‌وه‌، نه‌وه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌یش به‌ڵكو رێگه‌ به‌ پیاو ده‌دات ده‌ستدرێژى بكات، چونكه‌ دواجار ده‌توانێ هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ كچه‌ تاوانلێكراوه‌كه‌ بكات.

تاوانى لاقه‌كردن له‌ چه‌ند ماده‌یه‌كى یاساى سزادانى عێراقى باسى لێوه‌ كراوه‌، له‌وانه‌ له‌ ماده‌ى 393 هاتووه‌ "هه‌ر كه‌سێك بێ ره‌زامه‌ندى ئافره‌ته‌كه‌ له‌گه‌ڵى جووت بێت، ئه‌وا سزاى زیندانى هه‌تاهه‌تاییه‌ یان ماوه‌یه‌كى دیاریكراو ده‌گیرێت" سزاكه‌ تووندتر ده‌بێت ئه‌گه‌رهاتوو ئه‌و كچه‌ ته‌مه‌نى له‌خوار 18 ساڵى بوو، یانیش تاوانبار یه‌كێك بێت له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى تاوانلێكراو یانیش به‌رپرسیارێتى و ده‌سه‌ڵاتى له‌سه‌ر هه‌بێت، یان فه‌رمانبه‌رى بێت یان پیاوى ئاینى و پزیشكى بێت.

هه‌روه‌ها سزاكه‌ تووندتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كه‌ چه‌ند كه‌سێك ئه‌نجامى بدات، یانیش تاوانلێكراو تووشى نه‌خۆشى بكات. حوسێن سه‌عدوون شاره‌زا له‌ یاسا له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌رهاتوو تاوانلێكراو به‌رگرى بكات، یانیش دووگیان بێت، یان په‌رده‌ى كچێنى له‌ ده‌ست بدات، ئه‌وا سزاكه‌ زۆر تووندتر ده‌بێت".

ماده‌ى 398 ژنى قوربانى ناچار ده‌كات
له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ بژیت كه‌ لاقه‌ى كردووه‌

 

وه‌سه‌ن عتابى ژنه‌ پارێزه‌رێكه‌ ره‌خنه‌ له‌ بوونى ماده‌ى 398 ده‌گرێت و ده‌ڵێ، "له‌ عێراق ئافره‌تان لاوازترین بازنه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تین، یاسا رێگرى له‌ فشاركردنه‌ سه‌ر قوربانییه‌كان بكات، نه‌وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كى یاسایى بۆ ئه‌و تاوانه‌ دابنێ". عه‌تابى له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ده‌ڵێ، "به‌م جۆره‌ ژنان ده‌كه‌ونه‌ دوو بژارده‌، ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ لاقه‌ى كردوون، یانیش جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌ عه‌شارییه‌كان".

نور  جه‌بار  كه‌ چالاكوانێكى ئافره‌تانه‌ له‌ عێراق، له‌ لێدوانێكى بۆ حوڕه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى كه‌ كچێكى ته‌مه‌ن 15 ساڵه‌یه‌ ده‌ستدرێژى سێكسى كراوه‌ته‌ سه‌ر. كاتێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ بووه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و ئازاره‌ى كه‌ له‌ لاقه‌كردنه‌كه‌ پێیگه‌یشتووه‌، له‌و كاته‌دا یه‌كێك له‌ براكانى هه‌وڵى داوه‌ بیكوژێت، كه‌چى پیاوانى به‌ ته‌مه‌ن هاتوونه‌ته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ و تاوانباریان رازى كردووه‌ هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ بكات. نور باس له‌وه‌ ده‌كات، "تاوانباره‌كه‌ ته‌مه‌نى 40 ساڵه‌".

عه‌لى روبه‌یعى باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و كچانه‌ى به‌مشێوه‌یه‌ شوو به‌ لاقه‌كه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ خواستى خۆیان نییه‌، به‌ڵكو له‌ژێر فشارى كه‌سوكارییانه‌. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، سه‌فا لامى كه‌ به‌رپرسى مافى مرۆڤه‌ له‌ سه‌ندیكاى پارێزه‌رانى عێراق به‌ لێدوانێكى به‌رگریكارانه‌ له‌و ماده‌یه‌ مشتومڕى وروژاندووه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌دا حوڕه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ هه‌وڵى داوه‌ سه‌فا بدوێنێ به‌ڵام وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه‌.

ماده‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ ئیسلام و ئاینه‌كانى تر نییه‌
 

حوسێن سه‌عدون شاره‌زا له‌ یاسا یه‌كێكى تره‌ له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌رگرى له‌ مانه‌وه‌ى ماده‌كه‌ ده‌كات و پێیوایه‌ ئه‌و ماده‌یه‌ به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێت ئه‌وا جێبه‌جێ ناكرێت، ده‌شڵێ، "زۆربه‌ى تاوانه‌كانى لاقه‌كردن ناگەنه‌ دادگاكان به‌ڵكو له‌ ده‌ره‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن". ئه‌و شاره‌زایه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ره‌زامه‌ندى قوربانییه‌كه‌ له‌ ماده‌ یاساییه‌كه‌ مه‌رجى سه‌ره‌كییه‌، بۆیه‌ مانه‌وه‌ى یاساكه‌ به‌ پێویست ده‌زانێت.

چه‌ندان ساڵه‌ رێكخراوه‌كانى ژنان و مافى مرۆڤ داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌م ماده‌یه‌ ده‌كه‌ن، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت یاساناسانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاراسته‌یه‌ن، له‌ بابه‌تێكى ماڵپه‌ڕى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى عێراق هاتووه‌، "ماده‌ى 398 به‌ مه‌ترسیدارترین پێشێلكارى مافه‌كانى ئافره‌ت داده‌نرێت، سووكایه‌تى به‌ كه‌رامه‌ت و مرۆڤبوونی ئافرەت و مافه‌كانى مرۆڤ ده‌كات. له‌ هه‌مان كاتدا دزێوترین دابونه‌ریته‌ كه‌ ژن ده‌كاته‌ قوربانى و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیشى به‌ حوكمه‌كانى ئیسلام و هیچ ئاینێكی تره‌وه‌ نیه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین