مه‌شعان جبوورى دووركه‌وتنه‌وه‌ى خۆى له‌ سیاسه‌ت راگه‌یاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

مه‌شعان جبوورى كه‌ له‌ لایه‌ن دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراقه‌وه‌ بڕیارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌ندامێتى له‌ په‌رله‌مان بۆ ده‌رچوو، ئه‌مڕۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ى خۆى له‌ سیاسه‌ت راگه‌یاند و ده‌شڵێ، تا ئێستا هیچ شتێكى به‌ فه‌رمى پێنه‌گه‌یشتووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ى ئایارى 2022 مه‌شعان جبوورى كه‌ دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بڕیارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌ندامێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ ده‌رچوو، چه‌ند تویتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ یه‌كێكیان باس له‌وه‌ ده‌كات تا ئێستا به‌ فه‌رمى هیچ بڕیارێكى پێنه‌گه‌یشتووه‌.

جبوورى ده‌ڵێ، "تا ئه‌م ساته‌ هیچ بڕیارێكى نووسراوى دادگاى فیدڕاڵیمان نه‌خوێندووه‌ته‌وه‌ باس له‌ دوورخستنه‌وه‌ى من بكات، بۆیه‌ هه‌ر قسه‌یه‌ك ده‌كرێت ئه‌وا پڕوپاگه‌نده‌ى مێشووڵه‌ى ئه‌لیكترۆنى-برایانى یوسفه‌- ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ كه‌ بۆ دوو رۆژ بڵاوكردنه‌وه‌ى بڕیارى دادگاكه‌ دوا بكه‌وێت، بۆ زانین من له‌ دانیشتنه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بووم، پارێزه‌ریشم نه‌بوو".

"برایانى یوسف" ده‌سته‌واژه‌یه‌كى جبوورییه‌ ئه‌مڕۆ له‌ تویتێكى تریش به‌كارى هێناوه‌، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت مه‌به‌ستى هاوپه‌یمانه‌كانى بێت، جبوورى ده‌یه‌وێ وا نیشان بدات گوایه‌ وه‌ك یوسفى پێغه‌مبه‌ر له‌ لایه‌ن كه‌سه‌ نزیكه‌كانى، زه‌برى به‌ركه‌وتووه‌.

جبوورى ده‌ڵێ، "چوومه‌ ناو دوایین هه‌ڵبژاردن وه‌ك ئاره‌زوویه‌ك بۆ رزگاركردنى وڵات له‌ چه‌پۆكى گه‌نده‌ڵكاران، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ برایانى یوسف و ته‌واوى هاوپه‌یمانان ده‌ستم به‌كار كرد، دركم به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ شوێنى شیاو نییم، بۆیه‌ له‌مه‌ودوا خۆم بۆ كاره‌ تایبه‌ته‌كانم ته‌رخان ده‌كه‌م".

مه‌شعان جبوورى سه‌ركرده‌یه‌كى سوننه‌یه‌ و له‌ چوار خوار په‌رله‌مانتار بووه‌، به‌ڵام دواجار به‌ بڕیارێكى دادگا مافى ئه‌ندامێتى له‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان لێ وه‌رگیرایه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین